Accessibility links

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان باس لە مەترسی تەقینەوەی گەورە دەکات لەناو ئەو هەموو قەیرانەدا


بەپێی راوبۆچونی ئەکادیمیست و شارەزاکان چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیی هەن کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لەمەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵگە وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و ژیانێکی شایستە وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکەن. بەڵام کاتێک قەیرانەکان و گرفتارییە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تێکڕا تێکەڵدەبن بۆ بەرهەمهێنانی فشارێکی نادادوەرانە بۆ سەر ژیانی گشتی و بژێوی ژیانی خەڵک و سەرجەم چین و توێژەکان؛ ئەوکاتانە ئیتر دۆخەکە لەوە مەترسیدارترە کە تەنها بە کۆمەڵێک لێدوانی سیاسی و حیزبی کۆتایی پێبێت.

سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر یوسف محەمەد وێنەیەکی گەورەتر و رونتری ئەو قەیران و گرفتارییانەمان بۆ شرۆڤە دەکات کە پێویستی دەزانێت هەنگاوی رژد لەبارەیانەوە هەڵبهێنرێت.

سەبارەت بەو پرسانەو تێکڕای ئەو قەیرانانە؛ ئاسۆ جەبار بۆ یەکەمینجار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دکتۆر یوسف محەمەددا سازکردووە.

دکتۆر یوسف دەڵێت "کپکردنی پەرلەمان و داخستنی پەرلەمان بۆ داخستنی ئەو پڕۆسەیە بوو کە پەرلەمانی کوردستان شکڵی لەسەر دەگرت، ئەویش نوێنەرایتیکردنی راستەقینەی خەڵکی کوردستان بوو".

هەروەها دەڵێت "پەرلەمان کاری بۆئەوە دەکرد بۆ پەسەندکردنی یاسای سندوقی داهاتی نەوت و گازییەکان، دوائەوەش هەوڵدان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری سامانە سروشتییەکان، پەکخستنی پەرلەمان بۆ ئەمە بوو".

"لەغیابی پەرلەماندا شتێک نەماوە ناوی دیموکراسی بێت"

لەپرسیارێکماندا سەبارەت بەوەی کە بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی و یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی لە حکومەت و پەرلەمان ناکشێنەوە؟ لەبەشێک لەوەڵامەکانیدا دکتۆر یوسف دەڵێت "ئیتر خەڵکی کوردستان پرسیاری ئەوەیان لێدەکات کە بەشدارن لە حکومەتدا، ئایا ئاگاداری نەوتن؟ وە ئەگەر ئاگادارن چۆنە ئەمە؟ ئایا تەحەمولی بەرپرسیارێتی بڕینی موچەی خەڵک و دەستکاریکردنی موچە بەناوی پاشەکەوتەوە دەکەن یان نا؟"

هەروەها دەڵێت "خەڵکی کوردستان پڕ بوون و چاوەڕێی هەڵوێستی جیدی دەکەن لەهەموو لایەک".

سەبارەت بە شکستی رایگشتی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و تاوانبارانی ئابوری د.یوسف محەمەد دەڵێت "لەئەنجامی هەبوونی پەرلەمانەوە، رەنگدانەوەی رایگشتیمان دەبینی لەسەر سیستمی حوکمڕانی لەسەر هەرێمی کوردستان".

"پەرلەمان ئەگەر کارا بێت؛ هەر دۆسێیەک لەو دۆسێیانە دەتوانێت بیکات بە لێپرسینەوە لە وەزیرێک".

"ئەم پڕۆسەیە وادەکات هەموو وەزیرەکان، هەموو حکومەت لە بڵاوکردنەوەی مەلەفەکانیان بترسن".

"لاوازی دادگاکانی ئێمەو نەبوونی سەروەری یاساو نەبوونی دەسەڵاتی یاسا بەسەر بەشێک لە نوخبەی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا کە ئەمە وایکردووە کەمجار ببینین خەڵکانی باڵادەست بچنە بەردەم پەرلەمان، بچنە بەردەم دادگاکان و سزای یاسایی بدرێن".

سەبارەت بەو قەیرانە ئابورییە سەختەی کە خەڵک دووچاری بۆتەوە؛ سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "من بەڕاستی مەترسی تەقینەوەی گەورەی لێدەکەم، ئەم نائومێدییە گەورەیەی کە ئێستا لەناو خەڵکی کوردستاندا دروستبووە؛ نائومێدی لەڕووی سیاسی، ئابوری، هەندێجار لەڕووی ئەمنی، نائومێدی لەڕووی کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانە تێکڕا بوونە قەیرانی قوڵ، ئەبنە هۆی هێنانە کایەی ناسەقامگیری لەداهاتوودا".

هەروەها سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەو بەرپرسیارێتی خەڵک دەڵێت "هێزی پێشمەرگە بە هاوکاری هاوپەیمانان و گەرێلاکانی باکور و پێشمەرگەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە و ئەم جەنگە قورسە وا خەریکە سێبەری نەگلیسی لەسەرمان لادەچێت".

"بەڕاستی خەڵکی کوردستان زۆر هۆشیارانەتر بەرپرسانەتر مامەڵەیان کرد لەم ماوەیەی رابردوودا لەچاو دەسەڵاتداراندا. دەسەڵاتداران شەڕی دآعشیان قۆستەوە بۆ جێگیرکردنی نفوز و دەسەڵاتی خۆیان و مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات".

لەدەرئەنجامدا سەرۆکی پەرلەمان د.یوسف محەمەد دەڵێت "خەڵک توانی سیستمی بەعس تێپەڕێنێت کە ئەنفالی بەسەر کورددا هێنا، کە هەموو لادێکانی هەرێمی کوردستانی سوتماک کرد، سەدان هەزار هاوڵاتی کوردی کۆمەڵکوژ و جینۆساید کرد. ئێمە گەلەکەمان بەسەر ئەو رژێمە وەحشی و ترسناکەدا زاڵ بوو، بەسەر ئەو نائومێدییە گەورەیەدا زاڵ بوو کە دوای ئەنفال هاتەکایەوە، بۆیە من پێموایە سەرەڕای ئەو قەیرانانەی کە ئێستاکە هەن، پێویستە ئومێدەوار بین بە پاشەڕۆژێکی باشتر و کاری بۆ بکەین، ئیرادەمان هەبێت، دڵنیام بە ئیرادەیەکی بەهێز دەتوانین زاڵبین بەسەر ئەم قەیرانانەدا".

لەڕێگەی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن....

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:56 0:00

XS
SM
MD
LG