Accessibility links

ناسنامەى یەکێـک لەو چەكدارانەى شەوى رابردوو لە چەمچەماڵ خۆیان تەقاندەوە


شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە دوو چەكدار كە گومان دەكرێت سەربە داعش بن كەوتنە بۆسەى هێزەكانى ئاسایشەوە لە نزیك گوندى دێلێژەى سەربە قەزاى چەمچەماڵ و هەردوو چەكدارەكە خۆیان تەقاندەوە و كوژران.

مەمەد رەشید بەرێوەبەرى ناحیەى سەنگاوى سەربە قەزاى چەمچەماڵ ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"دوو چەكدارەكە یەكێكیان خۆى تەقاندووەتەوە و ئەویتریان تەقینەوەى نێو ئۆتۆمبێلەكەى خۆیانى پێدا تەقیوەتەوە و كوژراون."

وتیشى"چەكدارەكان یەكێكیان كوردە و ناوى سەباح سدیقە و خەڵكى ناوچەى ئاغجەلەرە و ئەمیرى داعش بووە ، بەڵام ئەویتریان نەناسراوەتەوە."

بەپێى وتەى بەرێوەبەرى ناحیەى سەنگاو ، ئەو دوو چەكدارەى شەوى رابردوو كوژراون لەوانەن كە لەسنورى كەركوك چەندین كارى تاوانكارانەى وەكو كوشتنى شۆفێرى تاكسى و تاوانى ترى جۆراو جۆریان ئەنجامداوە.

بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا ، چەكدارەكان ئۆتۆمبێلێكى جۆرى ئۆپڵیان پێبووە و لەكاتى كەوتنە بۆسەى هێزە ئەمنیەكان دا یەكێكیان خۆى تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە چەند كارمەندێكى ئاسایش برینداربوون.

دەربارەى ئەوەى ئەو دوو چەكدارە لەكوێوە رۆیشتونەتە سنورى سەنگاو ، مەمەد رەشید وتى"دوو چەكدارەكە لە خورماتووەوە دزەیانكردوەتە سنورى چەمچەماڵ و ویستویانە بەرەو جێگەى تر برۆن بۆ خۆ حەشاردان."

جگە لەو دوو چەكدارەى شەوى رابردوو كوژراون ، چەند كەسێكى تر بەتۆمەتى داعش بوون دەستگیركراون لەو ناوچەیە كە تێیاندایە لەئەوروپا گەراوەتەوە.

زانیاریەكان ئاماژەبەوەش دەكەن 5 كەسى تر كە تۆمەتبارن بەهەبوونى پەیوەندى لەگەڵ داعش و چەكیان پێ‌ یە خۆیان گەیاندووەتە زۆنگاوەكانى رووبارى سیروان ،

كە ئەو 5 كەسە خەڵكى گەرمیانن و دوانیان پێشتر پێشمەرگە بووە.

ئەحمەد نادر بەرێوەبەرى ئاسایشى قەزاى چەمچەماڵ ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەوانەى گەرمیان كە بینراون لەگەڵ ئەوانەى چەمچەماڵ هەموویان داعش و پەیوەندیان لەگەڵ یەك هەیە."

قەزاى چەمچەماڵ نزیكەى 50 كم دەكەوێتە رۆژهەڵاتى شارى كەركوكەوە و ئەو قەزایە لەبنەرەتدا سەر بە پارێزگاى كەركوكە، بەڵام لە ئێستادا ئیدارەكەى سەربە پارێزگاى سلێمانى یە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:18 0:00

XS
SM
MD
LG