Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردسـتانی عێراق


زیاتر لە 9 مانگە هەرێمی کوردسـتانی عێراق بە ڕەوشێـکی سیاسی ناهەمواردا تێپەڕدەبێت و هەتا ئێسـتا هیچ هەنگاوێـکی ڕژد نەنراوە بۆ ئاسایی‌کردنەوەی دۆخەکە.

هەرچەندە کێشەکان شێوازێـکی یاسایی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشەی نێوان حزبەکانن. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردسـتان کە لە بزوتنەوەی گۆڕانە پـێداگیری دەکات کە دەبێت لە پەرلەمان بڕیار بدرێت لەسەر ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردسـتان، بەو پـێـیەی هەردوو خولی سەرۆکایەتی خۆی تەواوکردووە و هەروەها دوو ساڵیشی بۆ درێژکراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان کە لە پارتی دیموکراتی کوردسـتانە لە بەرامبەر ئەم هەوڵە هەموو وەزیر و کاربەدەسـتانی باڵای گۆڕانی لە حکومەتەکەی دەرکرد و لەگەڵ ئەوەش هێزێـکی پارتی لە 12 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ڕێگەیان لە سەرۆکی پەرلەمان گرت لەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان تاوەکو ڕێگە لەو هەوڵەی بگرن. سەرئەنجام پەرلەمان ئیفلیج بوو، حکومەت وەکو حکومەتێـکی هاوبەش نەما و تەنانەت زۆرێکیش هەن بە نایاسایی دایدەنێن، بەو پـێـیەی وەزیرەکان لە پەرلەمانەوە پەسەندکراون و دەبێت هەر لە پەرلەمانیشەوە بڕیاری لابردنیان پەسەندبکرێت.

ئەم ڕەوشە مەترسی دووبارەبوونەوەی دوو ئیداریی لە هەرێمەکە هێناوەتەوە ئارا کە هەرچەندە هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئەو هەرێمە یەک ئیدارەیەکی ڕاستەقینەی بەخۆیەوە نەدیوە و بەڵگەش بۆ ئەمە زۆرن، هەر لە دەسەڵاتی ناو شار و شارۆچکەکان هەتا دەگاتە سەر پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لایەنە کوردیـیەکانی پارچەکانی دیکە.

پـرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ناکۆکیـیەکان گەیشتوونەتە خاڵێـکی چەق‌بەستوو کە ناتوانن ئەم حزبانە کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن؟

لایەنەکانی دەرەوەی ناکۆکیـیەکان وەکو پـێویست ڕۆڵی خۆیان بینیوە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە؟

بۆچی وڵاتانی دۆستی هەرێم ڕۆڵی خۆیان نابینن بۆ کۆتایی‌هێنان بەم ڕەوشە؟ بە هاوشێوەی ئەوەی چۆن لە پـێکهێنانی حکومەتەکەی عەبادی کە فشار خرایە سەر لایەنە کوردیـیەکان بۆ قایل بوون بەو حکومەتە.

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی دبرد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
ئەبو بەکر هەڵدنەیی ، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردسـتان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردسـتانی عێراق و ئەندامی سەرکردایەتی.
شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردسـتان.
مەجید سـاڵح، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردسـتانی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:21 0:00

XS
SM
MD
LG