له سنووری قه‌زای چۆمان شه‌ڕ ده‌كه‌وێته نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی گوندی شێركاوه و دێگه، له ئه‌نجامدا ئه‌ندامێكی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان كه سه‌ر به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو به ناوی شێخ فه‌تاح دێگه‌یی ده‌كوژرێت و تەرمەکەشی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری ده‌كرێت.
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری په‌رله‌مانی كوردستانیش پێی وایه باشترین چاره‌سه‌ر بۆ بنه‌بڕكردنی ئه‌و كێشانه‌ی له سه‌ر زه‌وی و زار درۆست ده‌بن خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئه‌و پرۆژه یاسایانه بكرێت كه له په‌رله‌مان كارمان له سه‌ر كردووه چونكه ده‌ستی هه‌موو كه‌سێك ده‌به‌سترێ له گه‌وره‌وه هه‌تا بچووك و هاووڵاتی.
عه‌بدولواحید گوانی قایمقامی قه‌زای چۆمان بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا به‌م شێوه‌یه باسی رووداوه‌كه ده‌كات و دەڵێت دوو بنه‌ماڵه له گوندی شێركاوه و دێگه كێشه‌یان هه‌بووه له‌سه‌ر زه‌وی دوای ئه‌وه‌ی كه هه‌ردوو لا چوونه‌ته سه‌ر زه‌وی بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکبکەون، به‌ڵام بووته ده‌مه‌قاڵێـیان و ته‌قه‌یان له یه‌كتر كردووه و تێیدا دوو كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه و شه‌شی تریش برینداربوون یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه گیانی له ده‌ستداوه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی خولی پێشووی كوردستانه له‌سه‌ر لیستی زه‌رد به‌ناوی شێخ فه‌تاح نه‌قشبه‌ندی له‌گه‌ڵ برازایه‌كی خۆی.
له لایه‌كی تر غه‌ریب پێنجوێنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى و گه‌شتوگوزار بۆ ده‌نگی ئەمەریکا ووتی: كه‌یستی زیاده‌ڕه‌وی له‌سه‌ر موڵكی گشتی به تایبه‌ت بواری زه‌وی و زار ئاڵۆزترین كه‌یسه له كوردستاندا كه ڕه‌گێكی مێژوویی هه‌یه له چه‌ند ساڵی رابردووی ده‌سهه‌ڵاتداریه‌تی كوردی ئه‌م كێشه‌یه دروست بووه به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه ئه‌وان ئاوه‌كه‌یان ڕشتووه ئینجا هاووڵاتیانیش پێیان تێخستووه، ئه‌گه‌ر به‌رپرسه باڵاكان ده‌ست نه‌به‌ن بۆ موڵكی گشتی و زه‌وی و زار ئه‌وا هاووڵاتیانیش ئه‌وه ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌م جۆره بڕوات ئاگر چوون به پۆۆشی ووشك به‌ر ده‌بێت كوردستان یه‌ك پارچه هه‌مووی داگیر ده‌كرێت و ئێستاش به‌ره‌و ئه‌وه رۆیشتووه، به‌هه‌ر شوێنێكی كوردستان گوزه‌ر ده‌كه‌ی له نێوانی شاره‌كاندا هه‌ست ده‌كه‌ی هه‌مووی ته‌لبه‌ند كراوه، باشترین چاره‌سه‌ریش ئه‌و یاسایانه‌ن كه له په‌رله‌مان كارمان له سه‌ر كرد و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه و ڕاپۆرتی لیژنه‌كانی له سه‌ر نوسراوه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی ماوه خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت و بكرێت به یاسا له‌وه باشتر هیچ چاره‌سه‌رێك نیه چونكه ده‌ستی هه‌ر كه‌سێك ده‌به‌ستێ له به‌رپرسی گه‌وره‌وه هه‌تا بچوک و هاووڵاتی.
لای خۆیه‌وه ئاسایشی چۆمان گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوه‌كه و شەڕەکەی کۆنترۆڵکردووته‌وه، له ئێستادا شه‌ڕی هه‌ردوو بنه‌ماڵه کۆتایی هاتووە و تۆمەتبارەکانیش هەڵاتوون و له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.