Accessibility links

دوا هەڵوێستی لایەنەکانی هەرێمی کوردسـتان لەسەر مەسەلەی سەرۆکایەتی


هێشتا لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی کوردسـتانی عێراق وەڵامی پێشنیازەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان نەداوەتەوە لە بارەی مانەوەی مەسعود بارزانی لە پـۆستی سەرۆکی هەرێم هەتا كۆتایی ئەم خولەی پەرلەماندا.

پێشنیاری مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەیدا بۆ 2 ساڵی تر تەنها چارەسەری پارتیە بۆ كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم ، ئەگەرچی لایەنەكان دەڵێن وەڵامی پێشنیارەكەی پارتیمان نەداوەتەوە، بەڵام ئەبوبەكر عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی لە پێگەی تایبەتی خۆی دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند" لایەنەكان ڕازیبوون بە داواكاریەكەی پارتی بۆ مانەوەی سەرۆكی هەرێم لە پۆستەكەیدا هەتا 2 ساڵی دیكە.

بەڵام لە بەدواداچونێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان ڕەتی دەكەنەوە كە هەتا ئێستا وەڵام و بڕیاری فەرمی و كۆتاییان لەو بارەیەوە هەبێت.

هەڵوێستی هەتا ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان لە زاری محەمەد تۆفیق ڕەحیم بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپـلۆماسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، " هێشتا هەتا ئێسـتا بەس باس لەوە کراوە کە سیستەم دەبێت بگۆڕدرێت و سیستەم لە هەرێمی کوردسـتاندا دەبێت ببێت بە سیستەمێـکی پەرلەمانی. باسی ئەوە نەکراوە کێ ئەمێنێتەوە یان کێ نامێنێتەوە."

یەكێتتی نیشتمانی كوردستانیش هەمان هەڵوێستی پێشووی هەیە، لەو بارەیەوە عیماد ئەحمەد بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند"ئێمە پـێمان باشە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەمواربکرێتەوە و سیستەمەکە بـبێتە سیستەمێـکی پەرلەمانی و سەرۆک لە ناو پەرلەمان دەسـتنیشانبکرێت و هەڵبژێردرێت."

تەنها 15 ڕۆژ ماوە بۆ كۆتایی‌هاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەتا ئێستا لایەنەكان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن چ لەپەرلەمان و چ لە كۆبوونەوە سیاسیەكان و لەو ژوورە عەمەلیاتەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێكیهێنابوو.

لایەنەكان ئەم پرسە بە قەیرانێكی تر ناودەبەن، هاوشێوەی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و هێرشی توركیا بۆ سەر پەكەكە.

ئەبوبكر هەڵەدنی سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند "ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن، ئەوا قەیرانێكی تر دروست دەبێت."

پارتیش هێشتا بەو هیوایەیە كە لایەنەكان ملكەچی ئەمری واقیع بن و ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ جارێكی تر درێژبكەنەوە.

دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری ئەو حیزبە بۆ دەنگی ئەمەریكای وت" وەڵامێـکی کۆتایی لە لایەن هیچ کەس و لایەنێـکەوە نیـیە و هەموو دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت ڕێکەوتن لەسەر ئەم پـرسە بکرێت."

نە پارتی و نە لایەنەكانی دیكەش نەیانوتووە ئەگەر ئەو سیناریۆیە جێ بەجێ بوو پارتی لە بەرامبەردا چی بۆ لایەنەكان دەكات.

درێژەی ڕاپـۆرتەکە لەم فایلە دەنگیـیەدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:53 0:00

XS
SM
MD
LG