Accessibility links

کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر پرسی ژنی کورد


"پەیامی من ئاشتکردنەوەی نێر و مێیە،" ئەمە لێدوانی ئەستێرە کەریم بوو بۆ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە چالاکیـیەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان.

ئەستێرەی تەمەن 38 ساڵ لەدایکبووی شاری سلێمانی یە و ئێستا دانیشتوی وڵاتی سویدە. هەرچەند ئەو پێشتر پێشکەشکار و ڕۆژنامەوان بووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی لە ڕێگەی دەرکەوتنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بووەتە جێی سەرنجی هاوڵاتیانی کورد.

ئێستا ئەو خۆی بە تێکۆشەرێکی مافی ئافرەتان دەزانێت و دەڵێت "من تاکە ژنم لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو وەک دایک بە کچانم وتووە چۆن ڕەفتار بکەن."

ئەستێرە کەریم
ئەستێرە کەریم

ئەستێرە تەنیا ئافرەتی کورد نییە کە هەوڵیداوە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بەکاربهێنێت بۆ گوزارشت لە خۆی. لەگەڵ پێشکەوتن و تەشەنەکردنی ئەم هۆکارانەی پەیوەندی، دەیان ژنی کورد تۆڕەکانی وەک فەیسبووک، ئینستەگرام، یوتوب، وە تێلیگرام دەخەنە خزمەتی بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانیان و پەرەپێدانی چالاکیـیە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەریـیەکانیان.

هاوکات لەگەڵ فراوانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان، کاربەدەستان ئاماژە دەکەن بە سەرهەڵدانی توندوتیژی خێزانی بەهۆی تۆڕەکان و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر چالاکوانان و کەسایەتیە ناسراوەکانی ژنان. بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان، لە کۆی 501 تاوانی ئەلیکترۆنی کە لە ساڵی 2018 وە تۆمار کراون، 96 کەیسیان تەنیا لە 6 مانگی یەکەمی 2021 بوون.

گوزارشت لە ئازادی

دەشنێ موراد، هونەرمەند و چالاکوانی مافی مرۆڤ، دەربارەی دەرکەوتنی ئافرەتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دەڵێت، "ژن بە هەموو ڕەنگەکانیـیەوە جوانە."

دەشنێ ئاماژەی بەوەدا کە ژنان گوزارشت لە ئازادی خۆیان دەکەن کاتێک لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیـیەکان "خوو دەدەنە جەستەی خۆیان و مۆدە." بەڵام ئەو پێی وایە کە "ژنێک خۆی هات و خۆی خاوەن جەستەی خۆی بێت، ئینجا بێت بە شێوەیەک نمایشی بکات لە سۆشیال میدیا لەپڕ دەخرێتە قاڵبی شەرمەوە."

دەشنێ موراد
دەشنێ موراد

دەشنێی تەمەن 35 ساڵ پێشتر لە ئەوروپا کاری ڕاگەیاندنی کردووە و ئێستا دانیشتوی شاری هەولێرە. ئەو پێیوایە کە سەرەڕای فراوانبوونی مەودای ئازادی ژن بە هۆی ئامرازەکانی پەیوەندی، لە ژێر سایەی "میدیای پیاواندا" هەندێک لە ئافرەتان وایان لێدەکرێت کە "زیاتر بیرنەکەنەوە و تەنها نمایشی خۆیان بکەن."

کوێستان موحەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، پێی وایە کە کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دوولایەنە: "لایه‌نێکی، به‌داخه‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک که‌سه‌وه‌ خراپ به‌کارهێنانی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کانە، جارێک به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر ژنان له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کان، جارێکی تر ماوه‌یه‌که‌ په‌لامارێک هه‌یه‌ بۆ هاککردنی فه‌یسبوکی چالاکوانانی ژنان، وه‌ جارێکی تر به‌وه‌ی که‌ که‌سێکی نه‌فس نزم خانمێک هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و وێنه‌کانی وه‌رده‌گرێت که‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین ژن توشی توندوتیژی بوونه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان."

کوێستان موحەمەد
کوێستان موحەمەد

بەڵام ئه‌گه‌ر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بەباشی به‌کاربهێندرێن، ئەو وەزیرە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە " ژنان له‌ ڕێی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کانه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست ببه‌ستن و ده‌توانن خۆیان پێ بگه‌یه‌نن له‌وه‌ی که‌ بگه‌ن به‌ کۆمه‌ڵێک زانیاری."

توندوتیژی بە پاساوی "شەڕەف"

ساڵانە لە هەرچوار هەرێمە کوردیـیەکان چەندین ژن ڕوبەڕوی تووندوتیژی و کوشتن دەبنەوە بە هۆکاری جیاواز، کە دیارترینیان بریتییە لە پاساوی "شەڕەف."

بە گوێرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ لە ناوچە کوردیـیەکانی تورکیا 23 ژن کوژراونو 13 ژن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و 20 ژنیش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر. لە کوردستانی ئێران، بەپێی ئامارە نافەرمیەکان کە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا کەوتون، لە 8 ی مانگی سێی 2020 تا 8 ی مانگی سێی 2021 بەلانی کەم 25 حاڵەتی کوژرانی ژنان لەو هەرێمە ڕوویانداوە و لەم نێوانەدا 7 حاڵەت بە شێوەی دیاریکراو "قەتڵی نامووسی" بوون. بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست کەناڵی ڕووداو کەوتون لە ڕێگەی سەنتەری مافی مرۆڤ لە جەزیرەی "ڕۆژئاوا"، تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 6 حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان و 6 کوشتنی بەمەبەست تۆمارکراون.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، تەنیا لە 6 مانگی ئەم ساڵ 19 حاڵەتی کوشتنی ژنان، 43 خۆکوشتن، 40 خۆسوتاندن و 67 گێچەڵی سێکسی تۆمارکراون. کۆی گشتی سکاڵاکان لە هەرێمی کوردستان 5836 کەیس بووە.

سەرەتای ئەم مانگە، لە قەزای سۆران، سەر بە پارێزگای هەولێر، بە گوێرەی ئاژانسی کوردستان 24، پیاوێک ژنەکەی لە خانوو فڕێدایە خوارەوە دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لە نێوانیان.

پێشتر و لە مانگی چوار، کوشتنی ئافرەتێکی 21 ساڵان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی لە هەولێر دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لە کاردانەوەی ڕووداوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "ھیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە، ئه‌مه‌ دەبێت کۆتایی پێ بێت. وه‌زیری ناوخۆم راسپاردووه‌ بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی تۆمه‌تبار بە سزای خۆی بگات."

سەبارەت بە ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، کوێستان موحەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند‌ پەتای کۆرۆنا، قه‌یرانی دارایی، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، وە زیادبوونی وشیاری ژنان بە گشتی بەرپرسن لە بەرزبونەوەی ژمارەکان.

ئەو وەزیرە ڕایگەیاند، "به‌ درێژایی مێژوو توندوتیژی هه‌بووه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وشیارییه‌ نه‌بووه‌، سکاڵایان تۆمارنه‌کردووه‌ و نه‌چونه‌ته‌ داموده‌زگاکان. به‌ڵام ئێستا ئه‌م وشیارییه‌ وایکردووه‌ که‌ ژنان له‌سه‌ر مافه‌کانی خۆیان بێنه‌ وه‌ڵام و په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ هێڵی گه‌رمی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ و له‌ دادگاکانه‌وه‌ سکاڵا تۆمار بکه‌ن."

هێڵی گەرم لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان ژمارە 119 یە و لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بەم ژمارەیە دەتواندرێت داوای هاوکاری بکرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی خێزانی. بە گوێرەی ئەم بەڕێوبەرایەتیـیە، وەرگرتنی ئەم پەیوەندییە بێ بەرامبەر و بە نهێنیە.

هێرشی ئەلیکترۆنی دژ بە چالاکوانانی ژن

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی باڵای خانمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە 12 ی ئەم مانگە لە هەولێر ڕایگەیاند کە ژنانی چالاکوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان ڕوبەڕوی فشار و هاککردنی بێشومار بوونەتەوە. لە کۆنگرەکەدا، کوردە عومەر، بەڕێوبەری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ڕایگەیاند کە 75-80 % لە کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانە.

کوردە عومەر لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان "بە داخەوە، بەداخەوە، بوونەتە چەکێکی کوشندە بۆ ژنان و پیاوان."

كورده‌ عومه‌ر
كورده‌ عومه‌ر

ئەو پێداگری کرد لەسەر پێویستی کردنەوەی بەشی تاوانە ئەلیکترۆنیـیەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە بەڕێوبەرایەتیـیەکەی لەگەڵ ڕێکخراوی UNPF کاردەکات بۆ دامەزراندنی بەرنامەیەکی مۆبایل (ئاپ) کە لە ڕێگەیەوە ئەو هاوڵاتیانەی ڕوبەڕوی توندوتیژی بوونەتەوە ڕاستەوخۆ دەتوانن داوای هاوکاری بکەن و زانیاری وەرگرن لەسەر سەرچاوەکانی یارمەتی دژ بە توندوتیژی خێزانی.

کوردە عومەر ڕایگەیاند، "بە ئومێدی ئەوەین ئەو ئاپەش یارمەتیدەری ئەو کەسانەبێت کە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە ڕوبەڕوی گێچەڵ دەبنەوە یان بێزاردەکرێن یان کێشەیان بۆ دروست دەکرێت. ئێستا لە قۆناغی دەستپێکردنی ئەو ئاپەین."

ئەستێرە کەریم یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان ڕوبەڕوی هەڕەشە و هاککردن بۆتەوە. سەرەڕای فشارەکان، ئەو دەڵێت کە بە شێوازی دەرکەوتنی دەیەوێت گۆڕانکاری لە کۆمەڵی کوردیدا دروست بکات بە "جیاکردنەوەی ژن و ژان."

ئەستێرە بە متمانەوە ستایشی شێوازی دەرکەوتنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان کرد و ڕایگەیاند، "بەڵێ بڕوام پێیەتی چونکە ئەنجامەکەی ئەبینم لە پاش ٥ ساڵ کە کاریگەریەکی زۆر باشی هەبووە. هەموو شێوازێک لەگەڵ تاکی کورد تاقی کرایەوە بە نووسین بە شیعر بە مەلا بە کۆڕ و سیمینار هیچی نەیخوارد. کلیلی گۆڕانکاری لە تاک لای منە."

ڕێکخراوەکانی ئافرەتان

دوای ساڵی 1991 و دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، حوکمی، حیزبی، و بێلایەن هاتنەکایەوە بۆ پەرەدان بە مافی ئافرەتان. له‌ ناو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان "سێکوچکه‌" یەکی دامودەزگایی هه‌یه‌ بۆ پرسی ژنان که‌ پێکدێت لە ئه‌نجومه‌نی خانمان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، و وه‌زاره‌تی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.

سەبارەت بە کارەکانی ئەم سێ لایەنە، کوێستان موحەمەد ڕایگەیاند کە هه‌ماهه‌نگی پێکه‌وه‌یی و "کاری باش" هەیە بە مەبەستی داڕشتنی بەرنامە بۆ پرسه‌کانی ژنان و به ‌تایبه‌ت بۆ بابەتی توندوتیژی.

ئەو ڕایگەیاند، "دواجار ئه‌و ژنانه‌ی که‌ توندوتیژیان له‌سه‌ره‌ و کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌ دێنه‌ لای ئێمه‌ له‌ شێڵته‌ره‌کان لای ئێمه‌ ده‌پارێزرێن، وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان ده‌درێت، پارێزه‌ریان بۆ ده‌گرین بێ به‌رامبه‌ر و ده‌یانبه‌ینه‌وه‌ ناو خێزانه‌کانیان."

دەربارەی کاریگەری ڕێکخراوەکانی ژنان، کوێستان موحەمەد دەڵێت ئەوان بە گشتی دکرێت پۆلێن بکرێن بۆ‌ دوو به‌ش: "به‌شێکیان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ خزمه‌تی ژناندا بوون و کاری باشیان کردووه‌، به‌شێکیشیان ئه‌جێندای حیزبە سیاسیه‌کانیان جێبه‌جێ کردووه‌."

هەر لە بارەی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، دەشنێ ئاماژەیکرد کە سەرەڕای دابەشبوونەکان "ژنان بە گشتی گەشەیەکی زۆرباشیان کردووە و ئێمەی ژن لە یەکتری نزیکبووینەتەوە.

ئەو پشتگیری پیاو بۆ داواکاری مافەکانی ژن بە لاوازی دەبینێت و دەڵێت، "هەرکە قسە لەگەڵ پیاوێک دەکەین توڕە دەبێت چونکە وادەزانن ئیشەکانی ئێمە بۆ هێرشکردنە سەر پیاوە."

بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەکان، دەشنێ بە دوری دەبینێت ژنان پاشەکشە بکەن لەو پێشکەوتنانەی بەدەستیان هێناوە لە هەرێمی کوردستان.

ئەو بە متمانەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک ناچمە دواوە هەتا نیوەی ئەو دەسەڵاتە دەدرێت بە ژن لە هەموو بوارەکانی سیاسەت، یاسا، کۆمەڵایەتی و ئابوری. دەبێت نیوەی ئەو دەستەڵاتە بدرێت بە ژن ئینجا ئێمەی ژن ئەو هێرشەمان هێواش دەکەینەوە."

خەدیجە فارقین لە ئامەد (دیاربەکر) هاوکاری ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەی کردووە.

XS
SM
MD
LG