Accessibility links

پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان


ئۆفیسی جێگیری سەرۆکی ئەمەریکا پاش نێوەڕۆی سێشەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

ئۆفیسەکە لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت:

مایک پـێنس جێگری سەرۆک ئەمڕۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆک بارزانی و پـێنسی جێگری سەرۆک وتووێژیان کرد سەبارەت بە ڕەوشی ئاسایش لە باکوری عێراق، لەوانە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچە جێناکۆکەکان و ڕێگەدان بە گەڕانەوەی عێراقیـیەکان، لەوانە خەڵکی کەمینە ئاینی و نەژادیـیەکانی بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون.

پـێنسی جێگری سەرۆک ستایشی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دابینکردنی پەناگە بۆ ئەو خەڵکە سیڤیلەی ئاوارەبوون و هەروەها بۆ پـێشەنگیکردنی هەوڵەکانی عێراق لە پاراستنی ئەو خەڵکەی زیانیان پـێکەوتووە لە ئەنجامی شەڕەکانی ئەم ساڵانەی دوایی. هەردوو ڕێبەر ئاماژەیان بۆ سەرەتای ئەم مانگە کرد کە پـێنجەمین ساڵیادی پەلاماری دڕندانەی داعش بوو بۆ سەر خەڵکی ئێزیدی شەنگال وە بەڵێنیان دا هاوکاربن بۆ ڕێگریکردن لە هەر سەرهەڵدانەوەیەکی داعش.

پـێنسی جێگری سەرۆک جەختیکردەوە سەر نیگەرانی ئەمەریکا لە بەرامبەر بەردەوامبوونی لاوازکردنی ئاسایش و سەروەری عێراق لەلایەن ملیشیاکانی ئێران پاڵشتیان دەکات. گوتیشی ئەمەریکا تاووتوێی هەنگاوی دیکە دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی ئەو گروپانە. ئاماژەی بۆ بڕیاری 18 ی مانگی حەوتی ئەمساڵی ئەمەریکا کرد کە بەپـێی یاسای Global Magnitsky سزای سەپاندووە بەسەر ڕێبەرانی ئەو میلیشیایانەی بەرپـرسبوون لە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە باکوری عێراق.

سەرۆک بارزانی و پـێنسی جێگری سەرۆک باسیان لە بەرەوپـێشچوونی وتووێژەکانی ئەم دوایـیانەی نێوان کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد وە جێگری سەرۆک گوتی ئەمەریکا پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکات، لەوانە کێشەی بودجە و فرۆشتنی نەوت. هەردوو ڕێبەر هەروەها باسیان لە دەرفەتەکانی زیاترکردنی هاوبەشی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کرد، لەوانە لە بواری ئابوری و ئاسایشی.

XS
SM
MD
LG