Accessibility links

چەند سەرچاوەیەک: تورکیا بەشێـک لە هێزەکەی لە باکوری عێراق کشانۆتەوە


بەپـێی چەند سەرچاوەیەک تورکیا بەشێـک لە هێزەکەی لە نزیک شاری موسڵی باکوری عێراق کشانۆتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ڕووبەڕووی ناڕەزایـیەکی توند بووەوە لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراق.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی فەرمی دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی لەشکری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە نزیکەی 10 بۆ 12 ماشێنی لەشکری کە لە بنکەی لەشکری نزیک ناوچەی زیلکانی موسڵ جێگرکرابوون کشێنراونەتەوە.

هاوکات سالم شەبکی ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەشکری تورکیا کشاونەتەوە و تەنها ڕاهێنەرانی لەشکری ماونەتەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی ناسراو بە " حەشدی وەتنی".

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت گەواهدەران لە پارێزگای دهۆک گوتویانە ماشێنی لەشکری تورکیایان بینیوە بەرەو سنوور ڕۆیشتوون.

جێی ئاماژەیە عێراق بە فاەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد بەوەی سەروەری خاکەکەی پـێشـێلکردووە.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ڕۆژی هەینی لە وتارێـکیدا گوتی هەموو ڕێگەیەکی یاسایی دەگرنەبەر بۆ وەدەرنانی هێزەکانی تورکیا لە عێراق. گوتیشی جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێـکی دیکە هێزی زرێپـۆشی لە عێراقدا نیـیە.

XS
SM
MD
LG