Accessibility links

یازدەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە لە شاری سلێمانی کرایەوە


لە شاری سلێمانیدا یازدەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە بەرز ڕاگیرا و خەڵاتی ئەمساڵی سۆرانی مامە حەمە پێشکەش بە سێ کەسایەتی کرا.

لە شاری سلێمانی و لە ڕێوڕەسمێکدا کە گۆڤاری لڤین ڕێکیخستبوو و تێیدا چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان و بنەماڵەی سۆرانی مامە حەمە تێیدا ئامادەبوون، یادی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو بەرز ڕاگیرا و لەگەڵ خوێندنەوەی چەندین شیعر و لاواندنەوە، خەڵاتی یازدەهەمین ساڵیادی سۆرانی مامە حەمە پێشکەشکرا بە هەریەک لە لەیلا گیوڤەن، ئەندامپەرلانی پارتی گەلان لە تورکیا و دکتۆر چۆمان هەردی، نووسەر و شاعیر و فەریق هەڵەبجەیی، ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر.

فەریق هەڵەبجەیی، یەکێک لە وەرگرانی خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە سۆران کرد و وتی "ئەو مرۆڤێکی هەست ناسک بوو و حەزی لە نووسینی شیعر بوو، بەڵام بوونی گەندەڵی و نادادی لە هەرێمی کوردستاندا ئەوی پەلکێش کرد لەسەر گەندەڵی قسە بکات و ئەوەش بووە هۆکاری تیرۆرکردنی."

لە مەراسیمەکەدا خێزانی سۆرانی مامە حەمە ئامادەبوون و فەرمانی مامە حەمە، برای سۆرانی مامە حەمە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "ئێستا سۆران بووەتە سیمبولی ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا."

هەروەها وتیشی "کەیسی سۆرانی مامە حەمە هەتاکو ئێستا لە دادگادا هیچ بەرەوپێشچوونێکی بە خۆوە نەدیوە و بەو شێوەیە ماوەتەوە."

سۆرانی مامە حەمە ڕۆژنامەنووسێکی چالاکی گەنج بوو کە زیاتر لەسەر گەندەڵی و نادادی ئەینووسی و لە بەرواری ٢١\٧\٢٠٠٨ و لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا لە بەردەم مالەکەی خۆیدا لە گەڕەکی شۆریجەی شاری کەرکووک تیرۆرکرا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:32 0:00

XS
SM
MD
LG