Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێک لە سلێمانی: لە کاتی ڕوماڵکردنی هەڵبژاردنەکان هێرش کراوەتە سەرم


سیروان غەریب سەرنووسەری ماڵپەڕی وێستگەنیوز

ڕۆژنامەنووس سیروان غەریب سەرنووسەری سایتی وێستگەنیوز لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە کاتی ڕوماڵکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری سلێمانی لەلایەن چەند پاسەوانێکی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیەوە هێرش کراوەتە سەری.

لای خۆیەوە عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ژیار محەمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند زانیارییەکان بەو شێوەیە بەمن گەیشتووە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە باجی کۆمسیۆن و ڕۆژنامەوانی پێ نەبووە لە کاتێکدا بڕیارێکی کۆمسیۆن هەیە کە ڕێگە نادات ڕۆژنامەنووسان بچنە ناوەوە بۆ بنکەکانی دەنگدان.

ڕۆژنامەنووس سیروان غەریب ئەوەشی وت پاش ئەوەی پاسەوانەکان مۆبایلەکەیان لێسەندووە سەیریان کردووە تا دڵنیابن لەوەی وێنەی دەنگدانی تێدا نیە، ئەمەش لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووس تەنیا بۆ کاری ڕوماڵکردن و وێنەگرتن دەچێت بۆ بنکەکانی دەنگدان. دەشڵێت ڕێکخەری بنکەی دەنگدانەکە هاتووە بە هانامەوە و مۆبایلەکەیان بۆ گێڕانۆتەوە.

سەرنوسەری وێستگە نیوز ئەوشی وت باجی مۆڵەت پێدانی کۆمسیۆن و هەروەها باجی ڕۆژنامەوانی وەک سەرنووسەری وێستگە نیوز لە ملدا بووە و پیشانی ئاسایشەکانی داوە، بەڵام ئەوان لە دوای ئەوەش هەر هێرشیان کردووەتە سەری.

سیروان وتیشی" بریندار نەکرام بەڵام خستیانم بەزەوییەکەدا و لە خۆڵەکە گلام، و سوکایەتیم پێکرا."

هەروەها وتی جگە لە کۆمسیۆن چووەتە بنکەی پۆلیسی سەرچنار و سکاڵای لەسەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی تۆمارکردووە.

بەڵام عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت بڕیارێکی کۆمسیۆن هەیە کە نابێت ڕۆژنامەنوس بچێتە ناو بنکەکانی دەنگدان، وە وەک بەویان ڕاگەیاندووە ئەو ڕۆژنامەنووسە هیچ باجێکی ڕۆژنامەوانی پێ نەبوو.

عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی
عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی

لە بارەی ئەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت سەرەڕای ئەوەی باجەکەی پـیشانی پاسەوانەکان داوە کەچی لێـیان داوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی وتی" من ناڵێم ڕاست ناکات، بەڵام قسەکەیان وا بۆ من گێڕایەوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە باجی پێ نەبووە و هەوڵی داوە بچێتە ناو بنکەی دەنگدانەکە لە کاتێکدا بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن قەدەغەکراوە."

هەر ئەمڕۆش سەنتەری پرێس بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەوانان لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی"بەرامبەر هێرشکردنە سەر میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان سەنتەری پرێس نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، ئەم جۆرە ڕەفتارانە بێ ڕێزییە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و لە هەمان کاتدا بەرتەسککردنەوەی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانیە لە هەرێمی کوردستاندا.

XS
SM
MD
LG