Accessibility links

پـێشمەرگە و یەپەشە یەکتری تۆمەتباردەکەن بە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕ لە خانەسۆر


شەوی پـێنجشەممە لەسەر هەینی لە ناوچەی خانەسۆری شەنگال شەڕ و پـێکدادان لە نێوان هێزەکانی پـێشمەرکەی ڕۆژی (پـێشمەرگەی ڕۆژئاوا) و هێزەکانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) هەڵگیرسا و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە هەردوولا گیانیان لەدەستدا یان برینداربوون. هەروەها زیانی ماڵیشی لێکەوتەوە.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بە جیا وتووێژی کردووە لەگەڵ مەحما خەلیل قائیمقامی شارۆچکەی شەنگال و زەردەشت شەنگالی فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال. هەردوو لایان ئەوی دیکەیان بە هۆکاری هەڵگیرساندی شەڕەکە تۆمەتباردەکات.

مەحما خەلیل دەڵێت هیچ پـێشبینی خێر لە لایەن پەکەکەوە ناکات و ئەوانە بەکرێگیراون لە دەرەوەی عێراقەوە فەرمانیان پێدەکرێت، بۆیە ڕەنگە توندوتیژی دیکەش ڕووبدەن.

سەبارەت بە هێزی پـێشمەرگەی ڕۆژئاوا، مەحما خەلیل کە بۆخۆشی ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانە دەڵێت ئەوە هێزی وەزارەتی پـێشمەرگەی هەرێمی کوردسـتانە و هێزێکی نوێ نیـیە ئەمڕۆ پـێکهێنرابێت، بەڵکو زیاتر لە ساڵێـکە سنوور و ناوچەکان دەپارێزن و شەڕی داعش دەکەن.

دەشڵێت هێزەکانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) خەڵکی شەنگال نین و هێزی پەکەکەن لە سوریا و تورکیا و ئێرانەوە هاتوون و بەشێکی کەم لە خەڵکی شەنگال چووەتە ناویانەوە، بەڵام وەزارەتی پـێشمەرگەی هەرێمی کوردستان 8500 پـێشمەرگەی خەڵکی شەنگالی هەیە.

مەحما خەلیل دەشڵێت هەزار جار خەڵکی شەنگال داوایانکردووە ئەو هێزە نادەستوری و ناقانونیـیە ناوچەکە چۆڵ بکەن. هەروەها گوتی کونسوڵخانەی وڵاتان و هەردوو ئیدارەی شەنگال و موسڵ ئەوانیش داوایانکردووە ئەو هێزانە شەنگال چۆڵ بکەن.

لە لایەکی دیکەوە زەردەشت شەنگالی فەرماندەی یەپەشە دەڵێت ئەو هێزەی شەڕی ئەوانی کردووە پـێشمەرگە نین، بەڵکو سەر بە ئەنکەرە و میتی تورکیان و مەسعود بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیان دەکات.

دەشڵێت لە میانەی سەردانی مەسعود بارزانی بۆ ئەنکەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری ئەو شەڕە دراوە.

پاشان گوتی لە کاژمێر 6:30 ی بەیانی هێزی پـێشمەرگەی ڕۆژئاوا بە چەکی قورس لە شوێنەکانی یەپەشەیان داوە و زیانیان پـێگەیاندوون و ئەوانیش بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وەڵامیان داونەتەوە و شەڕەکە هەتا 11 ی پـێش نیوەڕۆ بەردەوام بووە. گوتیشی لە ئێستادا هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردسـتان و پـێشمەرگەی ڕۆژئاوا خۆیان ڕێکدەخەنەوە هەتا جارێکی دیکە هێرشیان بکەنەوە سەر.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا لە لایەنێـکی سەربەخۆ زانیاری زیاتر بدات لەسەر وردەکاری ڕووداو و شەڕەکان، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە، کەسی بەردەست نەکەوت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:51 0:00
please wait

No media source currently available

0:00 0:05:54 0:00

XS
SM
MD
LG