ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە میانەی ئاڵۆزیـیەکانی شەوی یەکشەممەی ناو پەرلەمان براوەتە ژورێکی پەرلەمانەوە و لەوێ ئەشکەنجە دراوە، ئەمەش لەسەر ڕەخنەگرتن لە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
ڕابوون مەعروف لەسەر تویتەر خۆی بڵاویکردووەتەوە سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانی هاتووەتە پەرلەمان و لە ژوری جێگری سەرۆکی پەرلەمان دایناوە و 10 بۆ 15 کەس بۆی هاتوون و بۆ ماوەی یەک کاژمێر ئەشکەنجەیان داوە. دەشڵێت ئەشکەنجەدانەکەیان بە ڤیدیۆ تۆمارکردووە.
پاشان نووسیوەیەتی ئەو کەسانە ویستوویانە بە زۆر ناچاری بکەن داوای لێبوردن لە مەسعود بارزانی بکات، بەڵام ئەم ئامادە نەبووە و ئەوانیش کەوتوونەتە لێدانی بە شتی جۆراوجۆر.
جێی ئاماژەیە ڕابوون مەعروف بەیانی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمان ڕەخنەی توندی لە مەسعود بارزانی گرت و گوتی " کاک مەسعود لە کاتێکدا دەسەڵاتەکانی دابەش دەکات بەسەر هەرێم، یەک کەس لەسەر ئەم ئەستێرەیە وەک سەرۆکی هەرێمی تەعامولی لەگەڵ ناکات، جگە لە حزبەکەی خۆی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی."