Accessibility links

شادمان مەلا حەسەن: دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕ دۆسیەی ژەهر خواردکردنی بافڵ تاڵەبانی یەکلایی بکاتەوە


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، لاهور شێخ جەنگی لە ماڵەوە دانیشتووە و دەسەڵاتەکانی ڕادەستکردووە، دۆخی یەکێتی خراپە، گەر یەکێتی هەڵبژاردنی بێ لاهور بردەوە، کەواتە ئەو لاوازبووە، دەڵێت"بافڵ تاڵەبانی سەرکردایەتی بێ ئەرزش کردووە."

لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شادمان مەلا حەسەن ئەندامی سەرکردایەتی و نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، وەڵامی چەندین پرسیاری دەنگی ئەمەریکا دەداتەوە، سەبارەت بەکێشە نێوخۆییەکانی حزبەکەی.

کاک شادمان ئەم کاتەت باش، دەمەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم، دوا زانیاری لەبارەی کێشە نیوخۆییەکانی یەکێتی و بە تایبەت کێشەی نێوان هاوسەرۆکان بە کوێ گەیشت؟

شادمان مەلا حەسەن: دۆخی ناو یەکێتی تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام پێشکەوتنی تازە نیـیە بۆ یەکخستنەوە و ڕێککەوتن، هەوڵێکی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی کەسایەتی و جەماوەر و ڕێکخستنەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش، نێوەنگیری دەکرێت، تا ئەم ساتە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نیە.

دڵشاد ئەنوەر: زۆر شت وتراو دەوترێت لەبارەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، دەمەوێت وەکو کەسایەتیەکی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی ئەو پرسیارەت ئاراستە بکەم، هۆکاری تەقینەوەی کێشەکان لەم کاتەدا چی بوون؟

شادمان مەلا حەسەن: من سەرکردەیەکی نزیک نیم لە کەس، من دیدێکی یەکێتیانەم هەیە، ئەوەی لەنێو یەکێتیدا ڕووی دا، گەر لاهوری شێخ جەنگیش بیکردایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا لە بەرەی باڤڵ تاڵەبانی دەبووم، جوڵە و ڕووداوەکان، یاخود ئەمەی لە نێو یەکێتی کراوە، لەدەرەوەی پرەنسیپە حزبیەکان ڕوویداوە و هیچ حسابێک بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و پەیڕەو و پرۆگرام نەکراوە.

ئەو ڕۆژەی هاوسەرۆک هەڵبژێردرا، من لەگەڵ سستمی هاوسەرۆکی نەبووم، پێموابوو کێشەکان زیاتر دەکات و سیستەمی هاوسەرۆکیم بە خراپ زانی، دواتریش پێشنیاری ئەوەم کرد، فایلەکان دابەشبکرێن، بەڵام نەکرا. کێشەی ئێستا کە ڕوویداوە، لەسەر پلە و پۆستە و جۆرێک بەخیلیشی تێدایە، بە تایبەت لاهور شێخ جەنگی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا بوو. ئەو شتەکانی تر کە باسدەکرێن، من زۆر ئاگادار نیم، چونکە ئەوان خزمن، شارەزایم نیە لەسروشتی خێزانیان.

دڵشاد ئەنوەر: کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی گەیشتووەتە ئاستی تۆمەت و تۆمەت بەخشین لە ڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە، ئایا دوای ئەم کێشانە، هیچ دەرفەتێک ماوە بۆ پێکهاتنەوە و پێکەوە کارکردنیان؟

شادمان مەلا حەسەن: هیچ شتێک ئەستەم نیە، ئینجا هەر کارێک کە دەکرێت چیرۆکێکی بۆ دروست دەکرێت، ئەو هەڤاڵەی هاوسەرۆک کە هێزی جوڵاندووە، ئەم کارەی لەدەرەوەی پەیڕەو و پرۆگرام کردووە، بۆیە دەستی بۆ دروستکردنی چیرۆک بردووە، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕی بێ لایەن، مەسەلەی ژەهر خوارد کردنەکە یەکلایی بکاتەوە.

کاک لاهور هیچ تۆمەتێکی نەداوەتە پاڵ ئەوان، دوای دروستبوونی کێشەکان، ئینجا لە سۆشیال میدیا شەڕێک بەڕێوەبرا و ناو ناتۆرە بەیەکتر وترا، بەڵێ ڕاستە، ناوناتۆرە هەیە.

دڵشاد ئەنوەر: بەڵام لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختیکردەوە، بافڵ تاڵەبانی ژەهر خوارد کراوە و بەڵگە و تەقریری پزیشکیش هەیە؟

شادمان مەلا حەسەن: قسەکانی شاناز جیاوازی تێدایە، لەلایەک دەڵێ: پێشتر پلانی کەنارخستنی لاهورمان هەبووە، لەلاکەی تریش شتێکی تر دەڵێت. وادیارە ئەوان پلانیان بوو دوای هەڵبژاردن ئەمە بکەن، بەڵام پێشیانخست، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕ مەسەلەی ژەهرخواردنەکە یەکلایی بکاتەوە، لاهور ئامادەیی نیشانداوە بۆ چوونە دادگا. من چیرۆکەکە بەسادە دەبینم، لاهوری شێخ جەنگی 15 ساڵە بەرپرسی دەزگایەکی هەستیاربووە و جێگەی متمانەی وڵاتانی ناوچەکە بووە.

دڵشاد ئەنوەر: ئاماژەت بەوەکرد لاهور شێخ جەنگی 15 ساڵە بەرپرسی هەستیارترین دەزگای یەکێتی یە، بەڵام جۆرێک لە شۆک بوون لای هەندێک خەڵک دروستبووە، چۆن لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا و لەنێو ئەو دەزگایانەدا، هاوکێشەکان لەدژی لاهور شێخ جەنگی یەکلایی کرانەوە؟

شادمان مەلا حەسەن: ئەو لەوەتەی بووەتە هاوسەرۆک، لەوێ نەمابوو، دەمێکە هەوڵدەدات پۆستەکە بدرێتە خەڵکی تر و بڕیاری بۆ دەربکرێت، ئەمە دەستی دەرەوەی یەکێتی تێدابوو، یەکێتی هاوپەیمانێتی بەست و خۆی ڕێکخستبوویەوە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەی کرا، شکستهێنان بوو بە خۆڕێکخستنەوەکەی.

دڵشاد ئەنوەر: دەستی دەرەکی بەیەکلایی کردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان تۆمەتبار دەکەیت، بەڵام گۆڕینی هاوکێشەکان لە شەوی 8 ی تەموز، هەمووی بەهێزی یەکێتی ئەنجامدران و باڤڵ تاڵەبانی هیچ هێزێکی دەرەکی نەهێنایە سلێمانی، جوڵەکانی بە دژە تیرۆر و کۆماندۆی یەکێتی ئەنجامدا، ئیتر ڕۆڵی دەستی دەرەکی چی بوو؟

شادمان مەلا حەسەن: هەمان کێشە لە هەولێریش هەیە و پاراستنیش کەسێکی بۆ دانراوە و فەرمانی بۆ دەرنەکراوە، کێشەکەی نێو یەکێتیش هەمان سروشتی هەیە، سەرۆکی هەرێم کە مۆری لێداوە، خۆی شارەزای ململانێی نێو یەکێتی بووە، بۆیە لێرەوە دەڵێین: دەستی هەولێری تێدابووە.

دڵشاد ئەنوەر: لەدوای قوڵبوونەوەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکان، سەرمایەدارێک هێنرایە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و چیرۆکی ڕفاندن و پارە لێوەرگرتنی گێڕایەوە لەلایەن براکانی لاهور شێخ جەنگیەوە، بەپێی زانیاریەکان خەڵکی تریش لەخەتن بۆ سکاڵا تۆمار کردن، گوایە لەژێر سێبەری دژە تیرۆردا پارە و سەرانەیان لێوەرگیراوە؟

شادمان مەلا حەسەن: هێنانی بازرگانەکە دەرئەنجامە و بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی کەتنەکەیە، ئینجا تۆ کە هەڕەشە دەکەیت تا لاهور شێخ جەنگی وڵات جێ بهێڵێت و لەولاشەوە دادگای لێدەگری، شتەکان تەناقوزن. چارەسەری کێشەکان بەم شێوە ناکرێت، سروشتی یەکێتی جیاوازە، باڤڵ تاڵەبانی و براکەی موعجیبن بە تەقلیدکردنی پارتی، لەکۆبوونەوەیەکدا بە خۆیانم وت: بیر لەوە مەکەنەوە، ئێوە ماڵی بارزانی بن و ئێمەش پارتیـیەکان، ئێمە و پارتی دوو قوتابخانە و دوو بیرکردنەوەی جیاوازین.

دڵشاد ئەنوەر: وەڵامی پرسیارەکەم وەرنەگرتەوە، دەوترێت لەسێبەری دەسەڵاتی شێخ لاهوردا و بەسود وەرگرتن لە هێزی دەزگا ئەمنیەکان، قاچاخچێتی کراوە و سەرانە لەخەڵک سەنراوە، بۆ نموونە ئەو کەسەی هێنرایە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، کۆپیەکی دۆسیەکەیمان لایە هی ساڵی 2016 یە و تازە نیە، ئەوکات شکاتی کردووە، ڕات لەسەر ئەم تۆمەتانە چی یە؟

شادمان مەلا حەسەن: سروشتی هەموو جۆرە دەسەڵاتێک وایە، هەموو جۆرە خەڵکێکی لێ کۆدەبێتەوە، من ئاگاداری ئەو شتانە نیم، ناشتوانم ڕەتیبکەمەوە و دیفاعی لێبکەم، ئێستا خۆ دۆخەکە گۆڕاوە، لەوانەیە خەڵکی تریش هەبێت، بیەوێ لە ژێر سێبەری ئەماندا سود ببینێت. کاری جێگری حکومەت و دادگا چی بووە، بۆ ئەوکات ئیجرائاتیان نەکردووە، بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم دۆسیانەیان لە سەرکردایەتی باسنەکرد.

دڵشاد ئەنوەر: ڕەنگە پاساوی ئەوان ئەوە بێت، کاتی خۆی لایەنی بەرامبەر هێزی لابووە و نەیانتوانیووە ئیجرائات بکەن، ئێستا دەرفەتیان بۆ ئیجرائات کردن بۆ ڕەخساوە، جەنابت بێ ئاگایی خۆتت دەربڕی لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی هەستیارترین دەزگای ئەمنی حیزبەکەت کراون لەمەسەلەی قاچاخچێتی و سەرانەدا، خۆ تۆمەتەکان تازە نین، چۆن پێشتر لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی داوای لێکۆڵینەوەتان نەکرد؟

شادمان مەلا حەسەن: کەس نەیهێنا بۆ سەرکردایەتی.

دڵشاد ئەنوەر: بەڵام خۆ هەمووی لە میدیا و سۆشیال میدیا باسکرابوون؟

شادمان مەلا حەسەن: ڕاستە لە میدیا قسەکراوە، لەکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی باس لە کێشەکان و تەجاوزات کراوە، ئێمە فشارمان کرد تا لامەرکەزیەت بچەسپێ و حکومەت دەسەڵاتی زیاتری هەبێت، تەنانەت جێگری حکومەت تورەبوو، بۆچی قسە لەسەر حکومەت دەکەین و باسی کەم و کوڕی دەکەین. گەر لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بێت، بافڵ تاڵەبانیش تۆمەتبارە، هەردووکیان ئامۆزان، لەسلێمانی دانیشتوون و پێکەوە بوون، با کاتی خۆی، قوباد تاڵەبانی سەرکردایەتی بانگ بکردایە، بیگوتبا، ئەم کێشانە هەن، بزان ئێمە لەسەرکردایەتی قسەمان دەکرد یاخود نە.

دڵشاد ئەنوەر: ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویاندا، ئێوە بەکودەتا و ئەوان بە گۆڕانکاری ناوی دەبەن، شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش هۆکاری گۆڕانکاریەکان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە یەکێتی براوە بەرەو حزبێکی موخابەراتی و ئەوان ڕێگریان لێکردووە؟

شادمان مەلا حەسەن: ئەمانە بە حیکایەت دەزانم، ئینجا پێویست ناکات حیزب دەزگای هەبێت، گەر یەکێتی بە موخابەراتی کراوە، بۆ تا ئێستا لە پەنای حیزبی موخابەراتی شانازی کردووە، خۆ مەرکەزی موخابەراتەکە لە کن ماڵەکەی ئەوانە، ئێستاش موخابەراتەکە لای ئەوانە و ڕۆژانە خەڵکی پێ موحاسەبە دەکەن.

دڵشاد ئەنوەر: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەشڵێت: دەمانەوێت یەکێتی بگەڕێنینەوە بۆ دۆخی جاران و بیبەینەوە سەر ڕێچکە تەندروستەکەی خۆی، ڕای تۆ چی یە؟

شادمان مەلا حەسەن: ئاخر کام یەکێتی، یەکێتی ساڵی 76 ، یان یەکێتی هەشتاکان، یاخود یەکێتی پێش 2006.

دڵشاد ئەنوەر: ئەوان دەڵێن، یەکێتی دەبەینەوە سەر ڕێبازی مام جەلال؟

شادمان مەلا حەسەن: مام جەلال کەسایەتیەکی سیاسی بووە، شتێک نیە بەناوی ڕێبازی مام جەلال، ڕێباز لای بیریارەکانە، مام جەلال سەرکردەیەکی سیاسی کاریزمی بوو. گەر ڕێبازی مام جەلالە، کاتێک مام جەلال لە ساڵی 2004 ئیمزای لە دژ کرا، بەو پەڕی پێکەنینەوە ئیمزاکەی وەرگرت و ڕێگەی لە پەرتەوازە بوون گرت.

ئێستا چاکسازی بووەتە وشەیەکی قێزەون، لە ژێر ئەم ناوەدا، شادمان لادەبرێت و دڵشاد دادەنرێت، چاکسازی پرۆسەیەکی گشتگیرە بۆ بەرژەوەندی خەڵک، نەک بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵێک کەس. ئەوەشت پێدەڵێم، لەم ڕووداوانەدا لاهور شێخ جەنگی هەواداری زیادیکرد، ئیسلامی و علمانی و سەربەخۆش هاوسۆزن لەگەڵی، ئەوەی زەرەری کرد، ئەوانبوو.

دڵشاد ئەنوەر: کێشەی نێوان هاوسەرۆکان گەیشتووەتە ترۆپک، لاهور شێخ جەنگی باس لەبەکارهێنانی هێز لەدژی دەکات و ئەوانیش ڕەتیدەکەنەوە، کێشەکان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن؟

شادمان مەلا حەسەن، بەڕاشکاوی قسەدەکەم، مەسەلەی هەرەشەی هێز، خۆ دیارە، هێز نمایش دەکرێت و ئەم پەیامانە دەگات. لاهور دەسەڵاتەکانی پێداون و لەماڵ دانیشتووە، با بڕۆن هەڵبژاردن بەرنەوە، گەر بردیانەوە، کەواتە لاهور کەسایەتیەکی لاواز بووە، ئەوکات یان لەگەڵیان ئاشت دەبێتەوە، یاخود سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕوات. دۆخی یەکێتی خراپە، 60 ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، گەر عیلاجی کێشەکان نەکەن، وەکچۆن بارزانی لە ڕیفراندۆم دارو بەرد داوایلێکرد نەیکات، بەڵام هەر کردی و ئەنجامەکەیمان بینی، بۆ یەکێتیش ئەنجامەکە وادەبێت.

دڵشاد ئەنوەر: دەمەوێت ئەمە بکەمە کۆتا پرسیارم، لاهور شێخ جەنگی ڕۆیشتووەتە ماڵەوە و دەسەڵاتە حزبیەکانی ڕادەستکردووە، گەر تۆمەتەکانی سەری ڕاست نین، بۆ دەسەڵاتەکانی ڕادەستکرد و بێدەنگ چووە ماڵ؟

شادمان مەلا حەسەن: من یەکێکبووم لەوانەی ڕۆڵم هەبوو لەو مەسەلەیەدا و نایشارمەوە، پێمانباشبوو ئەم خوێنبەربوونە ڕابوەستێ، ئەوان نیازیان خراپبوو، پێشنیارمان کرد، دەسەڵات ڕادەست بکات، تا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت.

لاهور بیدەنگ نەبووە، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و قسە دەکات، پەیامەکانی جەژن و چەند ڕۆژی ڕابردووی، دوو پەیامی گرنگ بوون، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و دەڵێ، پابەندم بەپەیڕەو پرۆگرام، ئەوە کاک بافڵە، دۆسیەکان ناهێنێتە سەرکردایەتی و سەرکردایەتی بێ ئەرزشکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:21:07 0:00


XS
SM
MD
LG