Accessibility links

لاهور شێخ جەنگی بێدەنگی شکاند


لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ "کەسوکاری شەهیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان" دا لە شاری سلێمانی کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە دۆخی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئەو و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد و بڕیار وایە ئەمشەو پەیامێک بڵاوبکاتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا تێیدا ئامادەبوو و ڕێگا نەدرا تۆماربکرێت، لاهور شێخ جەنگی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بە پلانی دەرەکی وەسف کرد و باسی لەوە کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا لە پشت ئەم ڕووداوانەوەن.

"هەفتەیەک پێش ئێستا خەمیس خەنجەر لە سەردانێکدا پەیامی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای پێگەیاندم و پێی وتم کە ئەو زۆر لە من تووڕەیە. منیش وتم جا ئەگەر دەیەوێت بە ساروخ بمکوژێت، با ساروخەکە گەورەتر بێت تاکو ئازارەکەی کەمتر بێت."

هەروەها وتیشی "دوو هەفتە لەمەوبەر کاک مەسعوود بە چەند ڕیش سپییەکی وتووە کە لاهور تەنها هەفتەیەکی ماوەوە و ئیدی تەواو بوو."

لە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەفتەی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کرد کە ئەم بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییە و پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی یەکێتییەوە هەیە.

"ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ناوخۆی برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەیە و هیوادارین چارەسەرەکەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە گشتی و دەڤەری سلێمانی بە تایبەتی بێت، بە شێوەیەک کە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی جەماوەرە خۆشەویستەکەی بڕەوێنێتەوە."

لاهور شێخ جەنگی لە کۆبوونەوەکدا وتیشی کە ئەمشەو پەیامێک بڵاودەکاتەوە و هەڵوێستی خۆی لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەردەبڕێت.

هەفتەی ڕابردوو و دوای گۆڕینی بەرپرسانی هەریەک لە دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە و دانانی کەسانی نزیک لە خۆی لە جێی ئەو دوو بەرپرسەی کە نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بوون، پەیوەندی نێوانیان گرژی زۆری بەخۆوە بینیوە و لە ئێستادا بافڵ تاڵەبانی خۆی بە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەناسێنێت.

دەزگای میدیایی کوردسات نیوزی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پۆستێکی فەیسبووکدا ڕایگەیاند سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند "لە ناو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخوڕ گیراوە و دانیناوە بەوەی کاری بۆ هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی کردووە و بەکارهێنراوە بۆ مەرامی تایبەتی و لێدان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی." دوای کاتژمێرێک گۆڕانکاری لە نووسینی پۆستەکە کرا و دەربڕینی "کاری بۆ هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی کردووه" گۆڕا بۆ "کاری بۆ دەزگای زانیاری کردووە."

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لەگەڵ توندوتیژی نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و وتی "ئەگەر بێت و هێرشبکەنە سەرم ئامادە نیم خوێنی‌ کەس لە پێناومدا بڕژێت و پاسەوانەکانم دەنێرمەوە ماڵەوە. ئەگەریش دەرکەوێت کە هۆکاری کێشەکان منم ئەوا ئامادەم لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووربکەومەوه و دەست لە پۆستەکەم هەڵبگرم‌."

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لاهور شێخ جەنگی بە سەرانەسەندن و قاچاخچێتی و قۆرخکردنی بازاڕ تۆمەتبار دەکەن و لاهور شێخ جەنگیش پێی وایە ئەمە گەلەکۆمەیەکە بەرامبەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیای لە پشتە.

XS
SM
MD
LG