Accessibility links

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات؟


لێکەوتەکانی ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا دێت گەورەتر دەبن. هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی دوێنێ شەو هەڵیانکوتایە سەر کەناڵی IPLUS ی سەر بە لاهور شێخ جەنگی و دەزگا میدیاییەکانی تری نزیک لێی چۆڵکران. ڕۆژنامەنووسێکیش باس لەوە دەکات کە ئەگەری هەیە لاهور شێخ جەنگی بەرەو جیابوونەوە بڕوات لە یەکێتی.

هەفتەی ڕابردوو و لە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراودا، بافڵ تاڵەبانی هەستا بە گۆڕینی بەرپرسانی هەریەک لە دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری کە نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بوون و کەسانی نزیک لە خۆی لەو پۆستانەدا جێگیر کرد، کە بەشێک لە چاودێران وەک "کودەتا" لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ سەر لاهور شێخ جەنگی وەسفیان کرد.

ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم وەلی
ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم وەلی

ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم وەلی بۆ دەنگی ئەمەریکا دوا و وتی "ئەوەی کرا ئاڵوگۆڕێکی ئاسان نەبوو لە دۆ پۆستی ئەمنیی مەنتیقەکەدا. بەپێی ئەو زانیارییانەی من تەئکیدم کردووەتەوە، لەم ڕووداوانەدا دەست بەسەر پارەدا گیراوە، دەست بەسەر مۆبایلدا گیراوە لە مەتار. لەو ڕۆژەدا هەوڵدرا تێکڕای جومگەکانی دەسەڵات و ئیقتیساد و کۆکردنەوەی هێز لە یەک نوقتەدا بە شێوەیەک هێزەکەی بەرامبەری تەسلیمی ببێت."

دوای هەڵکوتانە سەر کەناڵی IPLUSی سەر بە لاهور شێخ جەنگی و شکاندنی سێرڤەرەکانی کەناڵەکە، سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت باسی لەوە کرد کە بڕیار وایە دەستبگیرێت بەسەر ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەی کە خاوەندارێتییان بۆ لاهور شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە.

لیوا جەلال شێخ کەریم، بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و ئەندامی وەفدەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بۆ لای هاوسەرۆکانی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کاک بافڵ وتی: خەڵکانێک لە پۆستدا دانراون بە نایاسایی، ئێمە دەمانەوێت چاکسازی بکەین، قۆرخکاری نەمێنێ، خەڵکی سلێمانی و بەتایبەت بازرگانەکان، ئیشی خۆیان ببکەن و کەس دەستیان بۆ نەبات. ئەو دەزگا ئەمنییانەی کە گۆڕانکارییان تێدا کراوە، دژایەتی خەڵکیان کردووە، خزمەتیان نەکردووە."

بافڵ تاڵەبانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی بە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناساندووە و پێشناوی "هاوسەرۆک"ی لابردووە. بەپێی زانیارییەکانیش لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، پێی ڕاگەیاندووە کە ئەو ئیدی کەسی یەکەمی حزبەکەیە و پێویستە بەم ئەنجامانە ڕازیبێت.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم وەلی بۆ دەنگی ئەمەریکا دوا و وتی "ئەوەی ئەمڕۆ لە لاهور شێخ جەنگی داوا دەکەن تەسلیمبوونە و قەناعەت پێهێنانیەتی بەو واقعەی لە ڕۆژی 8 ی تەمموز درووستکراوە."

دوای گۆڕینی بەرپرسانی هەریەک لە دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی، لاهور شێخ جەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وتی "یەکێتی نە بە کارەساتی هەکاری و نە بە خەنجەری ژەهراوی ئاڵای شۆڕش و نە بە خیانەتی 31 ی ئاب و نە بە پیلانگێڕییەکەی ڕیفراندۆم و دواجاریش بە گەلەکۆمێی نێوخۆیی و ئیقلیمیی و عوسمانی و چەند ڕۆژی ڕابردوو نەڕووخا."

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە کێشەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆک مێژوویەکی کۆنتری هەیە، بەڵام لە 8 ی تەمموزدا بە تەواویی لێکەوتەی ناکۆکییەکان دەرکەوتن وەختێک بە جوڵاندنی هێز، وەهاب هەڵەبجەیی لە شوێنی پۆڵاد شێخ جەنگی وەک سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر و ئەژی ئەمین لە شوێنی محەمەد تەحسین تاڵەبانی وەک سەرۆکی دەزگای زانیاری دانران. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو دوو کەسەی پۆستەکانیان پڕکردووەتەوە لە ڕابردوودا کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بوون.

کێشمەکێشەکان

سەرچاوەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان باس لەوە دەکەن لە پاش دوایین کۆنگرەی یەکێتییەوە ململانێیەکی ئاشکرا هەبووە لە نێوان هەردوو هاوسەرۆکدا بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتێکی زیاتر بەسەر ئەوی تردا، ئەو ململانێیانەش لە فۆرم و ڕووداوی جیاجیادا خۆیان پیشاندەدا، هەر لە چۆنیەتی بەڕێوەبەردنەوە هەتاکو دەگاتە چۆنییەتی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.

نووسەر عەتا قەرەداغی
نووسەر عەتا قەرەداغی

عەتا قەرەداغی، نووسەر لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "حزب لە کوردستادا پێکهاتەیەکی خێڵایەتیی بنەماڵەیی هەیە. گەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر ئیدیعایەک بکات لە ڕاستیدا حزبێکی بنەماڵەییە، ئەو بنەماڵەیەش بنەماڵەی مام جەلالە بە پلەی یەکەم نەک بنەماڵەی شێخ جەنگی. سیاسەتی ناوخۆوی هەرێم و سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سیاسەتی دەوروبەریش ئەوەندەی پاڵپشتی ماڵی مام جەلال دەبن ئەوەندە بوار بۆ لاهور شێخ جەنگی نییە."

سیستەمی هاوسەرۆکی

سیستەمی هاوسەرۆکی، سیستەمێکی حوکمڕانییە کە زیاتر لە ناو پارت و دامەزراوەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە پەیڕەو دەکرێت. لەم سیستەمەدا بە مەبەستی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری ژنێک و پیاوێک وەک دوو هاوسەرۆک هەڵدەبژێردرێن کە لە ڕووی تیۆرییەوە خاوەنی هەمان دەسەڵات و هێزن.

عەتا قەرەداغی لە بارەی ئەو فۆرمە لە سیستەمی هاوسەرۆکییەوە وتی "هاوسەرۆکی لە نێوان ژن و پیاوێکدا پاساوێکی تێدایە بە مەبەستی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەریی، بەڵام هاوسەرۆکی لە نێوان دوو پیاودا بۆخۆی جۆرێکە لە دروستکردنی ململانێ، چونکە گەر دەسەڵاتەکان بەپێی یاساکان هاوتای یەکتربن، ئەوا هیچ یەکێکیان ئامادە نین موساوەمە لەگەڵ ئەوی تردا بکەن. مرۆڤ بوونەوەرێکی دەسەڵاتخوازە و هەمیشە دەیەوێت کۆنترۆڵی هەبێت بەسەر ئەوی تردا."

ڕێبوار کەریم وەلی باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتاوە دیاربووە سیستەمی هاوسەرۆکی کێشەکانی ناو یەکێتی چارەسەر ناکات. "ئەگەر سبەینێ کاک قوباد و کاک بافڵیش وەکو دوو برا ببنەوە هاوسەرۆک، ڕەنگە هەر ساڵێک بڕبکات. چونکە یەکێک دەبێت بڕیار بدات. نەوعییەتی بڕیاردانی سیاسییش لە هەرێمی کوردستاندا مەرکەزییانە و تاکڕەوییانەیە. حزبەکان وەکو میراتی سیاسی بنەماڵەکان سەیردەکرێن، نەک وەک ئەوەی حزبەکان موڵکی سیاسەتی گشتی بن تاکو ڕێگە بدەن کەسێک لە دەرەوەی بازنەی خانەوادە بێت و دەست بەسەر حزبدا بگرێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوکێشەکاندا

لە سەرەتای درووستبوونی گرژییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پرسێکی ناوخۆیی یەکێتییە و بۆ خۆیانی جێدەهێڵن.

"ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ناوخۆی برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەیە و هیوادارین چارەسەرەکەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە گشتی و دەڤەری سلێمانی بە تایبەتی بێت، بە شێوەیەک کە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی جەماوەرە خۆشەویستەکەی بڕەوێنێتەوە."

گەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕووداوانە پەیوەندی بەوانەوە نییە، بەڵام چاودێرانی سیاسیی باس لەوە دەکەن کە پارتی پشتگیری ماڵی مام جەلال دەکەن و لاهور شێخ جەنگی وەکو نەیارێک دەبینن.

عەتا قەرەداغی لەم بارەیەوە وتی "زیاد لە ساڵێکە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆنگرەی بەستووە، بەڵام میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەتاکو ئێستا لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی بە خائین و خۆفرۆش ناودەبەن. واتە پارتی ئیستیعدادی نییە لەگەڵ ئەماندا مامەڵە بکات. بۆیە من پێم وایە گەر پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕاستەوخۆییش ڕۆڵی نەبێت لەم ڕووداوانەدا، ئەوا بە ناڕاستەوخۆیی ڕۆڵی خۆی گێڕاوە. بۆیە پێم وایە پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشتگیری ماڵی مام جەلال دەکات و ئەوان بە خاوەنی یەکێتی دەزانێت."

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە پەیامێکیدا نووسیویەتی "بێگومان ئەم ڕووداوە بە دڵی پارتییە و پارتی و لایەنەکانی تریش (جگە لە گۆڕان) سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام ڕووداوەکە بە دەسیسەی پارتی نەبووە. ئەگەر هات و بشسەلمێ کەسێک، بە دەسیسە ئەم ڕووداوەی ئەنجامدابێ، شەرمەزاری مێژوو دەبێ."

بەرەو کوێ؟

بەپێی زانیارییەکان کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، بڕیار وایە گۆڕانکارییەکی سەرتاسەری لە هەیکەلی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا بکرێت و سیستەمی هاوسەرۆکی لاببرێت. سەبارەت بەم دۆخە سامان گەرمیانیی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی و فەرماندەی دێرینی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "یەکێتی پێویستی بە سەرێک هەبوو، واتە سەرۆکێک و دوو جێگر. گەر وا بایە، ڕەنگە کێشەکان باشتر چارەسەر بوونایە، بۆیە یەکێتی پێویستی بە کۆنگرە و خۆتازەکردنەوە هەیە." عەتا قەرەداغی وتی "ئەگەر ئەمان بە لۆژیکیی بیربکەنەوە، ڕەنگە باشتر وابێت پلینیۆمێک ببەستن و ڕەنگە ئەگەری زیاتر بێت بافڵ تاڵەبانی ببێت بە کەسی یەکەم."

لە ئەگەری هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی وەک کەسی یەکەم و پشتگوێخستنی لاهور شێخ جەنگی، ڕێبوار کەریم وەلی وتی "ئیحتیمالی زۆرە ئەم کوڕە بەو شەعبییەت و قاعیدەیەی لەناو یەکێتیدا هەیەتی بەرەو جیابوونەوە بڕوات، وەک چۆن کاک نەوشیروان موستەفا هەمان شتی کرد وەختێک بینی لەناو یەکێتیدا جێگە و قورسایی نەماوه،‌ چوو حزبێکی دیکەی درووستکرد. پۆتانسیەلی موعارەزە لە کوردستاندا زۆر ئامادەیە بۆ ئەوەی حەرەکەیەکی تر درووستببێت."

چاودێرانی سیاسیی بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەو ڕووداوانەی لە ئێستادا لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ڕوو دەدەن، بەڵام زۆرینەیان هاوڕان لە کاتێکدا لە وادەی هەڵبژاردن نزیکدەبینەوە، ئەم ڕووداوە ناوخۆییانە کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر جەماوەر و دەنگدەرانی حزبەکە لە هەڵبژاردنەکاندا.

XS
SM
MD
LG