Accessibility links

سامان گەرمیانی: هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆک نەبووم، بەڵکو لەگەڵ سەرۆک و دوو جێگر بووم بۆ یەکێتی


فەرماندەیەکی دیار و دێرینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، سستمی هاوسەرۆکی بۆ یەکێتی هەر لە سەرەتاوە گونجاو نەبووە، بەڵکو یەکێتی پێویستی بە سەرۆک و دوو جێگر هەبووە، نەک هاوسەرۆک، ڕەخنەش لە سەرکردایەتی یەکێتی دەگرێت بەوەی کەم ئەزمونن و شارەزای ئیدارەدانی سیراع و ململانێ نین.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سامان گەرمیانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی و فەرماندەی دێرینی یەکێتی، دەڵێت"یەکێتی هەمیشە لە ناو سیراع و ململانێدا بووە، بەڵام ئێمە وەکو تێکۆشەرە دێرینەکان، ڕۆڵی کۆتری ئاشتیمان دەبینی لەنێوان ئەو لایەنانەدا کە ململانێ یان هەبوو، کاتێکیش دەکەوتینە نێوانیان ڕێزمان لێدەگیرا و ڕێگەمان نەدەدا کەلێن لە نێو یەکێتی دروست ببێت."

بە پێویستیشی دەزانێت کێشەکانی نێو یەکێتی بە گفتووگۆ و دیالۆگ چارەسەربکرێن، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە بەشێکی زۆر لە تێکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتی دوورکەوتوونەتەوە و کەس پرسیاریان لێناکات، ئەگینا بە ڕۆڵی گرنگی خۆیان هەڵدەستان.

بەبڕوای ئەو فەرماندە دێرینەی یەکێتی، سەرکردایەتی نوێی حیزبەکەی، دێرینەکانیان کەم تێدا ماوە، تازەکانیش کەم ئەزموونن و شارەزای سیراع و ململانێ نین، تا لەم قۆناغە هەستیارەدا، ڕۆڵی گرنگ بگێڕن، وتی"کۆنگرەی پێشوو ڕاگوزەر بوو، ئومید دەکەم قۆناغی تازە بێتە پێشەوە، تا یەکێتی بخرێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و کێشەکان بە سودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەزموندارەکان چارەسەر بکرێن."

سامان گەرمیانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا لەگەڵ سستمی هاوسەرۆکیدا نەبووە بۆ یەکێتی، بەو پێ یەی هاوسەرۆکی بۆ ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری یە، جەختیکردەوە"یەکێتی پێویستی بە سەرێک هەبوو، واتە سەرۆک و دوو جێگر، گەر وا بایە، ڕەنگە کێشەکان باشتر چارەسەر بایەن، بۆیە یەکێتی پێویستی بەکۆنگرە و خۆ تازەکردنەوە هەیە."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سامان گەرمیانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی و فەرماندەی دیار و دێرینی یەکێتی، شکانی حیزبەکەی بە شکانی پێشمەرگە دێرینەکان و کەم ئەندامان و کەس و کاری شەهیدان ناوبرد، وتی"ئەوانەی ماندوو بوون لەنێو یەکێتیدا، بە ڕۆح و گیان دڵیان بۆ حیزبەکەیان دەسوتێ، نەک ئەو خەڵکانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ماندوو نەبوون، لایان ئاساییە بۆ بەرژەوەندی، خۆیان بگۆڕن و بڕۆن."

هۆشداریشیدا لەوەی پێشمەرگە دێرینەکان تا ئێستا قسەیان نەکردووە، چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانن بە گفتووگۆ، ئەگینا مافی خۆیانە کۆببنەوە و قسەی جدیان هەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:00 0:00


XS
SM
MD
LG