Accessibility links

مستەفا چاوڕەش: پێشمەرگە تا ئێستاش بە کۆستەر هاتوچۆیان پێدەکرێت


کاندیدێک بۆ پۆستى وەزیرى پێشمەرگە، دەڵێت یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە پێویستى بە ئیرادەى یەکێتى و پارتى هەیە، ئەگینا ئەو کارە بە وەزیر ناکرێت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە"پێشمەرگە نە جلى جلە، نە تفەنگى تفەنگە و تائێستاش بە کۆستەر هاتوچۆیان پێدەکرێت."

مستەفا چاوڕەش، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتی و یەکێک لە کاندیدەکان بۆ وەزیرى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هاوپەیمانان چەندین کۆبوونەوەیان بۆ یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە پێکردووین، بەڵام یەکخستنەوەى ئەو هێزانە تەنها بە وەزیر ناکرێت، بەڵکو دەبێت یەکێتى و پارتى دڵیان باش بکەن."

وتیشى"یەکخستنەوەى هێزەکانى هەفتاو هەشتا بە خەیاڵ ناکرێت و پێداویستى دەوێ، دەبێت یەکێتى و پارتى دابنیشن و بڕیار بدەن، نەک مەسەلەکە بخرێتە دەست فڵان و فیسان."

سەبارەت بەوەى تاچەند یەکێتى و پارتى جدین لە یەکخستنەوەى پێشمەرگە و دەست بەردابوون لەو هێزە، مستەفا چاوڕەش وتى"ئێمە بەباشى دەزانین پێشمەرگە هى خەڵک بێت نەک حیزب، بەڵام ئەمە بە خەیاڵ ناکرێ، چەک و بارەگاى دەوێ."

وتیشى"ئێمە تا ئێستا لەرێگەى کۆستەر و بەکرێ هاتووچۆ بەپێشمەرگە دەکەین، جلیان لەجل ناچێت، تفەنگیان لەتفەنگ ناچێت، پێڵاویان لە پێڵاو ناچێت، تەمەنا دەکەم لەدەمى خۆمانى بگرینەوە و ئەم هێزە یەکبخەینەوە."

ئایا دەستبەرداربوونى پارتى و یەکێتى لە هێزەکانیان ئاسانە، لەکاتێکدا زۆرجار بەرپرسانیان شانازى بەبوونى هێزەوە دەکەن و پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندى حیزب بەکاردێنن، مستەفا چاوڕەش دەڵێت"ئێمە کە هێزمان هەیە مێژوو دروستیکردووە، بەخەیاڵ دروست نەبووە، خەڵکى تر کەهێزى نیە، خەباتى نەکردووە، ئینجا ئەوان ئێمە بەمیلیشیا دەزانن و ئیمانیان پێمان نیە."

سەرکردەکەى یەکێتى، ئاماژەى بەهۆکارى هاتنە خەتى هێزەکانى هاوپەیمانان کرد بۆ یەکخستنەوەى پێشمەرگە، روونیکردەوە وڵات نابێت دوو سێ هێزى جیاوازى تێدا بێت، وتى"هاوپەیمانان دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ یەک هێزدا بکەن، نەک دووسێ هێزى جیاواز."

مستەفا چاوڕەش یەکێکە لە کاندیدەکانى یەکێتى بۆ وەزارەتى پێشمەرگە، وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر گرنگى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە، بەڵام نەیشاردەوە ئەو کارە بەتەنها بە وەزیر ناکرێ، وتى"گەر یەکێتى و پارتى پشتیوان بن، ئیمکانیەت و تواناى خۆیانە بخەنە بەردەست، هاوپەیمانان کۆمەکمان بکات، خۆم یەکێکم لەوانەى لەگەڵ یەکخستنەوەى پێشمەرگەم."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:30 0:00

XS
SM
MD
LG