شەوى رابردوو لەناوچەى زەرگەى باشورى خۆرئاواى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین داعش هێرشى كردە سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگەو دواى شەرێكى دوو كاتژمێرى ، هێرشەكە بەگیان لەدەستدانى 2 پێشمەرگە كۆتایى پێهێنرا.
عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتوى هێزى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش هێرشیكردووەتە سەر رەبیەكانى پێشمەرگە لەناوچەى زەرگە، بەڵام پێشمەرگە هێرشەكانى تێكشكاندووە."
فەرماندەى میحوەرى خورماتوو، ئاماژەى بەوەكرد لەكاتێكدا هێزێكى پێشمەرگە بەرێكەوتوون بەرەو گوندى عەبود و پیر ئەحمەد بۆ بەهاناوەچوونى ئەو پێشمەرگانەى لەشەردا بوون لەگەڵ داعش ، لەوكاتەدا بۆمبێك بەكاروانەكانى پێشمەرگە تەقیوەتەوە، وتى"بەو هۆیەوە 2 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و 5 ى تریش برینداربوون."
بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا، لەشەرەكەى شەوى رابردوودا 2 چەكدارى داعش كوژراون كەهەردوو چەكدارەكە لەبنەرەتدا خەڵكى گوندەكانى دەوروبەرى قەزاى خورماتوون.
لەلایەكى تریشەوە ، هەر شەوى رابردوو لە سنورى ناحیەى جەبارەى سەربە پارێزگاى دیالە و بەهۆى دروستبوونى كێشە لەنێوان ژمارەیەك پێشمەرگەدا ، پێشمەرگەیەك تەقەى كردووە و لەئەنجامدا پێشمەرگەیەك گیانى لەدەستداوە و دوو پێشمەرگەى تریش برینداربوون.
نائیب خەلیفە كەسى نزیكى ئەو پێشمەرگەیەى گیانى لەدەستداوە، ئاماژەى بەوەكرد پاسەوانى فەرماندەیەكى پێشمەرگە تەقەى لەژمارەیەك پێشمەرگە كردووە و بەو هۆیەوە ئەو پێشمەرگەكە گیانى لەدەستداوە.
وتیشى"ئەو پێشمەریەى تەقەى كردووە خۆى ونكردووە، بۆیە ئێمە داوامانكردووە رادەستى دادگا بكرێت بۆ ئەوەى كێشەكە نەبێتە كێشەى عەشایەرى."
ئەمڕۆ هەینیش چەكدارێكى خۆكوژ خۆى گەیاندووەتە نێو حوسەینیەكى شیعەكان لەناحیەى مەندەلى پارێزگاى دیالە و خۆى تەقاندووەتەوە، لەئەنجامدا دوو نوێژ خوێن ى شیعە گیانیان لەدەستداوە.