بەرپرسانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان لە کەرکوک ، دەڵێن بەشێک لە چەکدارەکانى داعش خەڵکیان ناردووەتە لاى پێشمەرگە و دەیانەوێت خۆیان رادەست بکەن ، هەروەک پلانێکى ئەو رێکخراوەش ئاشکرادەکەن کە خۆخزاندنە نێو خەڵکە.
لیوا محەمەد قادر فەرماندەى پێمشمەرگە لە باشورى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەند سەرکردەیەکى داعش خەڵکیان ناردووەتە لامان و دەیانەوێت خۆیان رادەستى پێشمەرگە بکەن ، بەو مەرجەى نەکوژرێن."
وتیشى"داعشەکان بە زیندانى کردن و هەموو شت رازین و تەنها مەرجیان پاراستنى ژیانیانە ، منیش بەرپرسە باڵاکانى پێشمەرگەم ئاگادار کردووەتەوە."
هەوڵى ئەو چەکدارانەى داعش بۆ خۆرادەستکردنى پێشمەرگە، لەکاتێکدایە داعش لەڕووى سەربازى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەوە کەوتووەتە دۆخێکى خراپ و ، دانیشتوانى حەویجە بە کۆمەڵ هەڵدێن.
عەمید کاوە غەریب فەرماندەى پۆلیس لە باشورى کەرکوک، پلانێکى نوێى داعشى بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکراکرد و ئاماژەى بەوەکرد داعش سوپایەکى خزمەتگوزارى دروستکردووە کە ئەم سوپایە ئیشیان بانگەشە کردنە بۆ داعش لەنێو مزگەوت و شاروشارۆچکەکان.
نابراو وتى"پێکهێنانى سوپاى خزمەتگوزارى داعش پێشتر ئیشى لەسەر کردووە و ، تەنانەت ئەو خەڵکە بیانیانەى لەئەمەریکاو وڵاتانى ترەوە دێن و دەبنە داعش لەسەر دەستى ئەم سوپایەیە ئامادە دەکرێن."
هەوڵەکانى بەشێک لەچەکدارەکانى داعش بۆ خۆ رادەستکردن و پلانى خۆخزاندنە نێو خەڵکى ، لەکاتێکدایە داعش بەشێکى زۆر لەشارە گەورەکانى لەدەستداوە و بەپێى وتەى بەرپرسانى ئەمنى پلانى داهاتووى ئەو رێکخراوە شەڕى پارتیزانیە.