کۆمپانیای نەوتی گەنەل ئێنرجی دەڵێت پـێشـبینی دەکات بەهای کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە هەرێمی کوردسـتانی عێراق بۆ ساڵی 2015 نزیکەی یەک ملیار دۆلار هاتبێتە خوارێ، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی ئەو بڕە نەوتەی پـێشتر پـێشبینی دەکرا تیایدا هەبێت، هەروەهاش دابەزینی نرخی نەوت.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز هەواڵێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت کۆمپانیای گەنەل پاش پـیاداچوونەوەی بە مەزەندەکانی بۆ نەوتی یەدەکی تەقتەق بۆی دەرکەوتووە لە کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو 356 ملیۆن بەرمیلە، بەڵام لە 30 مانگی شەشی ساڵی 2011 پـێـیان وابوو 683 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەک لەو کێڵەگەیەدا هەبێت.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کۆمپانیای گەنەل کە بارەگاکەی لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیایە، نزیکەی یەک لەسەر چواری بەهای سەهمەکانی لە بۆرسەی لەندەن لەدەسـتدا.
ڕۆیتەز لە درێژەی هەواڵەکەیدا دەڵێت هەتا کۆتایی ساڵی ڕابردوو 184 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق دەرهاتووە.
جێی ئاماژەیە گەنەل لە سەرەتای ئەم مانگەدا گوتی لە چەند هەفتەی داهاتوو دەسـتدەکات بە لێدانی بیری دیکە لە تەقتەق تاوەکو بەرهەمەکەی زیادبکات، هەرچەندە نەوت لە ماوەی سـاڵی ڕابردوو نزیکەی 40%ی بەهاکەی لەدەسـتداوە و نرخی هەر بەرمیلێـک بۆ نزیکەی 30 دۆلار دابەزیوە.
ئەمەش دەبێتە یەکەم کاری لێدانی بیر لەو ناوچەیە لە پاش زیاتر لە سـاڵێـک بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمەکەی پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردسـتانی عێراق گرفتی هاتووەتە بەردەم لە پـێدانی پارەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت.
گەنەل باسی لەوەش کردووە پـێشبینی دەکات لە ئەمساڵدا ڕۆژانە نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێـکدا لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق بەرهەمبهێنێت.