Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانە گاز بە ڕێکەوتنێـک دەگەن


حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانە گاز و هاوبەشەکانی بە ڕێکەوتنێـک گەیشتوون لەسەر کەیسێـکی 2.24 ملیار دۆلاری کە لە دادگای لەندندایە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا ئەمەی بڵاوکردەوە و دەڵێت بەپـێی ڕێکەوتنەکە دەبێت هەرێم دەستبەجێ یەک ملیار دۆلار بەو کۆمپانیایانە بدات کە بنکەکانیان لە ئیماراتە.

دانە گاز کە (نفط الهلال) کۆمپانیا سەرەکیـیەکەیەتی لەگەڵ کۆمپانیا هاوبەشەکانی، لە مانگی دەی ساڵی 2013لە دادگای لەندەن بۆ کەیسە نێودەوڵەتیـیەکان سکاڵایان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد بەوەی بڕێکی کەمی پارەی داونەتێ لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە بیرە نەوتیـیەکانی هەرێمدا.

حکومەتی هەرێم لای خۆیەوە ڕەخنەی گرتووە و گوتویەتی کەیسەکە لە کاتێکدایە سەرقاڵی شەڕی داعشە و نرخی نەوت زۆر شکاوە، ئەمانەش وەهایان لێکردووە هەندێک لەو پارانەی لەسەریەتی بیانداتەوە دوایان بخات.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە دەبێت هەرێمی کوردستان 600 ملیۆن دۆلار بدات بە کۆمپانیایPearl Consortium کە دانە گاز و هاوبەشەکەی کۆمپانیای OMV ی نەمساوی خاوەنی 70% ین و هەردوو کۆمپانیای MOL ی هەنگاری و RWE ی ئەڵمانی هەریەکەیان خاونی 10% ین.

پاشان 1.24 ملیار دۆلارەکەی دیکە لە ئایندەدا لە داهاتەکان بدرێنەوە.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیـیەکانی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە گوتویەتی ڕێکەوتنەکە پەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە لە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوولا و ئاسۆیەکی نوێ دەهێنێتە دی لە بەردەم پەرەپـێدانی کەرتی گازی سروشتی.

مەجید حەمید جەعفەر سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلال ئەویش گوتی لەسەر هەموو پارەکان بە ڕێکەوتن گەیشتوون و دەستپـێدەکەنەوە بە هاوکاری تەواو کە ئەمەش تێڕوانینێـکی ئەرێنی دەدات بۆ وەبەرهەمهێنان لەو ناوچەیە.

XS
SM
MD
LG