Accessibility links

بەڕێوبەری NRT : لەسەر رێکلامکردن پەخشی نێوخۆمان لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم ڕاگیرا


ئاوات عەلی بەڕێوەبەری NRT بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند،پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرایەتی ڕاگەیاندنی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێری سەربە وەزارەتی رۆشنبیری، بڕیاری دەرکردووە کە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم پەخشەکەمان رابگرن بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ڕێگای کارکردنە سەر ئەو کۆمپانیایەی پڕۆڤایدەری پەخشەکەمانە کە پەخشی ئێمە رابگرن. ئەگەر بەردەوام بین لە بڵاوکردنەوەی ریکلامی کەمپینی نەخێر، ئەوا ماوەکە درێژتر دەکەنەوە.

ناوبراو باس لەوە دەکات هۆکارێک کە بەدەست ئەو بەڕێوبەرایەتییەوەیە هەبێت ئەوەیە، گوایە ئێمە پرۆگرامی کەناڵیکی بێ مۆڵەتمان بڵاوکردووەتەوە کە نا ڕەسمین، لەو بارەیەوە دەشڵێت "ئێمە ڕیکلامی کەمپینی نەخێرمان بڵاوکردووەتەوە وەکو ڕیکلام و بازرگانی، پێشتر ریکلامی هەڵمەتی بەڵێمان بڵاوکردووەتەوە، هەر کەس و لایەک ریکلام بهێنێت بۆی بڵاودەکەینەوە، با هەڵمەتی بەڵێ چەند بەرامبەری هەڵمەتی نەخێر ریکلام بهێنن بۆیان بڵاودەکەینەوە، سبەینێ گروپێک ریکلامی بایکۆت بکەن بۆیان بڵاودەکەینەوە، ریکلامکردن کارێکی بازرگانییە بۆ هەموو کەناڵەکان، بە ئێن ئارتیشەوە."

ئاوات عەلی لە درێژەی لێدوانەکانی بۆ دەنگی ئەمەریکا . باس لەوە دەکات کە پێشتر بەر لەهەر روون کردنەوەیەکی کەناڵەکەبڕیاریان لەسەر ئەوە دابوو، دەڵێت"بڕیارەکە سیاسییە، لە لایەن تاکە کەسەوە دراوە، یەکێتی و پارتی لێی بەرپرسیارن". دەشڵێت "کاتیک نوسراومان بۆهات کە بڕیاریکی وایان داوە گوایە ئێمە پرۆگرامی کەناڵیکی بێ مۆڵەتمان بڵاوکردووەتەوە، هەر زوو رونکردنەوەمان بۆ بردن، بەڵام ئەوان وتیان داوای روون کردنەوەمان نەکردووە، ئێمە بڕیارمان داوە. بڕیارەکەیان پێچەوانەی یاسایکاری رۆژنامەوانی هەرێمەکەیە کە ناتوانن هیچ رۆژنامەو دەزگایەکی میدیایی دابخەن، بەڵکو رەفتاری یاسایی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام ئەوان پێچەوانەی یاسای رۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان بڕیارییان داوە. ئەگەر ئەو جوڵانەوەیە نایاساییە، ئەوە خەتای دەزگاکانی لێپرسینەوەیە لە هەرێمی کوردستان نەوەکو ئێن ئارتی کە ریکلامی بازرگانی بڵاوکردووەتەوە"

ئێن ئارتی ئایا بڕیاری چی دەدات؟ لەو بارەیەوە ئاوات دەڵیت تەنها رێگای یاساییمان لەبەردەستە "هەندێ شوێن هەر سکاڵاکەشمان لێوەرناگرن."

لە سەرەتای دەرکەوتنی جوڵەی نەخێر ، بیروڕای وا هەبوو کە کاردەکاتە سەر ئێن ئارتی؟ لەو بارەیەوە ئاوات وتی "کارکردنەکە دەبێت چی بێت؟ ئێمە لە ئێن ئاڕ تی ریکلام بڵاو دەکەینەوە، ئەو جوڵانەوەیە کە سەرۆکاری کەمپینی نەخێر دەکات، ریکلامی هێناوە بە پارە بۆی بڵاودەکەینەوە، با کەمپینی بەڵێ چوار ئەوەندە بهێنێت، بزانن بڵاوی دەکەینەوە یان نا."

XS
SM
MD
LG