Accessibility links

پـرۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کشێنرایەوە


پـرۆژە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن چەند ڕاوێژکارێکی پەرلەمان و لیژنەی ڕۆشنبیریەوە ئامادەکراوە، ناڕەزایەتی لەنێو ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیران و توڕەکۆمەڵایەتیەکان دروستکرد و پرۆژەکەیان بەهەوڵێک بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی لێکدایەوە، ئەمەش پەرلەمانی ناچار کرد پرۆژەکە بکشێنێتەوە.

پـرۆژەکە یاساکە کە لە (21) مادە پێکهاتووە، لەلایەن پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بڕیاربوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام ناڕەزایەتیەکان پەرلەمانی ناچار بە کێشانەوەی پـرۆژەکە کرد، ئەو پەرلەمانتارانەش کە پشتگیری پرۆژەکەیان کردبوو، لێی کشانەوە.

مادەی (12) ی پرۆژە یاسای ئەلیکترۆنی، زۆرترین نیگەرانی لێکەوتەوە، بەو پێیەی لەو مادەیەدا، سزای میدیاکارانی ئەلیکترۆنی بەسترابووەوە بە یاسای تیرۆرەوە، ئەمەش وایکرد پرۆژە یاساکە دژایەتیەکی گەورەی بۆ دروست ببێت و تا دواجاریش شکستی پێهێنرا.

ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، ئاماژەی بەوەکرد پرۆژە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی پەلەی لێکراوە، پێش ئەوەی ڕای پسپۆڕان و شارەزایانی بۆ وەربگیرێت، براوەتە نێو پەرلەمان، وتی"لە مادەی 12 دا، سزاکان بەستراونەتەوە بە یاسای تیرۆرەوە، ئینجا تێکەڵیەکی زۆر لەنێوان میدیای حکومی و فەرمی و غەیرە حکومی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کراوە، میدیای فەرمی کە زانیاری دەدات لەگەڵ خاوەن لاپەڕەیەکی سۆشیال میدیادا، جیاوازی لەنێوانیان نەکراوە."

ئامادەکارانی پرۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی، داکۆکی لە پرۆژەکەیان دەکەن و پێیانوایە هیچ یاسایەک نیە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ میدیای ئەلیکترۆنی دا، بۆیە زۆرجار دادگاکان بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی مامەڵە لەگەڵ میدیاکاری ئەلیکترۆنی دا دەکەن و سزای قورسیان دەدەن، ئەوان ویستوویانە ئەو بۆشاییە یاساییە پڕ بکەنەوە.

سەرجەم بڕگە و مادەکانی پرۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی، تایبەتن بە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ وێبسایت و میدیاکاری ئەلیکترۆنی دا، ئەمەش لەکاتێکدایە لە یاسای ڕۆژنامەگەری دا لەهەرێمی کوردستان، ئاماژە بە میدیای ئەلیکترۆنی نەکراوە و یاساکە تەنها بۆ ڕاگەیاندکارانی میدیای کاغەز و تەلەفزیۆن و ڕادیۆکانە.

پێشەوا هەورامانی ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو پرۆژەیەی بڵاوکرایەوە، قورئان نیە تا دەستکاری نەکرێ، بڕیاربوو، ڕای شارەزایانی بۆ وەربگیرێت و چاک بکرێت."

وتیشی"من پرۆژە یاساکەم خوێندنووەتەوە، نازانم لەکوێدا باسی سزادانی تۆمەتبار بە 15 ساڵ لەسەر کۆمێنت نوسین دەکات، هەڵایەک دروستکرا لەلایەن هەندێک سیاسیەوە، دەیانەوێ دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، تا لە لاپەڕەی وەهمیەوە جنێو و سوکایەتی بەخەڵک بدەن."

دژی پرۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی تەنها ڕاگەیاندکار و ڕشنبیران نەهاتنە دەنگ، بەڵکو سەرجەم بەشداربووانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دژی پرۆژەکە جوڵان، ترسیان لەوە هەبوو بەیاسا، ئازادی نوسین و قسەکردنیان لە سۆشیال میدیا لێ زەوت بکرێت.

دروستبوونی هەڵا لەسەر پرۆژە یاساکە، لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانی ناچار کرد ڕوونکردنەوە بدات، هەروەک زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانەش کە پشتگیری پرۆژەکەیان کردبوو، لێی کشانەوە، بۆیە پرۆژە خەریکە بەتەواوەتی شکست دێنێت.

سەرچاوەیەک لەپەرلەمانی کوردستان کەدەستی هەبووە لە ئامادەکردنی پرۆژەکەدا و ئامادەنەبوو ناوی ببرێت، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پرۆژەکە بۆ خەڵک بوو، مادام خەڵک دژی بوون، کشێنرایەوە، دەکرێت پرۆژەیە تر پێشکەش بکرێت، یان ڕۆشنبیران و خەڵکانی ئەکادیمی پرۆژەکە دەستکاری و دەوڵەمەند تر بکەن."

هاوکات ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، جەختیکردەوە"پرۆژەکە بەتەواوەتی کشێنراوەتەوە، دەبێت قسە لەسەر پرۆژە یاسایەکی باش بکرێت بۆ میدیای ئەلیکترۆنی، چونکە لەنێو یاسای کاری رۆژنامەنوسی دا، چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ میدیای ئەلیکترۆنی تێدا نیە."

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو میدیاکارانە کە لەسەرنوسین لە سۆشیال میدیا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت، یەکێکە لەو گرفتانەی هەمیشە لەنێوان دادگاکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمیدیا دروست دەبێت، بەو پێیەی دادگاکان دەیانەوێ بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی مامەڵە بکەن و ڕێکخراوەکانیش داوای جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:59 0:00


XS
SM
MD
LG