Accessibility links

کەمال کەرکوکى : حەقە خەڵکى کەرکوک رێگەنەدەن ئەرشەد ساڵحى بێتە ئەو شارە


فەرماندەى رۆژئاواى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات هەندێک لە بەرپرسانى بەرەى تورکمانى دەیانەوێت لەژێر ناوى پاراستنى ئەمنیەتى کەرکوک دا سوپاى عێراق بهێننەوە ناوچەکە، دەڵێت"جارێکى تر مەحاڵە رێگە بەسوپا بدرێت بگەرێتەوە دەوروبەرى کەرکوک.

کەمال کەرکوکى بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کاتێک داعش هات سوپاى عێراق روخا و هەڵات ، مەعقول نیە رێگەى گەرانەوەیان بۆ ناوچەکە پێبدرێت."

ئەو وتانەى فەرماندەکەى پێشمەرگە، لەکاتێکدایە ئەرشەد ساڵحى سەرۆکى بەرەى تورکمانى بەبیانوى خراپى بارودۆخى ئەمنى کەرکوک داواى گەرانەوەى سوپاى عێراقى بۆ ناوچەکە کردبوو، ئەمەش کاردانەوەى لاى بەرپرسانى کورد و پێشمەرگە دروستکرد. دەنگى ئەمەریکا پەیوەندى بەنەجات حسێن ى ئەندامى کوتلەى تورکمانى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

دەربارەى داواکاریەکەى ساڵحى، کەمال کەرکوکى وتى"حەقە خەڵکى کەرکوک رێگە نەدەن ئەرشەد ساڵحى بگەرێتەوە شارەکەیان و بەچەپڵە دەریبکەن، چونکە دەیەوێت کەرکوک وەکو موسڵى لێبێت."

پـێشتر بەرپرسانى کورد باسیان لە کۆکردنەوەى هێز لەدەوروبەرى کەرکوک لەلایەن داعش و ئەگەرى هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە کردبوو، بەڵام کەرکوکى دەڵێت"گەر داعشیش هێرش بکات پێشمەرگە تێکیان دەشکێنێت ، چونکە پێشمەرگە شەو و رۆژ لەسەنگەرەکاندایە و ورەى بەرزە."

لەئێستادا رۆژئاواى کەرکوک و باکور و باشورى ئەو شارە بەتەواوەتى لەژێر کۆنترۆڵى هێزى پێشمەرگەدان و سوپاى عێراق لەو ناوچانە بوونیان نیە، تەنها چەند فەوجێکى حەشدى شەعبى نەبێت کە لەناحیەى تازەخورماتوى باشورى کەرکوک جێگیرکراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:59 0:00

XS
SM
MD
LG