Accessibility links

فەرماندەیەکى پێشمەرگەى کاکەیى 2 رۆژ مۆڵەتى بۆ داعش دیاریکردوە تا ژنە کاکەییە ڕفێنراوەکەیان رادەستبکاتەوە


هێزى پێشمەرگەى کاکەییەکان ماوەى 2 ڕۆژیان بۆ داعش داناوە تا ئەو 2 کاکەییەیان رادەست بکاتەوە کە دوێنێ‌ لەگوندى عەلوەت باشورى باشورى کەرکوک رفێنران، بە پێچەوانەى هەڕەشەى هەڵوێست وەرگرتن و تۆڵەکردنەوە دەکەن.

شەوى پێنجشەمە ژمارەیەک چەکدارى داعش هەڵیانکوتاوە سەر گوندى عەلوەت پاشاى باشورى کەرکوک، 3 کاکەییان گولەبارانکرد و 4 کەسى تریشیان ڕفاند، کە لە نێو ڕفێنراوەکاندا ژنێک و منداڵێکى تەمەن 17 ساڵی کاکەییان تێدایە.

موقەدەم فەرهاد کاکەیى جێگرى فەرماندەى هێزەکانى کاکەیى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو 4 کەسەى رفێنراون براونەتە ناحیەى ڕەشاد، داعش بەنیازە لە بەرانبەر ئازادکردنى ژنە کاکەییەکەدا داواى چەند دیلێکى خۆى لە پێشمەرگە بکاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەنین هیچ دیلێکیان رادەست بکەینەوە."

ئاماژەى بەوەشکرد، لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان و حکومەتدا قسەیانکردووە و دوو رۆژیان بۆ داعش دیاریکردووە تا ژن و منداڵە کاکەییەکە ئازاد بکات، بەپێچەوانەوە رێگەى تر بۆ تۆڵەکردنەوە دەگرنەبەر، وتى"رفێنراوەکان مەسەلەى ئافرەتى تێدایە، ئێمە ئەمە قەبوڵ ناکەین، گەر داعش ژنە کاکەییەکەمان نەداتەوە، جێگەى چەندین ژنە داعش شارەزاین و 15 کەسیان وەکو بارمتە لێدەگرین."

جێگرى فەرماندەى هێزى کاکەییەکان سەبارەت بە وردەکارى ڕووداوەکەى گوندى عەلوەت پاشا، ڕوونیکردەوە ئەو هێزەى داعش کەچونەتە سەر گوندەکە ژمارەیان کەمتر لە 10 چەکدار بووە، لە هەمان ئەو جێگەوە هاتوون و گەڕاونەتەوە کە پێشتر بازرگانى لەگەڵ داعش تێداکراوە.

موقەدەم فەرهاد، وتى"شوێن پاى هێزەکەمان هەڵگرتووە و لەسەر ساترەکان پێڵاوى ژنە کاکەییە رفێنراوەکەمان دۆزیوەتەوە، کە لە خەندەقەکان بەرەو سنوورى داعش پەڕیونەتەوە."

فەرماندە کاکەییەکەى هێزى پێشمەرگە، گومانى خۆى نیشاندا بەوەى خیانەتیان لێکرابێت و دەست لەگەڵ داعش تێکەڵکرابێت، هەربۆیە بڕیارە لە ڕۆژانى داهاتودا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستپێبکەن.

لە دواى دروستبوونى داعش و بە فەرمانى سەرۆکایەتى هەرێم هێزێکى تایبەت بۆ کاکەییەکان دروستکرا، لە ئێستادا ئەو هێزە بە بەشێک لە ناوچە کاکەیى نیشینەکاندا بڵاوەیان پێکراوە.

XS
SM
MD
LG