Accessibility links

پێشمەرگە لەسەر میحوەرەکان خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە


پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەکانى پارێزگاکانى کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و داعشیش جم و جۆڵى زۆرى هەیە، شەوى رابردووش سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە باشورى کەرکوک لەلایەن چەکدارانى ئەو رێکخراوەوە بۆردومان کرا.

موقەدەم فاروق ئەحمەد، بەرێوەبەرى ئاسایشى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشمەرگە لەسنورى خورماتو لە حاڵەتى ئامادەباشیدایە، داعشیش هێزێکى زۆرى لەسنورەکە کۆکردوەتەوە، بە شێوەیەک لەساڵى 2014ەش ئەوەندە هێزى نەبووە لەم ناوچەیە."

وتیشى"داعش پیلانى هێرشى بەدەستەوەیە بۆیە ئەو هێزەى کۆکردوەتەوە، بەڵام تائێستا ناوەرۆکى پیلانەکەى نازانرێت."

شەوى رابردوو داعش سەنگەرەکانى پێشمەرگەى لەمیحوەرى داقوق ى باشورى کەرکوک بۆردومانکرد، بەو هۆیەوە 6 پێشمەرگەى فەوجى کاکەییەکانى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە برینداربوون.

عەمید کاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى داقوق لەباشورى کەرکوک ، ئاماژەى بەوەکرد داعش پیلانى هێرش کردنە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگەى هەیە، ئامانجیشى لەم کارە گەیاندنى ئەو پەیامەیە کە هێز و تواناى لەناوچەکەدا ماوە، ئەگینا تواناى ئەنجامدانى هێرشى گەورەى نەماوە.

عەمید کاوە غەریب، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش هێزەکانى لە کەرکوکەوە بەرەو ناوچە کێشەلەسەرەکانى پارێزگاى دیالە دەبات ."

لە پارێزگاى دیالەش، کە بەپێى زانیاریە هەواڵگیریەکان ئامانجى داهاتوى ئەو رێکخراوەیە کە چالاکیەکانى بۆ بگوێزێتەوە و لەئێستادا نزیکەى 500 چەکدارى تێدایە ، سەرجەم هێزەکانى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و هەماهەنگى یان لەنێوان یەکتریشدا بۆ بەرەنگاربونەوەى داعش دروستکردووە.

عەقید کاوە مەحمود، فەرماندەى پێشمەرگە لە ناوچەى کۆباشى پارێزگاى دیالە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزەکانمان لە حاڵەتى ئامادەباشیدان، چونکە داعش جموجۆڵى هەیە و زانیاریمان لەبارەى پیلانەکانیان پێگەیشتووە."

بڵاوەکردنى چەکدارانى داعش و هەوڵدانیان بۆ گواستنەوەى شەڕ بۆ پارێزگا جیاوازەکانى عێراق، لە کاتێکدایە شارى موسڵى گەورەترین شارى ژێر کۆنترۆڵى ئەو رێکخراوە لە عێراق، خەریکە بە تەواوەتى لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG