Accessibility links

هەرێمی کوردستان: نزیکەی 4 هەزار گومانباری داعشمان دەسـتگیرکردووە


کاربەدەستێکی هەرێمی کوردستان دەڵێت لەم ساڵانەی دوایی نزیکەی 4 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە داعش بن، دەشڵێت لە نێویاندا کەسانی بیانی هەن.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیـیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە هەولێر گوتیشی نزیکەی 1000 کەس کە ئەندامی داعش بوون یان هاوکاری داعشیان کردبوو لە میانەی شەڕی حەویجە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پـێشمەرگە کرد و ئەوانیش لای خۆیانەوە ڕەوانەی ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتیان کردوون.

لە بارەی ڕاپـۆرتەکەی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە باس لە بێسەروشوێنبوونی 350 کەس دەکرد لە شاری کەرکوک، زێباری گوتی لەگەڵ دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی حەویجە ئەم کەسانە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پـێشمەرگە کرد و گوتویانە سەر بە داعشن. گوتیشی ناوەکانیان دراوە بە خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام نەتوانراوە کەسوکاریان لە دەسـتگیرکردنیان ئاگاداربکەنەوە چونکە کەسوکارەکانیان لە نێو کەمپی ئاوارەکانی حکومەتی فیدراڵیدا بوون.

دیندار زێباری باسیشی لە دەستگیرکراوە بیانیـیەکانی داعشیش کرد و گوتی هەندێکیان ڕادەستی وڵاتەکانیان کراون، لەوانە ڕۆژنامەوانێک ڕادەستی کونسوڵخانەی ژاپـۆن لە هەولێر کراوە و دەسـتگیرکراوێکی دیکە ڕادەستی کونسوڵخانەی ئەمەریکا کراوە.

پاشان داوایکرد بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسـتگیرکراوەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێن.

XS
SM
MD
LG