Accessibility links

ئیسماعیل حەمە ئەمین: حیزبەکان هەڵمەتیان کرد بۆ ریفراندۆم بەڵام نایانەوێت فشارێکی جیهانی بکەن


ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراو لەئاکامدا بارگرژی و تەنگەژە سیاسییەکان زیاتر بوون وەک پەرچەکردارێک لەلاین حکومەتی ناوەندی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە بەتایبەتی تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبییەوە. بەڵام ئایا ریفراندۆم وەک چەمک و مافێکی شارستانی یەکێک نییە لەمافە سەرەتاییەکانی گەلانی دنیا؟ ئایا هەڕەشەی داخستنی سنورەکان و سزادانی خەڵک لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەکەوێتە کوێی ئام هاوکێشە سیاسی و تەنگەژە و قەیرانە سیاسی و ئابورییەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمەوە؟

کۆمەڵێک نوسەرو ئەکادیمیست و مامۆستایانی زانکۆ لە ئەروپا و تەواوی جیهان یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و حکومەتەکانی بەریتانیا و ئەمریکا دەکەن دەڵێن: "سیاسه‌تی تاك لایه‌نی و فه‌ردیانه‌ی حكومه‌تی فیدرالی عێراق، سیاسه‌تێكی دوژمنكارانه ‌و تۆتالیتاری و تێكده‌رانه‌یه‌ له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی بڕیاڕدانی حكومه‌تی هه‌رێم بوو، به‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بده‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌هه‌رێمی كوردستاندا. ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان وه‌ڵامێكی ڕوون و ئاشكرا بوو بۆ سیاسه‌ته‌ تائیفی و دواكه‌و‌توویی و كۆلۆنیالستیه‌كانی حكومه‌تی عێراقی."

هاوکات سەبارەت بە سزادانی خەڵکیش لەم تەنگەژەیەدا لەیاداشتەکەدا هاتووە کە "خه‌ڵكی كوردستان ئێستا به‌هۆی بڕیاری ئازادانه‌ی مافی چاره‌ی خۆنوسین، هه‌موویان به‌گشتی و بێ جیاوازی له‌لایه‌ن حكومه‌تی تایفی و مه‌زهه‌بی ناوه‌نده‌ی عێراق و حكومه‌ته‌كانی ده‌وورو‌به‌ریان، وه‌ك ئێران و توركیا، به‌سه‌ختی سزاده‌درێن. ئه‌و حكومه‌تانه‌ به‌گشتی نكوڵی له‌ (بوونی كورد) ده‌كه‌ن و كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌‌ بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌كه‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو شێوازه‌كانی نكوڵیكردن و توندوتیژی بۆته‌وه‌‌."

هاوکات پێنج خاڵی سەرەکیان خستۆتە بەردەم جیهان بۆ بەدەنگەوەهاتن و پشتیوانیکردنی ریفراندۆم و هێورکردنەوەی دۆخەکەو سازکردنی گفتوگۆ و دەڵێن:

یه‌كه‌م : به‌ڕوونی دانبنرێت به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدانی (به‌ڵێی خه‌ڵكی كوردستان) كه‌به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان داوه‌.

دووهه‌م: له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ فشار بخرێته‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق و توركیا و ئێرانبه‌وه‌ی؛ ده‌ستهه‌ڵگرن له‌ سزایبرسیكردنی به‌كۆمه‌ڵ و هه‌ڕه‌شه‌یسه‌ربازی هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستان.

سێهه‌م: فشاربخرێته‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ (دانپێدانان) و (ڕێزگرتن) له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن.

چواره‌م: بوارێكی ئاشتیانه‌ بۆ دانوستان سازبكرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای (نیه‌تی باش).

پێنجه‌م: حكومه‌ته‌كانی خۆرئاوا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا چیتر له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئاشكرای توركیا و عێراق و ئێران بێده‌نگ نه‌وه‌ستن. ئه‌و‌ هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌ به‌ئاشكرا ته‌عبیره‌ له‌دوژمنایه‌تی و كۆلۆنیالیكردن و سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له‌دژی گه‌لی كوردستان.

ئاسۆ جەبار بۆ ئەو مەبەستە وتوێژی لەگەڵ نوسەرو رۆشنبیر ئیسماعیل حەمە ئەمیندا سازکردووە..

ئیسماعیل حەمە دەڵێت "یاداشتنامەکەی ئێمە ناچێتە کۆنتێستێکی هیچ حیزبێکی سیاسییەوە."

دەشڵێت "زۆر لام سەیر بوو ئەم هەڵمەتە کرا لەناوخۆدا بۆ ریفراندۆم... بەڵام هیچ فشارێک نابینم لەدەرەوە، بۆ نمونە هەموو ئەو حیزبە سیاسیانەی زیاد لە 7 حیزب هەمویان خەڵکیان هەیە لەدەرەوە، بەڵام هیچیان نایانەوێت فشاری جیهانی بکەن."

هەروەها دەشڵێت "ئەرکی رۆشنبیرو نوسەرو ئەکادیمییەکان ئەوەیە کە هۆشمەندی گشتی بجوڵێنێت."

XS
SM
MD
LG