Accessibility links

لایەنەکانی هەرێمی کوردسـتان باس لە هەڵوێستی خۆیان دەکەن لە بارەی پـرسی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا


ئەرشیفی وێنە
ئەرشیفی وێنە

لایەنە کوردیـیەکان باس لە هەڵوێستی خۆیان دەکەن لەسەر پرسی مامەڵەکردنی حکومەتی ناوەندی عیراق بە جیا لەگەڵ پارێزگاکان بە تایبەت لەگەڵ پارێزگای سلێمانی لەسەر بابەتی دابینکردنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو شارە لەلایەن بەغدادەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان زوو ئەو پێشنیارەی ڕەتکردوە و ئێستاش بە پێچەوانەی دەستوری عێراقی باس دەکات. لەو بارەیەوە خەسرۆ گۆران سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی ئەو پێشنیارە پێچەوانەی دەستوری عێراقیە، لەلایەکی ترەوە ئێمەی کورد سەد ساڵە خوێن دەڕێژین لانی کەم ئەگەر دەوڵەتیشمان نەبێت با هەرێمێکی یەکگرتومان هەبێت ناکرێت بگەڕێینەوە خاڵی سفر.

دەشڵێت هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر ئەو پێشنیارە قبوڵ ناکات ئەوە هەندێک لایەنی سیاسین نەک خەڵکی سلێمانی.

لە بارەی ڕازیبوونی حەیدەر عەبادی بەو پێشنیارە، دکتۆر موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی وتی هێندەی من ئاگاداربم حەیدەر عەبادی زۆر لەسەر ئەم بابەتی بودجە ڕژدە، بۆیە بڕواناکەم بچێتە ژێر باری ناردنی بودجە بە تەنها بۆ سلێمانی.

بە هەمان شێوە وادیارە باڵی زۆرینەی یەکێتیش ئەو پێشنیارە ڕەتدەکەنەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای وت ئێمە پێشتریش یاسای پارێزگاکانمان ڕەتکردوە تا کوردستان یەکگرتوو بمێنێتەوە وە یەک کوردستان هەیە کە گفتوگۆ دەکات لەگەڵ حکومەتی عێراق وە هەر فۆڕمێکی ترمان لە ڕابردودا ڕەتکردۆتەوە.

بەڵام پـێدەچێت باڵی ناوەندی یەکێتی لەگەڵ پێشنیارەکە بن. لەو بارەیەوە شاڵاو عەلی عەسکەری وتەبێژی باڵی ناوەندی یەکێتی وتی ئێمە لە پێشتر ڕامانگەیاند کە دژی دوو ئیدارەیین، بەڵام حاڵەتێک هاتۆتە پێش کە هیچ حورمەتێک بۆ قوتی خەڵک نەماوە وە ناکرێت نەگەڕێین بەدوای چارەسەردا.

شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی ئێو پێشنیارە هەڵوێستی فەرمی حیزبەکەیانە و هۆکار هەیە لەو بارەیەوە ڕۆژی750 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشرێت و قوتی خەڵک نەدرێت و داهاتەکەی بۆ دوو بنەماڵە دەبێت لەو سۆنگەیەوە ئەو پێشنیارەمان کردووە.

فراکسیۆنە ئیسلامیەکانیش لەگەڵ پـێشنیاری مامەڵەی جیای حکومەتی ناوەندی عێراقن لەگەڵ سلێمانی. دکتۆر موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی وتی ئێمە لەگەڵ هەر پێشنیارێکین بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران ئیتر ئەو موچەیە لە هەولێرەوە دەدرێت یاخود لە بەغداوە گرنگ ئەوەیە ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت.

هەروەها ئەحمەد حاجی ڕەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکەیانی دا. لەو بارەیەوە وتی ئێمە خۆمان بەشێکین لە هەوڵی چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەران، بەڵام بە مەرجێک کاریگەری لەسەر چوارچێوەی هەرێمی کوردستان نەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:54 0:00

XS
SM
MD
LG