سەرۆکی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر دەڵێت لە شاری هەولێر بە چەک و چەقۆ هێرشکراوەتە سەری و بە سەختی بریندارکراوە.
ڕابوون مەعروف دەشڵێت ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە کاتێک لە ماڵی خۆیان لە شاری هەولێر دەرچووە، زیاتر لە 10 ئۆتۆمبیلی چەکدار چواردەوریان داوە و پاشان هێرشیان کردووەتە سەری و زۆر بە خراپی برینداریان کردووە.
کۆمەڵێک وێنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوکراونەتەوە کە تیایدا نیشان دەدرێت خوێن لایەکی ڕوخساری داپـۆشیوە و جلوبەرگی خوێناوی بووە.
لەم بارەیەوە ئەحمەد زێباری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەولێر پەیوەندی بە عەمید عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پـۆلیسی هەولێر کردووە و ئەویش لە وەڵامدا گوتویەتی جارێ تاکید نین لە کوێ لە ڕابوون مەعروف دراوە و هەروەها هیچ سکاڵایەکیش بەدەستیان نەگەیشتووە. گوتوشیەتی لە ئێستادا بەداداچوونی خۆیان دەکەن.