Accessibility links

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت پاشگەزبوونەوە لە هەوڵی گەیشتن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیـیە

  • VOA News

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت هیچ پاشگەزبوونەوە لە هەوڵی گەیشتن بە دەوڵەتێـکی کوردی سەربەخۆ نیـیە و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و هێزەکانی ناوچەکە و جیهان بە ڕێکەوتنێـکی ئاشتیانە لەسەری بگەن.

مەسعود بارزانی لە چاوپێـکەوتنێـکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز کە ئەمڕۆ پـێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، گوتیشی پـێشبینی دەکات ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە کە بڕیارە لە 25 ی مانگی نۆی ئەمساڵ سازبکرێت " ئەرێ" ببێت.

سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکە، بارزانی ئاماژەی کردووە کە کاتی بۆ دەسـتنیشان نەکراوە، بەڵام گوتیشی هەر وەها بەبێ کاتێـکی دیاریکراو نامێنێتەوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت ڕەنگە ڕیفراندۆمەکە ببێتە خاڵێـکی دیکەی جێی ناکۆکی لە هەرێمەکەدا، بەو پـێـیەی هەریەک لە تورکیا و ئێران و سوریاش ژمارەیەکی گەورەی خەڵکەکەیان کوردن و هەروەها بۆ عێراقیش کە کوردێـکی زۆر لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکاندا هەن. ڕۆیتەرز دەشڵێت بەڵام بارزانی لە ئاستی ئەو مەترسیانەی کەمکردەوە.

لە ناو عێراق مەترسیـیەکان ڕوو لە زیادبوونن لەوەی ئامانجی ڕیفراندۆمەکە جیابوونەوە نەبێت، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی کورد بێت لە داواکاریـیەکانی بۆ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی وەکو شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت کە زیاتر لە 10 ساڵە چارەنووسی یەکلایی نەکراوەتەوە.

لە ناو هەرێمی کوردستانیش، پارتەکانی وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کە لێی جیابووەتەوە لەگەڵ سەربەخۆیـیدان، بەڵام نەک پـێویستە لە ژێر سەرکردایەتی بارزانی و پارتەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێتە دی.

سەبارەت بە چارەنووسی کەرکوک، بارزانی گوتویەتی بڕیاری خەڵکی کەرکوک لە ڕیفراندۆمەکە چی بێت دەبێت ڕێزی لێبگیرێت.

بارزانی لە بەشێـکی چاوپـێکەوتنەکە گوتویەتی ماوەی 14 ساڵە بەغدا داواکاریـیەکانی کوردی پشـتگوێ خستووە و هەموو جارێـک گوتویانە کاتەکە گونجاو نیـیە یان باش نیـیە. گوتی "پـرسیاری ئێمە ئەوەیە (کەی کاتەکە گونجاو ئەبێت؟).

گوتیشی" ئەوانەی دەڵێن سەربەخۆیی باش نیـیە، ئێمە پـرسیاریان لێدەکەین ئەگەر سەربەخۆیی باش نیـیە ئەی بۆچی بۆ تۆ باشە؟"

XS
SM
MD
LG