Accessibility links

ڕێکخراوی HRW ڕەخنەی توند لە حکومەتی هەرێم دەگرێت لەسەر دەستگیرکردنەکان لە دهۆک


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ڕەخنەی توند لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گیراوە لە بەرامبەر دەستگیرکردنی خەڵکی لەسەر هەوڵی خۆپـیشاندانەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی شاری دهۆک.

بەلقیس والی، لێکۆڵەری یەکەم لە بەشی قەیران و ناکۆکیـیەکان لە ڕێکخراوەکە، ڕاپـۆرتەکەی نووسیوە و بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە. دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم دوایـیانە بزمارێکی نوێی داکوتی بەسەر تابوتی ئازادی ڕادەربڕین لە عێراقدا، وە دەیان کەسی دەستگیرکردووە وەک هەوڵێک بۆ ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی خۆپـیشاندانێک کە پـێشتر پلانی بۆ دانرابوو.

بەپـێی ڕۆژنامەوانان و مامۆستایانی شاری دهۆک، فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم، لەوانە مامۆستایان، لەوەتای مانگی دووەوە موچەیان وەرنەگرتووە، دەڵێن بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و داڕمانی ئابوریـیە لە ئەنجامی کۆڤید – 19.کێشەی دواکەوتنی موچە لەوەتای ساڵی 2015 وە بەردەوامە و بووەتە هۆکاری ئەنجامدانی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی وە دەسەڵاتدارێتی کوردی بەردەوام بە دەسـتگیرکردن ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

دەشڵێت لە 13 ی مانگی پـێنج، کۆمەڵێک کە زۆربەیان مامۆستا بوون، داوایان لە پارێزگای دهۆک کرد مۆڵەتیان بداتێت بۆ ئەنجامدانی خۆپـیشاندان لە 16 ی مانگی پـێنج بە مەبەستی داوای پـێدانی موچەکانیان. مەرجی پـێدانی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی خۆپـیشاندان، لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافی خۆپـیشاندان یەک ناگرنەوە کە دەڵێت ئەگەر دەسەڵات لە ماوەی 48 کاتژمێردا وەڵامی داوای مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی خۆپـیشاندانی نەدایەوە، ئەوا بۆخۆی وەک پـێدانی مۆڵەتە.

لە 15 ی مانگی پـێنج، پارێزگای دهۆک ڕاگەیاندنێکی لەسەر فەیسبوکەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت پـرۆپاگەندە و ڕیکلام دەکرێن بە مەبەستی ئەنجامدانی خۆپـیشاندان، وە مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی ئەم خۆپـیشاندانە نەدراوە. هەڕەشەشی تێداکراوە ئەگەر ئەنجام بدرێت، ئەوا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بەپـێی یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپـیشاندانەکە، پارێزگای دهۆک بە فەرمی وەڵامی داوای مۆڵەتەکەی نەداوەتەوە، وە باس لەوە نەکراوە کە لەبەر کۆڤید – 19 مۆڵەت نادرێت.

لە 16 ی مانگی پـێنج، هێزەکانی ئاسایش خاڵی پـشکنین و بەرپەستیان دانا بە مەبەستی داخستنی ئەو شوێنەی بڕیاربوو خۆپـیشاندانەکەی لێبکرێت. لە هەردوو ڕۆژی 15 و 16 ی مانگی پـێنج، هێزەکانی ئاسایش دەیان خۆپـیشاندەریان دەستگیرکرد، بەلایەنی کەم دووانیان لە نێو ماڵەکانیان دەسـتگیرکران، وە ژمارەیەکی دیکەش دەستگیرکران لەوانەی لە 16 ی مانگ بۆ ئەوە مەبەستە هاتبوونە دەرێ. بەلایەنی کەم 8 ڕۆژنامەوان دەستگیرکران. زۆربەی دەستگیرکراوەکان پاش 5 کاتژمێر لەلایەن دەسەڵاتەوە ئازادکران، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی ڕێگە بگیرێت لە ئەنجامدانی ناڕەزایی ئاشتیخوازانە.

لە 19 ی مانگی پـێنج، دیندار زێباری، بەرپـرسی پەیوەندیـیەکانی هەرێم لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیـیەکان گوتی دەستگیرکردنەکان لە ئەنجامی ڕێکخستنی خۆپـیشاندانی بێ مۆڵەتەوە بووە، پاساوی بۆ دەستگیرکردنەکان هێناوەتەوە و گوتویەتی سەرپـێچی لە ڕێنمایـیەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید – 19 کراوە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی خۆجێی زۆربەی کۆتوبەندەکانی سەر هاتوچۆکردنیان هەڵگرتووە و هیچ باس لە بەربەستی بەردەم گردبوونەوە لەو کاتەدا لە ئارادا نەبوو.

بەلقیس والی کە شارەزایە لە بابەتەکانی پەیوەست بە ناوخۆی عێراق، لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەیدا دەڵێت زێباری و پارێزگاری دهۆک لە ڤیدیۆیەکدا دەڵێن "گروپی سیاسی لە پشت خۆپـیشاندانەکەوە بوون."ئەگەر ئەو تۆمەتە ڕاستبێت چ کێشەیەکی تێدایە؟ لە کەیەوە نایاسایی بووە خۆپـیشاندەر مەیلی سیاسی هەبێت؟ ئەمانە لێدوانی مەترسیدارن چونکە ئاماژەدەکەن لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەگەر ڕاوبۆچوونەکانت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە جیاوازبێت، ئەوا ڕێگەت پـێنادرێت بە ئاشکرایانە ڕاوبۆچوونی سیاسی خۆت دەرببڕیت.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، بەشداریم کردبوو لە زیاتر لە 12 کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم و لە هەموویاندا ستایشی ئاستی پابەندبوونیان بە مافەکانی مرۆڤ دەکرد بەراورد بە بەغدا. بەڵام ئەم ڕووداوەی دوایی پـیشانی دەدات هەرێمی کوردستان ئەو شوێنە سەلامەتە نیـیە بۆ گردبوونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادی ڕادەربڕین.

XS
SM
MD
LG