Accessibility links

لە دادگای هەولێر چوار لە چالاکانی بادینان سزادران و کەسوکاری ئەو سزادراوانەش نیگەرانیان دەربڕی


ڕۆژی دووشەممە دادگاییکردنی چوار ڕاگیراوی پارێزگای دهوک لە دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەی دادگادا بڕیاری سزادانی هەر چوار کەسە دەرچوو، سزادراوان پێکهاتبوون لە مەسعود شنگالی کە بە 3 ساڵ و 6 مانگ سزادرا و شێروان تاها بە 2 ساڵ و 6 مانگ سزادرا، و هەریەک لە کارکەر عەباس و بەندەوار ئەیوب ئەوانیش بە 1 ساڵ و 2 مانگ سزادران بەڵام ئەم دوو کەسە ئازاد دەکرێن چونکە ماوەکەیان تەواوبووە.

بەشدار حەسەن سەرپەرشتیاری گرووپی پارێزەرانی سزادراوانی پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گووتی" ئێمە بەو بڕیارە تووشی شۆک بووین و ماوەمان لە پێشە لەگەڵ تیمی پارێزەران بۆ ماوەی کەمتر لە 30 ڕۆژ تەمیزی ئەو بڕیارە دەکەین و لەڕووی یاساییەوە کۆمەڵێک ڕێگەمان لە پێشە و دڵنیاین لەوەی کە بەڕێزان لە دادگای تەمیز قەناعەتیان بەو بەڵگانە ناهێت کە پێشکەشکراون و لەوێ بڕیاری ئازادکردنیان دەردەچێت".

لە دادگای هەولێر ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی فڕاکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و کاندیدە دەرچووەکانی پەرلەمانی عێراق ئامادەبوون بۆ چاودێریکردنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئەو چوار کەسە.

عەلی حەمە ساڵح یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق کە لە هوڵی دادگا ئامادەبووە لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای وت" ئەمڕۆ بینیمان بە یەک تۆمەت بەبێ ئەوەی هیچ لەوانە هیچ بەڵگەیەکیان لەسەرهەبێت حوکمەکەیان دابەشی سێ کرا یەکێکیان بە سێ ساڵ و یەکێکی تر بە دووساڵ و دووانیان بە ساڵێک حوکمدران لەکاتێکدا پێمان وابوو ئەوانە ئیفراج دەکرێن چونکە ئەگەر شاهید نەبێت و تاوان ئەنجام نەدرابێت و هیچ بەڵگەیەکیش نەبێت و دەست بەسەر هیچ چەک و تەقەمەنیەکیشدا نەگیرابێت لەسەر چی ئەمانە حوکم دەدرێن؟ بۆیە هیوادارین تەمیز بە عادیلانە سەیری ئەم دۆسیەیە بکات".

نوێنەرانی رێکخراوە جیهانیەکان و چاڵاکانی سڤیلیش لە دادگای هەولێر ئامادەبوون و سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە خستەڕوو، کامەران مەلا عوسمان نوێنەری رێکخراوی cpt لە عێراق بە دەنگی ئەمەریکای وت" ئەم جۆرە بڕیارە جێگەی سەرسورمانی ئێمەبوو وەکو تیمی کوردستانی عێراقی cpt و جارێکی تر سەربەخۆیی دادگاکان کەوتنە ژێر پرسیارەوە و ئێمە وەک تیمی کوردستانی عێراقی cpt هاوشان لەگەڵ خانەوادەی زیندانیانی بادینان تاوەکو ئازادکردنیان بەردەوام دەبین هیوادارین دادگای تەمیزی بڕیارێکی دروست بدات و چیتر ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بە تاوان هەژمار نەکرێت".

کەسوکاری ئەو سزادراوانە بەو بڕیارەی دادگا زۆر نیگەران بوون و داوای ئازادکردنیان دەکەن و دەڵێن ئەو سزادراوانە بێ تاوانن لەسەر چ ئەساسێک حوکم دران لە کاتێکدا کە هیچیان نەکردووە و دەشڵێن مەسەلەکە سیاسیە، دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ئومێد موحسین وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری وەربگرێت سەبارەت بە هۆکارە سەرەکیەکانی سزادانی ئەو چوار کەسە و تومەتەکان بەگشتی و وردەکاری زیاتر لەسەر کەیسەکە بەڵام بەردەست نەبوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:23 0:00


XS
SM
MD
LG