Accessibility links

رێگەنەدان بە ڕۆیشتنى سەنگاوى بۆ هەولێر ئاڵۆزی سیاسى لێدەکەوێتەوە


ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنى مەحمود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى بۆ هەولێر لەلایەن کارماندانى بازگەى ئەو شارەوە، توڕەیى سەرکردایەتى یەکێتى بەدواى خۆیدا هێناوە و پەیوەندیەکانى نێوان پارتى و یەکێتى بردووەتە قۆناغێکى ئاڵۆزەوە.

لەکاتێکدا بەرپرسەکەى یەکێتى، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى حیزبەکەى بەرەو هەولێر رۆیشتووە، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەمە، لەلایەن کارمەندانى بازگەى هەولێرەوە، رێگرى لێکراوە و گەڕێنراوەتەوە.

حامیدى حاجى غالى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى و هاوڕێى نزیکى مەحمود سەنگاوى، قسەى بۆ دەنگى ئەمەریکا کرد و وتى"رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی دەرئەنجامى غرورى پارتى یە و بێ حورمەتیکردنە بە سەرکردایەتى یەکێتى."

وتیشى"ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ پارتى هەیە، بۆیە ئەم کارە قابیلى قەبوڵ نیە."

هەر دواى رێگریکردن لە رۆیشتنى مەحمود سەنگاوى بۆ هەولێر، لە تیف شێخ عومەر وتەبێژى سەرکردایەتى یەکێتى، کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بەست و رایگەیاند"ئەوەى ڕوویداوە قابیلى قەبوڵ نیە."

دەنگى ئەمەریکا، پەیوەندى بە ژمارەیەک بەرپرسى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندیەکانیان نەدایەوە، هاوکات بەهمەن کاکە پەرلەمانتارى پارتیش ئامادەنەبوو لەو بارەیەوە قسە بکات.

بەڵام سەرچاوەیەکى نزیک لەسەرکردایەتى پارتى، کە لەبەر هەستیارى بابەتەکە و سەرگرتنى هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە، داوایکرد ناوى نەبرێت، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"سەنگاوى هێزى لەگەڵ بووە، بۆیە نەیانهێشتووە بەو لەشکرەوە بڕواتە هەولێر."

وتیشى"بازگەکە بەزمانى رێزەوە، مەحمود سەنگاویان ئاگادار کردۆتەوە کە بەو لەشکرەوە، رێگەى چوونە هەولێرى پێنادرێت."

دەنگى ئەمەریکا، پەیوەندى بەمەحمود سەنگاویەوە کرد، بەڵام پاسەوانەکانى ئاماژەیان بەوەکرد، لەئێستادا ئامادەنیە هیچ قسەیەک بکات.

حامیدى حاجى غالى سەرکردەى یەکێتى، ئاماژەى بەوەکرد سەنگاوى چاوەڕوانى هەڵوێستى سەرکردایەتیە،وتى"گەر سەرکردایەتى یەکێتى هەڵوێستیان نەبێت، ئەوکات خۆى هەڵوێست دەردەبڕێت."

سەرکردایەتى یەکێتى گومان دەکەن بڕیارى رێگەنەدان بە ڕۆیشتنى سەنگاوى بۆ هەولێر، بڕیارى سەرکردایەتى پارتى بێت و پەیوەندى بە لێدوانەکانى سەنگاویەوە هەبێت لەسەر بارزانى، بۆیە دەیانەوێت کاردانەوە بنوێنن.

هەرچەندە سەرکردایەتى یەکێتى بەفەرمى راینەگەیاندووە، بەڵام زانیاریە نافەرمیەکان، ئاماژە بەوەدەکەن بڕیاریان داوە "تۆڵە"ى گێڕانەوەى سەنگاوى بکەنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:05 0:00


XS
SM
MD
LG