Accessibility links

دیمەن محەمەد: تیرۆر زۆرترین کەیسە لە چاکسازیـیەکەمان تۆمارکرابێت


بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی ھەولێر.. بە ھۆی لێبووردنی گشتییەوە ژمارەی سزادراوان و راگیراوان کەمی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی پار ئامارەکە لە ٣٠٠ کەیس تێپەڕیکردبوو. ئێستا تیرۆر وەک زۆرترین ژمارە ٨٧ کەیسی لە چاکسازییەکەدا ھەیە، جگە لە ٢٩ کەیسی کوشتن، لەگەڵ ٢٧ کەیسی ماددەی ھۆشبەر و کەیسی دیکەیش.

((دیمەن محەمەد)) بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان لە وەڵامی پرسیاری (دەنگی ئەمریکا) لە بارەی ھەبوونی کتێبخانە و خوێنەرانی ناو چاکسازییەکە گوتی:

ئێمە کتێبخانەیەکی گونجاومان بۆ سزادراو و راگیراوان ھەیە تا ئەو کاتەی لە چاکسازییەکە دەچنە دەرەوە. کتێبەکانمان بە ھەرەمەکی دانەنراون و بە پێی ئاستی رۆشنبیری سزادراو و راگیراوەکانن، لیژنەی تایبەتمان بۆ ئەوە ھەیە و خوێنەریشیان زۆرن.

بینای چاکسازییەکە بینایەکی بچووکە ئەمە نەبووەتە کێشە بۆ ئەو منداڵانەی لە لای دایکە سزادراو یان راگیراوەکانیان دەمێننەوە؟

لە وەڵامدا «دیمەن محەمەد»گوتی:

گەورەترین کێشەی ئێمە بینایە، لە ئێستادا بینایەکی تازەمان بۆ دانراوە بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی راگیراون. دەشڵێ: بینایەکەی ئێمە ١٠٠ بۆ ١٢٠ کەیس دەگرێت، لە کاتێکدا ئێستا ٢٣٨ کەیس لە ناو چاکسازییەکەمانە ئەمە لەگەڵ ٥٠ منداڵیش کە لای دایکیان دەمێننەوە. ئەم منداڵانە تاوانبار نین و لە خوێندن دادەبڕێن و ئێمەیش ناتوانین ھیچ شتێکیان بۆ بکەین.لەگەڵ ئەوەی بە پێی یاسا، منداڵ تا تەمەنی ٣ ساڵی دەتوانێ لای دایکە سزادراو یان راگیراوەکەی لە چاکسازییدا بمێنێتەوە، بەڵام ئێمە منداڵی تەمەن ١٠ ساڵیشمان لایە، ئەمەیش تاوانی ئێمەی تێدا نییە، چونکە کاتێک کاغەزی سزادراو یان راگیراو لە دادگا دێتە ناو چاکسازی، لەگەڵ ناوی دایکەکە ناوی منداڵەکەیشی لەگەڵدایە.

لەبارەی سزادراوە ژنە بیانییەکان و ھۆکارەکان گوتی:

بەشی زۆری پەیوەندییان بە جەنگەوە ھەیە، تاوانی تیرۆر و ماددەی ھۆشبەرن.

لە بارەی ژنانی داعش و ئەوانەیش کە لە ناو گروپی داعش چاڵاکیان ھەبووە « دیمەن محەمەد» گوتی:

ئێمە کێشەی بینامان ھەیە لە ھەر سێ پارێزگاکە، بەڵام ئەوانەی بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون لە ئەوانی دیکە جیاکراونەتەوە، لە بەرئەوەی نامانەوێ بیرۆکە و باوەڕەکانیان بگوازرێنەوە.

لە بارەی گۆڕانکاری لە بەرنامە و پڕۆگرامی چاکسازییەکەیش گوتی:

بەرنامە و پڕۆگرامی چاکسازییەکە بە پێی یاسای ساڵی ١٩٨٤ی عێراقی دەڕوا بەڕێوە، ئەم یاسایە یاسایەکی کاملە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لە ئاستی پێویست نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا ژیان لە گۆڕانە و بەپێی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان، وا باشترە ئەم یاسایەش دەستکاری بکرێ.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:40 0:00

XS
SM
MD
LG