Accessibility links

داعش سنورەکانى نێوان دەسەڵاتى خۆیان و پێشمەرگە لە کەرکوک بۆمب رێژ دەکەن


چەکدارەکانى داعش لەرۆژئاواو باشورى کەرکوک هەڵمەتێکیان بۆ چاندنى بۆمب لەو ناوچانە دەستپێکردووە کە تا ئێستا لەژێر کۆنترۆڵیاندایە، بەرپرسانى پێشمەرگەش هۆکارەکەى بۆ ئامادەکارى ئەو رێکخراوە بۆ شەڕى حەویجە دەگێڕنەوە.

موقەدەم هیمداد عومەر فەرماندەى پێشمەرگە لەرۆژئاواى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئامانجى داعش لە چاندنى بۆمب لەو ناوچانەى کە جوڵەى مەدەنى و سەربازیشى تێدایە، بۆ دروستکردنى بەربەستە لەبەردەم پێشرەوى کردنى هێزەکانى پێشمەرگە."

وتیشى"داعش هێزەکانى کردووەتە مەفرەزەى بچوک بچوکەوە و بەناوچەکەدا بڵاویکردونەتەوە."

بەهۆى زۆرى بۆمبە چێنراوەکانى داعشەوە، لەماوەى دوو مانگى رابردوودا ژمارەیەک لەو ئاوارانەى کەویستویانە بەقاچاخ حەویجە بەرەو سنورى کەرکوک جێبهێڵن، بۆمبیان پێدا تەقیوەتەوە و کوژراون.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى پێشمەرگە لەمیحوەرى باشورى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد داعش لە نزیک سەنگەرەکانى پێشمەرگە ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێلى بۆمب رێژکراوى ئامادەکردووە بۆ ئەوەى لەحاڵەتى هێرشکردنە سەریان بەکارى بهێنن .

ناوبراو وتى"داعش دەزانێت هێرشى حەویجە نزیکبوەتەوە بۆیە هەڵمەتى بۆمب چاندنى دەستپێکردووە و خەریکى ئامادەکردنى خۆکوژ و ئۆتۆمبێلى بۆمب رێژکراوە."

شەڕى موسڵ بەرەو کۆتایى دەروات و بریارە دواتر هێرشى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بۆ سەر قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک و ناوچەکانى دەوروبەرى دەست پێبکات ، هەرچەندە تائێستا پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەسەر میکانیزمى هێرشەکە رێکنەکەوتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:48 0:00

XS
SM
MD
LG