Accessibility links

کۆمپانیای گرافیکا زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە لە بارەی داخستنی پەیجە کوردیـیەکانی سەر فەیسبوک


پاش ئەوەی کۆمپانیای فەیسبوک ڕایگەیاند سەدان پەیج و ئەکاونتی ساختەی داخستووە کە سەرچاوەکانیان هەرێمی کوردستان بووە، کۆمپانیای گرافیکای بنکە لە نیویۆرک زانیاری زیاتری لە بارەیانەوە بڵاوکردووەتەوە.

گرافیکا ئەمڕۆ هەینی ڕاپـۆرتێکی 32 لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە ، دەڵێت ئەو پەیج و ئەکاونتانەی فەیسبوک دایخستوون، پشتیوانی کرابوون لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوسەرۆکەکەی لاهور شێخ جەنگی بۆ ڕەخنەگرتن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەرەکانی لە بنەماڵەی بارزانی.

گرافیکا دەشڵێت فەیسبوک بەر لەوەی ئەو پەیج و ئەکاونتانە دابخات لیستێکی لە بارەیانەوە دابوو بە کۆمپانیاکەیان تاوەکو توێژینەوەی سەربەخۆی لەسەریان بکات.

پاشان چەندان نمونەی ئەو پەیج و ئەکاونتەی بە وێنە پـیشانداوە. نمونەش دەهێنێتەوە کە چۆن هەندێکیان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا کاریان کردووە.

فەیسبوک پـێشتر ڕایگەیاند 324 پەیج و 71 ئەکاونت و 5 گروپی فەیسبوک و 31 ئەکاونتی ئنستگرامی ساختەیەی داخستووە کە سەرچاوەکانیان هەرێمی کوردستان بوون وە لێکۆڵینەوەکانیان دەریخستووە ئەو پەیج و ئەکاونتانە گریدرابوون بە کەسانێک کە پەیوەندیـیان بە دەزگای زانیاریـیەوە هەبووە.

دەشڵێت بە بەهای نزیکەی 270 هەزار دۆلار خەرج کراوە بۆ ڕیکلامی پـۆستەکانیان و زۆربەی بە دۆلاری ئەمەریکایی دراون.

بەپـێی فەیسبوک پەیجەکان کە بە زمانی کوردی و عەرەبی بوون، نزیکەی 4.4 ملیۆن فۆڵۆیان هەبووە، گروپەکانیش نزیکەی 160 ئەکاونت پەیوەندیـیان پـێوە کردوون. و ئەکاونتەکانی ئنستگرامیش نزیکەی 22600 فۆڵۆیان هەبووە.

XS
SM
MD
LG