Accessibility links

ئارام جەمال باس لە گرنگی سیستەمی نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات


یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن زیاد دەکات و دەنگدەران ناچار دەکات دەنگ بە کاندید بدەن نەوەک حزبە سیاسییەکان. ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن پێی وایە ئەم جۆرە سیستەمە ڕێگایەکی باشترە بەرەو دیموکراسی و وا لە دەنگدەران دەکات بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و نزیکیان هەبێت لەگەڵ ئەو کاندیدانەی دەنگیان پێدەدەن.

دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو لە خوارووی عێراق و ناسەقامگیری سیاسیی و فشاری شەقام لەسەر دەوڵەت، پەرلەمانی عێراق یاسایەکی نوێی بۆ هەڵبژارد دەرکرد کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکی بەرچاو بکات لە مەیدانی سیاسیی وڵاتەکەدا.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن، لە وتووێژێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە گرنگی سیستەمی نوێی هەڵبژاردن لە عێراقدا کرد و وتی:

"سیستەمی هەڵبژاردن لە جەوهەردا پرسێکی سیاسییه لەبەرئەوەی کاریگەری دەکاتە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. سیستەمی هەڵبژاردن بریتییە لە گۆڕینی دەنگی درووستی دەنگدەران بۆ کورسییەکانی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان. کە ئەوەت گۆڕی قەبارەی بازنەی هەڵبژاردنەکان و ژمارەی بازنەی هەڵبژاردنەکان دەگۆڕێت."

لە عێراقدا لە پێشدا 18 بازنەی هەڵبژاردن هەبوو. بەڵام لەم سیستەمە نوێیەدا 83 بازەی هەڵبژاردن هەیە.

ئارام جەمال پێی وایە "ئەم سیستەمە نوێیە هەنگاوێک زیاتر عێراق نزیکدەکاتەوە لە دیموکراسی بە حوکمی ئەوەی دەنگدەران بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆیان دەبێت لەگەڵ کاندیدەکانی هەڵبژاردن."

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، گۆڕانکارییەکی تری گەورەی ئەم سیستەمە ئەوەیە ، هەلێکی زۆر ڕەخساوە بۆ کاندیدانی سەربەخۆ تاکو بتوانن بە بێ پاڵپشتی حزبی هەڵبژاردن ببەنەوە ئەمەش پێچەوانەی ئەو سیستەمەی ڕابردوو بوو کە ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زیاتری دەدا بە حزبە سیاسییەکان.

ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنە، کە ڕێکخراوێکی ناحکومیی قازانجنەوسیتە کە لە ساڵی 2002ەوە هەتاکو ئێستا لەسەر پرسی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاساکانی هەڵبژاردن بەردەوامە لە کارکردن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:24 0:00


XS
SM
MD
LG