Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێک: هێزێک ویستویانە بە ڕەگەزنامەی ساختە دەنگ بدەن و هێرشیان كرده‌سه‌رم و لێیان دام


ڕۆژنامەنوس بڕیار نامیق پەیامنێری کەناڵی( کەی ئێن ئێن) دەڵێت" لەلایەن هێزێکەوە کە ویستویانە بە ڕەگەزنامەی ساختەوە دەنگ بدەن هێرشیان کردۆتە سەری و لێیانداوه‌.

لای خۆشیەوە دیاری محەمەد ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ بۆ مافی ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت" ئەمە یەکەم جار نیە هێز بە جلی مەدەنیەوە هێرش بکاتە سەر ڕۆژنامەنوس. زۆربەی حاڵەتەکان بەو جۆرەن، کاتێکیش لە ئاسایش دەپرسین دەڵێن هێزی ئێمە نەبووە.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی فەرمی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت" هەر کەس بێتە لای ئێمە سکاڵا تۆماربکات لێکۆڵینەوە دەکەین، بەڵام پۆلیس هیچ هێرشێکی نەکردووە، بە پێچەوانەوە هەمیشە هاوکاری ڕۆژنامەنوسان بوون."

بڕیار نامیق بە دەنگی ئەمریکای وت" ڕۆژی هەڵبژاردن من وەک پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی-کەی ئێن ئێن، دەمویست ڕووماڵ بکەم لە یەکێک لەو خوێندنگایانەی کۆمسیۆن ڕێگای بە ڕۆژنامەنوسان دابوو ڕوماڵی لێبکەن، بەڵام چەند کەسێک بە جلی مەدەنی هاتن لە بەردەم خوێندنگەی رەوشەن بەدر خان- لە شاری سلێمانی هێرشیان کردە سەرم هۆکارەکەی ئەوە بوو ئەو کەسانە "ئاسایشی"مەدەنی بوون و دەیانویست بە ڕەگەزنامەی ساختەوە دەنگ بدەن. دەرگای ناوەندی دەنگدانەکەیان داخست بەڕووی دەنگدەراندا منیش ویستم لە دەرگای پشتەوە بچم بۆ ڕوماڵ ئەو کەسانە هيرشیان کردە سەرم.

بڕیار وتیشی" لەو هێرشکردنەدا ئازاری زۆریان دام،لێیان دام، ئازاری زۆرتر به‌رده‌ستم كه‌وتووه‌، خەڵکەکە کە دەنگدەری ئاسایی بوو لەوێدا فریام کەوتن و منیان ڕزگارکرد، بەڵام وێنەگرەکەم ئازایانە خۆی ڕزگارکرد و منیان ڕزگارکرد."

لای خۆیەوە دیاری محەمەد بەدەنگی ئەمریکای وت" لەگەڵ ئەوەی کۆمسیۆن چەند خوێندنگایەکی بۆ ڕووماڵ دیاریکردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەەوە کەموکورتی لەکۆمسیۆن هەبوو ڕێ و شوێنەکان وەک پێویست نەبوو، بۆیە نەک بەتەنها بڕیار بەڵکو چەندین پێشێلکاری تر لەو ڕۆژەدا بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ڕویدا کەبووە هۆی عەیبدارکردنی پڕۆسەیەکی دیموکراسی وەک هەڵبژاردن."

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ئەوەشی وت:" وەک سەنتەری میترۆ پەیوەندیمان بە بڕیارەوە کرد، کە سکاڵا تۆماربکات بەڵام ڕەتیکردەوە بەداخەوە لەو هەموو پێشێلکاریەی ڕویدا یەک ڕۆژنامەنوس ئامادەبوو بێتە سەنتەری میترۆ بریکارنامە بداتە پارێزەرەکانمان کە ئێمە خۆبەخشانە کاری بۆ بکەین."

دیاری ئەوەشی وت" هەر لەسەر کەیسی بڕیار پرسیارمان لەدەزگا ئەمنیەکان کردووە، بەڵام ئاسایش دەڵێن پێمان بڵێن کام هێزە بووە، پۆلیسیش وادەڵێت."

وتیشی" ئەمە یەکەم جار نیە، زۆرجار ئەمە ڕوودەدات بەهۆی زۆری و جۆراو جۆری هێزەکان کەهەندێک لەوانە بەجلی مەدەنین کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنوس، لێیان دەپرسین هەریەکەیان دەڵێت نازانین و ئێـمە نەبوین، کام هێز بووە، هەر پێش ئەو ڕووداوەی بڕیار-لەلایەن پاسەوانە تایبەتیەکانی بەڕێەوەبەری ئاسایشی سلێمانیەوە هێرش کرایە سەر ڕۆژنامەنوس و سەرنوسەری وێستگەنیوز(سیروان غەریب).؟"

لای خۆیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی فەرمی پۆلیسی هەرێمی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" وەک پۆلیس هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر ڕۆژنامەنوسان لەم ماوەیەدا دوو هێرش کراوەتە سەر ڕۆژنامەنسان هیچیان سکاڵایان لەسەر پۆلیس نەبووە، بەپێچەوانەوە خۆیان دەزانن ئێمە هەمیشە هاوکارییان بوین."

لەبارەی "بڕیار نامیق"یشەوە وتی" بڕیار خۆی لەسێ ڕۆژی ڕابردوتر لامبووە هیچ سکاڵایەکی لەسەر پۆلیس نەبووە."

وتیشی" هەرکەس سکاڵای هەبێت ئێمە سکاڵاکەی وەردەگرین دەتوانین لەڕێگای وەرگرتنی گرتەی کامێراکان ئەوکەسانە بناسرێنەوە، یاخود ئێمە وەک پۆلیس بەنوسراو داوای فەرمی داوا لە ئاسایش دەکەین کە لەو بەروار و کاتەی هێرش کراوەتە سەر ئەو ڕۆژنامەنوسە ناوی کارمەندەکانی ئاسایش-مان بۆبنێرن تا لێکۆڵینەوە بکەین."

وتیشی" گرتەی کامێراکان لەڕێگای فرمانی دادوەرەوە دەتوانین دەستمان بکەوێت، هەر شوێنێکمان بوێت دەتوانین سەیری بکەینەوە کەسەکان بناسینەوە، وە لەگەڵ ئاسایشی سلێمانیدا هەماهەنگیمان هەیە خۆی لەکەیسی ڕۆژنامەنوسێکدا وتی" دادگا داوای هەر کارمەندێکی ئاسایش بکات ئێمە ئامادەین بینێرینە بەردەم دادگا."

سەبارەت بەو کەسانەی ئەو ڕۆژنامەنوسانە دەڵێن سەر بە هێزەکانی ئاسایش-ن و بەجلی مەدەنیەوە هێرش دەکەنە سەریان؟ نەقیب سەرکەوت ئەعمەد وتی" ئەو شوێنانە قەرەباڵغن، کەسەکان ناناسرێنەوە ڕەنگە ئاسایش نەبن، بەناوی ئاسایشەوە ئەوکارە بکەن، ڕەنگە خەڵکی ئاسایی بن، بەڵام ئێمە هەرکەس بێت سکاڵا تۆمار بکات پاش سکاڵا لێکۆڵینەوە دەکەین بزانین کێن؟"

XS
SM
MD
LG