Accessibility links

سەرۆکى حکومەتى هەرێم وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى دیاریکرد


نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رۆژى 30/9 ى ئەمساڵى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرد، لایەنەکانیش پێشوازى لە دەستنیشانکردنى وادەى هەڵبژاردنەکە دەکەن.

ئەکرەم ساڵح ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هۆکارەکەى ئەوەیە کە وادەى پەرلەمان لە مانگى ئەیلول کۆتایى دێت ، ناکرێت جارێکى تر تەمەنى پەرلەمان درێژ بکرێتەوە."

وتیشى"دیاریکردنى وادەى ئەو هەڵبژاردنە جگە لە کۆتایى هاتنى تەمەنى پەرلەمان، هیچ هۆکارێکى ترى نیە."

دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمان لەم کاتەدا کە تەنها چەند رۆژێکى ماوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، گومانى لاى بەشێک لە هێزە سیاسیەکان و تەنانەت خەڵکیش دروستکردووە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تێروانێکى وا لاى خەڵکى کوردستان دروست بووبوو، کە یەکێتى و پارتى نایانەوێت هەڵبژاردنى کوردستان ئەنجام بدەن و موماتەڵە دەکەن."

وتیشى"ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى بۆیە وادەکەى دیاریکرد تا کۆتایى بەو گومانە بهێنێت، هەروەها ئەو پرسەش وەکو دەستکەوتێک بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەکاربهێنێت."

لاى خۆشیەوە زانا رۆستایى ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى، ئاماژەى بەوەکرد ئەوان پێشوازى لە دەستنیشانکردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن، وتى"چونکە گومان هەبوو گەر دیاریکردنى وادەکە بخرێتە دواى هەڵبژاردنى عێراق و یەکێتى و پارتى لەم هەڵبژاردنەدا وەزعیان باش نەبێت، ئەوا هەڵبژاردنى کوردستان پەک بخەن."

چاوەڕوان دەکرێت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ململانێیەکى توند لە نێوان حیزب و لایەنەکاندا دروست ببێت، بەو پێیەى ئەنجامى ئەو هەڵبژاردنە پێگەى حیزبەکان لەسەر ئاستى کوردستان دیاری دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:19 0:00

XS
SM
MD
LG