سەرۆکى لیستى هاوپەیمانێتى وحیزبە کوردیەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەکەرکوک، لەئێستاوە پێشبینى دەکەن دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان، ببێتە هۆى لاوازبوونى پێگەى کورد لەو پارێزگایە.
محەمەد عوسمان سەرۆکى لیستى یەکێتى نیشتیمانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو گۆڕانکاریە سیاسى و عەسکەریانەى بەسەر کەرکوکدا هاتوون، گۆڕانکارى لە دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکانیشدا دروست دەکات."
وتیشى"خەڵکێکى زۆرى کورد ئاوارەى کەرکوک و سلێمانى بوون، لەبەرانبەردا عەرەبێکى زۆرى هاوردە گەڕاوەتەوە، بۆیە گۆڕانکاریەکان نارەوان و لەبەرژەوەندى کورد نابن."
لەکۆى 12 کورسى پەرلەمانى عێراق، کورد لەهەڵبژاردنى پێشودا 8 کورسى بەدەستهێنا، بەڵام بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو پێشبینى لەدەستدانى هەندێک لەو کورسیانە دەکرێت.
دکتور محەمەد، شوانى سەرۆکى لیستە هاوبەشەکەى ( گۆڕان ، کۆمەڵ ، هاوپەیمانى دیموکراسى و دادپەروەرى) لەکەرکوک، پێیوایە خەڵکێکى زۆرى کورد لەکەرکوک دەنگ نادات، چونکە خەڵک بێزارە و شۆکى 16 ى ئۆکتۆبەر بەرینەداوە.
دکتۆر محەمەد کە وەکو هاوڵاتى قسەى بۆ دەنگى ئەمەریکا کرد بەبیانوى ئەوەى هێشتا رێوشوێنە یاساییەکان ماویەتى تا وەکو سەرۆکى لیست ناوى بهێنرێت، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پیش ریفراندۆم خەڵکى کەرکوک هیوایەکى زۆرى هەبوو، ئێستا توشى نائومێدى بووە، بۆیە گەرم و گوڕکردنەوەى خەڵکى کەرکوک پێویستى بەدۆزینەوەى میکانیزمێکى گونجاو هەیە."
هەرچەندە کورد بەپەرتەوازەیى و فرە لیستى دەچێتە ململانێى هەڵبژاردنەوە لەکەرکوک، بەڵام عەرەب و تورکمان بە بەهێزتر لەجاران دێنە نێو ململانێکانەوە، بەتایبەت عەرەب پێشبینى 4 کورسى بۆ خۆى و تورکمانیش پێشبینى 2 بۆ 3 کورسى دەکات.
جوان حەسەن سەرۆکى لیستى یەکگرتووى ئیسلامى لەکەرکوک کە لیستەکەى کاندیدى بزووتنەوەى ئیسلامیشى تێدایە، ئاماژەى بەوەکرد حکومەتى عێراق وەکو دۆڕاوى سیاسى و سەربازى لەکورد دەروانێت، کە ئەمە کاریگەرى لەسەر پێگە و لەقاڵبدانى کورد دەبێت.
جوان حەسەن، بەپێویستى دەزانێت کورد لەهەڵبژاردنەکاندا گەرچى بەلیستى جیا بەشدارى دەکات، بەڵام گواستنەوەى ململانێکانى هەرێم بۆ کەرکوک و هەڵدانەوەى مەلەفى یەکترى و هێرشکردنى حیزبە کوردیەکان بۆ سەر یەک، کورد لەکەرکوک زەرەرمەند تر دەکات.
فرە لیستى هێزە کوردیەکان، لەکەرکوک لەکاتێکدایە پارتى دیموکراتى کوردستان وەکو گەورەترین هێزى سیاسى سەر ئاستى هەرێم بایکۆتى هەڵبژاردن لەکەرکوک دەکات، ئەمەش دواى نەگەیشتنە ئەنجامى هێزە کوردیەکان بۆ پێکهێنانى یەک لیستى هاوبەش بۆ هەموویان.