Accessibility links

زانیارى لەسەر مەترسیەکانى سەر بەنداوى دەربەندیخان


بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، دەڵێت تیمێکى پشکنینى پسپۆر سەرقاڵى ئەنجامدانى پشکنینن بۆ ئامێرە هەستیارەکانى بەنداوى دەربەندیخان و چر بە چرکە چاودێرى بەنداوەکە دەکەن.

بەهۆى بومەلەرزەکەى چەند شەوى رابردوەوە کە هەرێمى کوردستان و رۆژهەڵاتى کوردستانى گرتەوە، زیان بەر بەنداوى دەربەندیخان کەوتووە، هەربۆیە بەشێک لەبەرپرسانى هەرێم مەترسى داروخانى بەنداوەکەیان نەشاردۆتەوە و سەرقاڵى پشکنین و بەدواداچوونن.

رەحمان خانى بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"لەئێستادا تیمەکانى پشکنین سەرقاڵى کۆکردنەوەى زانیارین لەسەر ئامێرە هەستیارەکانى بەنداوەکە، تا بزانن چى ئاماژەیەکى مەترسیدار لە ئارادایە."

بەرێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، ئاماژەى بەوەکرد هەندێک ئامێر لە ژێر ئاودان و تیمەکان پشکنینیان بۆ دەکەن، دواى تەواو بوونى پشکنینەکان کاریگەریەکانى بومەلەرزەکە و قۆناغى مەترسیەکانى سەر بەنداوەکە روون دەبێتەوە کە لەچى ئاستێکدایە.

لەچەند رۆژى رابردوودا سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگرەکەى گەیشتنە قەزاى دەربەندیخان و لەکۆبونەوەیەکدا لەسەر بەنداوەکە مەترسیەکانى سەر بەنداوەکەیان تاوتوێکرد، هەریەک لەبەرێوەبەرى بەنداوەکانى هەرێم و عێراقیش دوو رۆژ و دوو شەو لەسەر بەنداوەکە مانەوە بۆ چاودێرى کردنى دۆخەکە.

بەرێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، ئاشکراشیکرد لەئێستادا تیمەکانى بەغدا لەسەر بەنداوەکەن و روپێوى سەبارەت بەکاریگەریەکانى بومەلەرزە لەسەر بەنداوەکە ئەنجام دەدەن.

لەچەند رۆژى رابردوودا کاتێک بەرپرسانى هەرێم مەترسیان لەسەر داروخانى بەنداوى دەربەندیخان هەبوو، چەند گەرەکێکى قەزاى دەربەندیخان و کەلار و هەندێک ناوچەى تر ئاگادارکرابونەوە لە مەترسیەکان، بەتایبەن کە لەحاڵەتى داروخانى بەنداوەکەدا زیان بەر ئەو گەڕەکانە دەکەوت.

XS
SM
MD
LG