Accessibility links

وردەکارى ڕووداوەکەى شەوى رابردووى گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ


شەوى ڕابردوو شەڕ و پێکدادان له ‌نێوان هێزەکانى دژەتیرۆرى یەکێتى و ژمارەیەک چەکدار لەنزیک گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ روویدا، لەئەنجامدا چەکدارێک گیانى لەدەستداو 3 چەکدارى تریش برینداربوون، 5 چەکداریشیان لەلایەن دژە تیرۆرەوە دەستگیرکراون.

گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ سەربە حکومەتى عێراقیە و سەرجەم زیندانیەکانى نێوى بەبریارى دادگاکانى عێراق دەستگیرکراون، لەئێستادا حکومەتى عێراق بریارى داخستنى ئەو گرتوخانە و گواستنەوەى زیندانیەکانى نێوى بۆ خواروى عێراق داوە.

بەپێى راگەیەنراوێکى دەزگاى دژەتیرۆرى یەکێتى، حکومەتى عێراق بریارى داخستنى ئەو گرتوخانەى داوە و شەوى رابردوو ویستویانە هاوکاربن بۆ گواستنەوەى زیندانیەکانى نێوى بۆ گرتوخانەى فیدراڵى سوسێ، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە هێرشیانکراوەتە سەر.

وەکو لەراگەیەنراوەکەى دژە تیرۆردا هاتووە"شەڕ لەنێوان هێزەکانیان و چەکدارەکاندا دروستبووە، بەو هۆیەوە چەکدارێک کوژراوە و 3 چەکداریش برینداربوون، 5 لەچەکدارەکانیشیان دەستگیرکردووە."

ئەو چەکدارانەى لەگەڵ دژەتیرۆردا ڕووبەرووى یەکترى بونەتەوە سەرجەمیان خەڵکى چەمچەماڵن، نارازى بوون لە داخستنى گرتوخانەکە و گواستنەوەى زیندانیەکانى نێوى، بۆیە ویستویانە رێگرى بکەن.

سەبارەت بەهۆکارى نارازى بوونى ئەو چەکدارانە لەداخستنى گرتوخانەکە، سەرچاوەیەکى ئاگادار بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەشێکى پەیوەندى بەوەوە هەبووە کە کەس و کارى زیندانیە کوردەکان دژى گواستنەوەى زیندانیەکان بوون بۆ خواروى عێراق."

وتیشى" بەشێکی تریشى پەیوەندى بەوەوە هەبووەبۆ دابینکردنى پێداویستیەکانى گرتوخانەى فیدراڵى چەماڵ، هەندێک لەچەکدارەکان گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتى عێراقدا هەیە، لەئێستادا پارەیان لاى حکومەتى عێراقەو ترسیان هەبووە گرتوخانەکە دابخرێت و پارەکەیان بفەوتێت، بۆیە نارازى بوون لەداخستنى گرتوخانەکە."

کادیر نازم، براى بێستون شەهید نازم کە لەرووداوەکەى شەوى رابردوو گیانى لەدەستدا، تەنها ئەوەندەى بەدەنگى ئەمەریکا راگەیاند"ئەوان سەرۆکى دەزگاى دژەتیرۆر بە تۆمەتبارى رووداوەکە دەزانن."

ئەو چەکدارانەى شەوى رابردوو گیانیان لەدەستداو برینداربوون، کەس و کاردارن لەنێو چەمچەماڵدا، بۆیە مەترسى روودانى شەڕ و کێشە لەئارادابووە، بەڵام بەپێى وتەى قایمقامى چەمچەماڵ هەوڵەکان بەردەوام بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە بەلێکتێگەیشتن.

رەمک رەمەزان قایماقامى چەمچەماڵ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کەسایەتى و خەڵکانى ریش سپى لەهەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکەن، چاوەرێى هیمەتى زیاتریشین بۆ ئەوەى شتى تر روونەدات و قوربانى لێبکەوێتەوە."

وتیشى"ئەوەى قسەى خێر بکات، ئێمە سوپاسى دەکەین."

گروتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ پێشتر 1780 زیندانى تێدابووە و ماوەى مانگ و نێوێکە لێیان دەگوێزرێتەوە، دواجار تەنها 400 زیندانى تێدا ماوەتەوە کە 300 زیندانیان کوردبوون، ئەمەش بەپێى وتەى قایمقامى چەمچاڵ.

رەمک رەمەزان وتى"ئێمە هەوڵێکى زۆرمان دا تا زیندانیە کوردەکان بۆ خواروى عێراق نەبرێن و بۆ گرتوخانەى سوسێ بگوێزرێنەوە، ئەوەبوو بریاردرا ببرێنە سوسێ."

لەئێستادا گرتوخانەى فیدراڵى چەمچەماڵ هێزێکى دژەتیرۆرى تێبراوە، قایمقامى چەمچەماڵ دڵنیانەبوو لەوەى زیندانیەکانى نێو گرتوخانەکە گواستراونەتەوە، یاخود بەهۆى روداوەکانى شەوى رابردوەوە پرۆسەى گواستنەوەیان راگیراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:27 0:00

XS
SM
MD
LG