Accessibility links

مەسعود بارزانی: سزادانی هەرێمی کوردستان سوودی نیـیە و تەنها گفتوگۆ چارەسەرە

  • VOA News

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی تەلەفیزیۆنی ڕاگەیاند و تیایدا پـێرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان کرد بەبۆنەی ئەو ڕیفراندۆمەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەربەخۆیی ئەنجام درا.

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە وتارەکەی ڕاگەیاند و سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ بەشداریکردنیان و هەروەها سوپاسی هێزەکانی پـێشمەرگە و ئاسایش و پـۆلیس کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی بینیبوویان لە بەڕێوەچوونی پـرۆسەی ڕیفراندۆمەکە.

پاشان بارزانی گوتی ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامیان داوە تاوان نیـیە و دژی هیچ بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی نیـیە و دەستوری عێراقیش ڕێگەی ئەم کارەیان پـێدەدات، بەو پـێـیەی حکومەتی بەغدا پابەندی دەستورەکە نەبووە.

دەشڵێت کوردستان ڕۆڵێـکی گرنگی لە دامەزراندنی عێراقی نوێ هەبووە، بەڵام بەغدا هەموو ڕێکەوتن و پەیمانەکانی پـێشێلکرد و بە دەنگی بەرز گوتوویانە "هاوپەیمانی کورد و شیعە نەما."

سەبارەت بەو ڕەخنانەی هەن کە دەڵێن ڕیفراندۆمەکە ناشەرعیـیە. مەسعود بارزانی گوتی "ڕێز لە ئیرادەی گەلی کوردستان بگرن. ئایا ڕەوایە دەنگی ملیۆنان مرۆڤ بە ناشەرعی بزانرێت؟ ئەم بۆچوونە دورە لە مەنتق. هەر گەلێک خۆی شەرعیەت بە بڕیاری خۆی دەدات نەک خەڵکی تر."

پاشان داوا دەکات هەڕەشەکان لە دژی هەرێمی کوردستان ڕابگیرێن و لە بری ئەوە بە شێوەیەکی دۆستانە گفتوگۆی جددی ئەنجام بدرێت تاوەکو" ببنە دوو دراوسێی باشی یەکتر."

بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە ڕیفراندۆمەکە بۆ سەپاندنی" ئەمری واقع" نیـیە و هەروەها بۆ دیاریکردنی سنووریش نیـیە، بەڵکو بۆ ئەوە بوو گەلی کوردستان بە شێوەیەکی دیموکراتی و ئاشتیانە ڕای خۆی لە بارەی چارەنووسی خۆی دەرببڕێت.

سەرۆکی هەرێم جارێکی دیکە داوای دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەکات و دەڵێت سەپاندنی سزا لەسەر هەرێمی کوردستان هیچ ئەنجامێـکی نابێت و تەنیا دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەرە.

پاشان ڕووی دەمی دەکاتە وڵاتانی دراوسێ و دەڵێت "ئێمە نامانەوێت بە هیچ شێوەیەک هیچ گرفتێک بێتە پێش. باشترە ئەوان هاوكار بن و ڕۆڵی ئیجابی بۆ چارەسەری گرفتەكان لە نێوان هەولێر و بەغدادا بگێڕن و گوێ له‌ هه‌رێم بگرن. ئەمە ڕێگە ڕاستەكەیە نەک هەڕەشە و گەفكردن."

هەروەها بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتیشی دووپاتکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە ئامادەی گفتۆگۆیە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سەرسامی خۆی دەربڕی لەوەی گەلێک بە شێوەیەکی دیموکراتی و ئاشتیانە ڕای خۆی درببڕێت و سزا بدرێت.

سەبارەت بە سیماکانی ئەو دەوڵەتەی بەنیازن دایبمەزرێنن، مەسعود بارزانی گوتی ئەوە گەل بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام ئەوەی دەیزانن" سیستەمێکی پەرلەمانی و فیدراڵی و دیموکراتی و مەدەنی" دەبێت.

XS
SM
MD
LG