Accessibility links

ئومێد خۆشناو:خۆزگه‌ پارێزبه‌ندیم له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرایه‌،هه‌ركاتێك پێویست بێت ئاماده‌م بچمه‌ به‌رده‌می دادگا


ئومێد خۆشناو -سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان

ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌م وتووێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌پرسی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی ده‌كات له‌ناو په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"كه‌ ده‌ڵێن زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ خراپه‌ ئێمه‌ پێمان سه‌یره‌ واته‌ به‌ڕاستی به‌ته‌نزه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانین "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌رله‌مانی هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌گیرێت له‌لایه‌ن هه‌ندێكه‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ سه‌ره‌ڕای كێشه‌كانی تر كۆبونه‌وه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی ده‌كه‌ن؟ له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ گوێمان له‌و ڕه‌خنانه‌ ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ به‌دیوێكی تر ده‌یبینین، پارێزبه‌ندی كه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار لاده‌درێت مۆڵه‌ت وه‌رگرتنه‌ بۆ نمونه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك یا فه‌رمانبه‌رێك كه‌ بانگ ده‌كرێت ئه‌وه‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتنه‌ واتای پارێزبه‌ندی به‌و جۆره‌ نیه‌ كه‌ ده‌بێت وای ببینین كه‌ په‌رله‌مانتار موقه‌ده‌سه‌ وه‌ ڕۆژنامه‌نوس نابێت بچێته‌ به‌رده‌م دادگا واتای پارێزبه‌ندی وای تێگه‌یشتووین (تۆ )كه‌ڕۆژنامه‌نوسی یا من كه‌ په‌رله‌مانتارم هه‌رچیمان بوێت بیكه‌ین كه‌س پێمان نه‌ڵێت نابێت وا بكه‌ن واته‌مۆڵه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ده‌چێته‌ به‌رده‌م دادگا ڕاستیه‌كان ده‌خاته‌ڕوو."

ئومێد خۆشناو ده‌شڵێت" له‌ "ته‌وقیتی" ئێستا كه‌ده‌ڵێن نه‌ده‌بوو وابكرێت وه‌ كاتی نه‌بوو، زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ خراپه‌ ئێمه‌ پێمان سه‌یره‌ واته‌ به‌ڕاستی به‌ته‌نزه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانین كاتێك ئه‌وان زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ پێكده‌هێنن پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ دیموكراسیه‌ وه‌ كاتێك له‌به‌رامبه‌رییان به‌كاردێت ده‌ڵێن كوده‌تایه‌ وه‌ك "بیدعه‌یه‌ك" هه‌یه‌ له‌ عیراق و كوردستان پێی ده‌وترێت ته‌وافوق پێویستی به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نه‌ده‌كرد ئه‌و لێكدانه‌وانه‌یان بۆ بكرێت ئێمه‌ پێمان وایه‌ كارێكی زۆر زۆر ئاسایی یه‌كێك له‌ ڕوكنه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان یه‌كێك له‌یاساكانی ئه‌م وڵاته‌ جێ به‌جێ كراوه‌."

"بڕوام به‌خۆم هه‌یه‌ قسه‌یه‌كم كردووه‌ ده‌بێت به‌ڵگه‌یه‌كیشم هه‌بێت "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌ستی چۆنه‌ كه‌ پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌گیراوه‌؟ ئومێد خۆشناو وتی" هه‌ستی شه‌خسی من وایه‌ خۆزگه‌ پارێزبه‌ندیم له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرایه‌، چونكه‌ من بڕوام به‌خۆم هه‌یه‌ قسه‌یه‌كم كردووه‌ ده‌بێت به‌ڵگه‌یه‌كیشم هه‌بێت خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی من كردوومه‌ نه‌توانم بیسه‌لمێنم ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ ئازایه‌تی و "جورئه‌تم" تێدایه‌ كه‌ داوای لێبوردن له‌و كه‌سه‌ بكه‌م كه‌ سكاڵاكه‌ی له‌سه‌ر نوسیووم، ئه‌گه‌ر ڕاستیشی تێدا بێت ئه‌وا سنگ و سه‌رم به‌رزتر ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی وڵاتی خۆم ڕاست بێژم وه‌ به‌رگری له‌و ڕاستبێژییه‌ی خۆشم ده‌كه‌م."

خۆشناو وتیشی"هه‌ركاتێك پێویست بێت ئاماده‌م بچمه‌ به‌رده‌می دادگا، من زۆرجار گفتوگۆیه‌ك ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم و خه‌ڵك له‌م وڵاته‌ هێشتا نه‌چویته‌ به‌رده‌م دادگا پێش وه‌خته‌ خه‌ڵك و ڕۆژنامه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌كان و لایه‌نی تر بڕیارده‌ده‌ن چاوه‌ڕێی بڕیاری حاكم ناكرێت، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش من تۆمه‌تێكم بۆ دروستكرا ئاماده‌م بچمه‌ به‌رده‌م دادگا بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ له‌ سه‌دا ملیۆن ده‌یسه‌لمێنم كه‌ وانیه‌ ئه‌وكات سه‌ربه‌رزتر ده‌بم نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ بابه‌تی تریش من باوه‌ڕم وایه‌ مرۆڤ ده‌بێت له‌دادگا نه‌ترسێت چونكه‌ یاسا له‌سه‌رو هه‌موومانه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ باسی لێوه‌ده‌كه‌ین."

" هیچ ڕێككه‌وتنێكی پێش وه‌خته‌ و نهێنیمان له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ نه‌بووه‌"

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕه‌تیكرده‌وه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكی نهێنی له‌نێوان پارتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بووه‌ ، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" ناهیچ ڕێككه‌تنێك نه‌بووه‌ نه‌سه‌باره‌ت به‌ دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان وه‌ نه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵ، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی تریش قسه‌مان كردبوو حه‌زمان ده‌كرد هه‌مووان به‌شداربن، وه‌ په‌رله‌مانتاری تری سه‌ربه‌خۆ هه‌بوون به‌شدارییان كرد و قسه‌شیان كرد وه‌ ده‌نگیشیان نه‌دا، به‌ڵام ئه‌وان له‌دواین ساتدا بڕیاریاندا نه‌یه‌نه‌ ناو كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌كاتێكدا ڕێژه‌یی یاسایی دانیشتنه‌كه‌ ته‌واوكرابوو."

"سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ به‌ئێمه‌یان وت( هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌مان گرتۆته‌به‌ر دیاره‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌(سۆران عومه‌ر) نه‌یویستووه‌ قسه‌بكات ئێوه‌ ئازادن ڕێكاره‌ یاساییه‌كان بگرنه‌به‌ر."

ئومێد خۆشناو ئه‌وه‌شی وت" پێشتر گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ هه‌بووه‌ داوامان كردووه‌ كه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ به‌ڵگه‌كان بداته‌ داواكاری گشتی خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ناكات به‌ڵگه‌ی له‌لانیه‌ ئه‌وا داوای لێبوردنێك بكات یاخود ئێمه‌ ڕێكاری په‌یڕه‌وی ده‌گرینه‌به‌ر، به‌ڕێزان له‌سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ به‌ئێمه‌یان وت( هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌مان گرتۆته‌به‌ر دیاره‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌(سۆران عومه‌ر) نه‌یویستووه‌ قسه‌بكات ئێوه‌ ئازادن ڕێكاره‌ یاساییه‌كان بگرنه‌به‌ر."

به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵ(سۆران عومه‌ر) له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی به‌ڵگه‌كانی خستبووه‌ڕوو؟

له‌وه‌ڵامدا ئومێد خۆشناو وتی" ئه‌وكات ڕێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌ستیپێكردبوو له‌دواین ساتدا ئه‌و به‌ڕێزه‌ (سۆران عومه‌ر) هات كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌نجامدا یه‌ك سایتی كرده‌ به‌ڵگه‌ من نازانم، من دادوه‌ر نیم به‌س بابچوایه‌ به‌ڵگه‌كانی بدایه‌ به‌ داواكاری گشتی نه‌ك له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی كه‌هه‌مان قسه‌كانی پێشووی دوباره‌ كرده‌وه‌."

"ده‌نگم به‌خۆم دا پارێزبه‌ندیم له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت به‌س ده‌نگم به‌كاك عه‌لی حه‌مه‌ساڵح نه‌دا، له‌گه‌ڵ شیرین خان-یش هاوسۆزین "

ده‌رباره‌ی هۆكاری ده‌نگ نه‌هێنانی دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (شیرین ئه‌مین ، و عه‌لی حه‌مه‌ساڵح) ؟

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند" به‌دڵنیاییه‌وه‌ من پێم وایه‌ یه‌كێكیان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان سۆز و عاتیفه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ "خوشكی به‌ڕێزمان شیرین خان" هه‌یه‌ ئافره‌تێكی سته‌ملێكراوه‌، خێزانی (كاك كاوه‌ گه‌رمیانییه‌) كه‌شه‌هید بوو، وای بۆ ده‌چم ئه‌وه‌ كاریگه‌ری هه‌بوبێت، دووه‌م ،"كاك عه‌لی" وه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئێمه‌ نه‌مانویستووه‌ پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵبگرین چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌مان بكردایه‌ (پارێزبه‌ندیمان له‌سه‌ر هه‌ڵبگرتایه‌) ئه‌وا كاریگه‌ری ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و ڕێككه‌تن و تێگه‌یشتنانه‌ی هه‌مانه‌ پێكه‌وه‌ له‌حكومه‌ت وه‌ كاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو فراكسیۆن وای بۆ ده‌چم له‌و چوارچێوه‌یه‌ بێت."

سه‌باره‌ت به‌جیاوازی ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی ؟

ئومێد خۆشناو وتی" بۆخۆم ده‌نگم به‌خۆم دا له‌گه‌ڵ دوو په‌رله‌مانتاری تر كه‌ پارێزبه‌ندیم له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت به‌ڵام من خۆم ده‌نگم به‌ "كاك عه‌لی" نه‌دا كه‌ پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ نۆرماڵن و له‌ ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌ یاساكانیشدا ڕووده‌دات كه‌واته‌ ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكی نهێنی و تاكتیك و سوڕانه‌وه‌یه‌كی تێدا نه‌بووه‌، به‌ڵام من به‌فراكسیۆنه‌كه‌مم وتبوو هه‌ر بڕیارێك له‌سه‌ر من ده‌ده‌ن ئازادن و پابه‌ند ده‌بم پێوه‌ی."

" هیوادارم هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌بێت كه‌خۆی ڕایگه‌یاندبوو "

له‌باره‌ی ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌؟

ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت" ئه‌و بڕیاره‌ هیچ جیاوازی نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماده‌بێت یا ٩٩ په‌رله‌مانتار ده‌نگی پێبدات ڕێكاره‌كان ته‌واو یاسایی بوون به‌ڵام پێمان خۆش نه‌بوو وه‌ نیه‌، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ هی پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كان نابینین ڕاسته‌ له‌چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتن دابه‌شكراوه‌، به‌ڵام لای ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌ كه‌س نوێنه‌ری پارتی، یا یه‌كێتی، یا توركمان و پێكهاته‌كان نیه‌ بۆیه‌ هیوادارین سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان نه‌كه‌وینه‌ ناو مشتومڕه‌ سیاسیه‌كانی كه‌ ئێمه‌ له‌ناو فراكسیۆنه‌كان ده‌یكه‌ین چونكه‌ ئه‌وانن دواجار به‌رپرسیارێتیان له‌سه‌ر شانه‌، بۆ نمونه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌ جا خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌ و "ته‌شه‌نوجاته‌" به‌رده‌وامی هه‌بێت كۆبونه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ناچێت ."

خۆشناو ئه‌وه‌شی وت" هیوادارم هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌بێت كه‌خۆی ڕایگه‌یاندبوو" له‌چوارچێوه‌ی پارێزگاری له‌په‌رله‌مانتار ڕێگه‌ نادات پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هیچ په‌رله‌مانتارێك هه‌ڵنه‌گیرێت " هیوادارم ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌بێت كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌ی به‌شداری نه‌كرد و بایكۆتی كرد."

" ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری تریش ماون پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت "

هه‌ندێك پێییان وایه‌ دانانی ناوی ئێوه‌ وه‌ك داوێك بووه‌ بۆ په‌له‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی مه‌به‌ست له‌وه‌ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییه‌ به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌؟

له‌وه‌ڵامدا ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت" نازانم هه‌موو بابه‌ته‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ برا كه‌ ته‌نها بۆ به‌ڕێز (كاك سۆران عومه‌ر)ه‌ شته‌كه‌ به‌وجۆره‌ نیه‌، نازانم سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌كه‌ی واژۆ نه‌كردووه‌ ئێ با قبوڵی نه‌كردایه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری تریش ماون كه‌ له‌ڕۆژانی ئاینده‌ ده‌خرێنه‌ ناو كارنامه‌ی دانیشتنه‌كان بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌رییان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نه‌كرا ئه‌وكات ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ سیناریۆیه‌ك بوو كه‌كرا وه‌ ده‌بێت بخرێنه‌ ده‌نگدان جا ده‌نگ ده‌هێنێت یا نا ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:37 0:00


XS
SM
MD
LG