Accessibility links

قه‌هوه‌چی:هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار بۆ ڕێز گرتنه‌ له‌یاسا،یاساش له‌پارێزبه‌ندی گه‌وره‌تره‌ له‌سه‌رووی هه‌موومانه‌


مونا قه‌هوه‌چی سكرتێڕی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی-عیراق

مونا قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی-عیراق ده‌ڵێت"هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار جێبه‌جێكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانه‌ بۆ ڕێز گرتنه‌ له‌یاسا چونكه‌ له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ ئه‌م داواكاریه‌ هاتۆته‌ لای ئێمه‌، وه‌ یاساش له‌پارێزبه‌ندی گه‌وره‌تره‌ و یاسا له‌سه‌رووی هه‌موومانه‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مان په‌یڕه‌وی ناوخۆ جێبه‌جێده‌كه‌ین، له‌وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییه‌كه‌یان، مونا قه‌هوه‌چی وتی" ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ ده‌ده‌ن ، ئه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن كێ وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌!؟ هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێزانه‌شه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، ئه‌ی بۆچی ئه‌و كاته‌ ڕازی بوون ئه‌و مادده‌یه‌ هه‌بێت له‌و په‌یڕه‌وه‌دا.سه‌رجه‌م فراكسۆنه‌ جیاجیاكان له‌كاتی نوسینی هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له‌ سۆشیال میدیا باسی ئه‌و دۆخه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و بابه‌ته‌یان وروژاندووه‌، خۆشیان ئه‌ندام بوون له‌ هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ، ده‌یاتوانی ئه‌وكات ئه‌و مادده‌ لابه‌ن له‌ناو په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ده‌شڵێت"من وه‌كو سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان سبه‌ینێ هه‌ر سكاڵایه‌كی یاسای له‌سه‌رم تۆمار بكرێت، من به‌رامبه‌ر یاسا مل كه‌چ ده‌بم، لای من پۆسته‌كه‌م گرنگ نیه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆم یاسا سه‌روه‌ره‌ له‌م وڵاته‌."

"كۆبونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی په‌رله‌مان "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند" ڕۆژی چوارشه‌مه‌ كاتژمێر دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت پاش ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌مانتوانی له‌به‌ر ڤایڕه‌سی په‌تای كۆرۆنا وه‌كو دامه‌زراوه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان و ڕێز گرتن له‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بۆیه‌ بڕیارماندا له‌4/4 كۆبونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسۆنه‌كان ئه‌نجامماندا بۆ وه‌رگرتنی بۆچون و ڕای سه‌رجه‌م فراكسۆنه‌كان كه‌ ئاماده‌كاری بكرێت بۆ دانیشتنی داهاتوی په‌رله‌مان. له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ هه‌موو فراكسۆنه‌كان و په‌رله‌مانتاره‌كان له‌ مانگی سێ ده‌توانن پرۆژه‌و پێشنیازی یاسا پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكه‌ن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و مانگه‌دا نه‌یان توانی پێشكه‌شی بكه‌ن له‌به‌ر ڤایرۆسی په‌تای كۆرۆنا، بۆیه‌ به‌پێویستمان زانی پاش ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانیش هه‌موویان كۆ ده‌نگ بوون كه‌وا پرۆژه‌و پێشنیارو بڕیار، بتوانیین خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكه‌ین تاكو په‌سه‌ند بكرێت له‌ په‌رله‌مان و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆیان قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌."

وتیشی" بڕگه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاتنی دوو وه‌زیره‌ ، وه‌زیری په‌روه‌رده‌و وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌كاتێكدا به‌شێك له‌ قوتابیانی كوردستان ناڕازین له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌كه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌شێك له‌ناوچه‌كان هێڵی ئینته‌رنێت لاوازه‌ بۆیه‌ ڕیگه‌چاره‌یه‌ك، ده‌زوازه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌ كه‌چۆن خۆمان ده‌رباز بكه‌ین له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆیه‌ به‌پێویستمان زانی ئه‌و دوو وه‌زیره‌ بانگ بكرێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌تێر و ته‌سه‌لی باس بكرێت و په‌رله‌مانتاره‌كانیش بۆچون وپێشنیازی تازه‌یان بخه‌نه‌ ڕوو."

"یاسا له‌پێش په‌یڕه‌وی ناوخۆوه‌یه‌ "

ده‌رباره‌ی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری هه‌رێم كه‌ باسی لێوه‌ده‌كرێت؟ مونا قه‌هوه‌چی وتی" ده‌بێت هه‌موو مادده و بڕگه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان وه‌كو خۆی جێبه‌جێبكرێته‌وه‌ كه‌ به‌پێی مادده‌ی 24كه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان هاتووه‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ئه‌گه‌ر هاتوو سكاڵا له‌سه‌ری تۆماركرا، داواكاری گشتی داوای كرد و له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان چه‌نده‌ها جار به‌نوسراو ئاراسته‌ی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌ له‌ناو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ڕاوێژ كراوه‌، خۆمان ده‌زانیین یاسا سه‌روه‌ره‌، یاسا له‌پێش په‌یڕه‌وی ناوخۆوه‌یه‌، وه‌ ئێمه‌ پابه‌ندین به‌و په‌یڕه‌وه‌ی كه‌ خۆمان ده‌نگمان پێی داوه‌. بۆیه‌ به‌پێویستمان زانی كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بێت له‌هه‌موو كاروچالاكیه‌كاندا وه‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی كه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردووه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێبكرێت."

قه‌هوه‌چی وتیشی" زۆر ئاساییه‌ كه‌ بڕیار بدرێت له‌سه‌ر هه‌ر په‌رله‌مانتارێك بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی به‌ڵام سۆشیال میدیا به‌شێوازێكی زه‌قی ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارێك ئه‌وه‌ ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی عه‌تف و سه‌رنجی به‌شێك له‌خه‌ڵكی كوردستانه‌ ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كوردستان خاڵی په‌یڕه‌وی چۆنه‌ جێ به‌جێ ی ده‌كه‌ین."

"ئێمه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانمان په‌سه‌ند كردووه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مان خۆمان ڕێزی لێ نه‌گرین، ئه‌ی چۆن ده‌توانیین كارو ئه‌دای په‌رله‌مانی به‌ڕێوه‌ببه‌ین "

"ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌مان كرد و بڕیارماندا هه‌ر له‌یه‌كه‌م ده‌ستپێكی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان وه‌كو خۆی جێ به‌جێ بكرێت، ئێمه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانمان په‌سه‌ند كردووه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مان خۆمان ڕێزی لێ نه‌گرین، ئه‌ی چۆن ده‌توانیین كارو ئه‌دای په‌رله‌مانی به‌ڕێوه‌ببه‌ین، وه‌ به‌ته‌نها یه‌ك په‌رله‌مانتار نیه‌ كه‌ سكاڵا له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، من خۆم وه‌كو سكرتێری په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆی ئێمه‌یه‌ چی له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆمان دانراوه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكراوه‌، وه‌كو خۆی جێ به‌جێی ده‌كه‌ین." مونا قه‌هوه‌چی وای وت"

"هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی بۆ ڕێز گرتنه‌ له‌یاسا، وه‌ یاساش له‌پارێزبه‌ندی گه‌وره‌تره‌ و یاسا له‌سه‌رووی هه‌موومانه‌."

سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌قسه‌كانتدا ئاماژه‌ت به‌وه‌كرد كه‌ وه‌ك سكرتێری په‌رله‌مان ده‌ڵێیت ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌م خوله‌دا له‌سه‌ره‌تاوه‌ كۆبوینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕابین، به‌ڵام دوێنێ نامه‌یه‌كی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی نیم له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار (سۆران عومه‌ر)، مونا قه‌هوه‌چی وتی " ئێمه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانیین كه‌ بچینه‌ په‌رله‌مان پارێزه‌ری مافی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان بین، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا بڵاو بۆته‌وه‌ له‌سۆشیال میدیا كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕاوبۆچونی خۆی نوسیووه‌، زۆر ئاساییه‌، ئێمه‌ ڕێز له‌سه‌رجه‌م ڕاوبۆچوونه‌كان ده‌گرین، ئێمه‌ش ئه‌و نامه‌یه‌مان لایه‌. ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر چاره‌نوسی خه‌ڵكی كوردستان ، كۆكین له‌سه‌ر پاراستنی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌و بابه‌تانه‌ زۆر ئاساییه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌شێوازێك ده‌خوێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆچوونی خۆیه‌تی ڕێزمان هه‌یه‌ بۆ بۆچوونه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ناو نوسینه‌كه‌دا نوسیویه‌تی ڕاتان به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وسكرتێری په‌رله‌مان. وه‌ ئێمه‌ش ڕای خۆمان نوسیوه‌ به‌پێ ی خاڵی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، وه‌ ئه‌وه‌ش ڕوونه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ بۆ ڕێز گرتنه‌ له‌یاسا. وه‌ یاساش له‌پارێزبه‌ندی گه‌وره‌تره‌ و یاسا له‌سه‌رووی هه‌موومانه‌."

"هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی ڕێزگرتنه‌ له‌یاسا چونكه‌ له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ ئه‌م داواكاریه‌ هاتۆته‌ لای ئێمه‌ "

سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه‌" هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی ڕێزگرتنه‌ له‌یاسا چونكه‌ له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ ئه‌م داواكاریه‌ هاتۆته‌ لای ئێمه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ڕێز له‌یاسا نه‌گرین، ئه‌ی بۆچی ئه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆیه‌مان داناوه‌ و په‌سه‌ند كراوه‌؟! بێگومان په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و مادده‌یه‌ی كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی په‌رله‌مانتارانه‌، وه‌كو خۆی جێبه‌جێكراوه‌. ئه‌وه‌ی له‌ سۆشیال میدیا باس ده‌كرێ ، ئه‌وه‌ جارێ بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه‌، به‌ڵام هه‌ركاتێك بڕیاری له‌سه‌ر درا واته‌ جێبه‌جێكردنی خاڵی په‌یڕه‌ویه‌."

"به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی دژی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندین خۆیان ده‌نگیان به‌و مادده‌یه‌ داوه‌ "

سه‌باره‌ت به‌لێدوانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح) كه‌ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی به‌ مه‌هزه‌له‌ ناوبردبوو، مونا قه‌هوه‌چی وتی" باشه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ ده‌ده‌ن ، ئه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن كێ وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌! هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێزانه‌شه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، ئه‌ی بۆچی ئه‌و كاته‌ ڕازی بوون ئه‌و مادده‌یه‌ هه‌بێت له‌و په‌یڕه‌وه‌دا.سه‌رجه‌م فراكسۆنه‌ جیاجیاكان له‌كاتی نوسینی هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له‌ سۆشیال میدیا باسی ئه‌و دۆخه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و بابه‌ته‌یان وروژاندووه‌، خۆشیان ئه‌ندام بوون له‌ هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ، ده‌یانتوانی ئه‌وكات ئه‌و مادده‌ لابه‌ن له‌ناو په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، (مادده‌ی 24 ده‌ڵێت هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌كاتی هه‌ر سكاڵایه‌كی یاسایی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار.) هه‌ر په‌رله‌ماتنارێك ده‌نگی له‌سه‌ردابێت وه‌ ڕازیش بووه‌ بۆ جێ به‌جێ كردن، ده‌بێت ملكه‌چیش بێت به‌رامبه‌ر یاسا."

"من وه‌كو سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان سبه‌ینێ هه‌ر سكاڵایه‌كی یاسای له‌سه‌رم تۆمار بكرێت، به‌رامبه‌ر یاسا مل كه‌چ ده‌بم، لای من پۆسته‌كه‌م گرنگ نیه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆم یاسا سه‌روه‌ره‌ له‌م وڵاته‌ . ئه‌گه‌ر یاسا جێ به‌جێ نه‌كرێت، واته‌ ئه‌و وڵاته‌ ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌یت."مونا قه‌هوه‌چی واده‌ڵێت"

"له‌م دوو ڕۆژه‌دا بۆمان ئاشكرا ده‌كات كه‌ ژماره‌یان چه‌نده‌ "

مونا قه‌هوه‌چی ڕه‌تیكرده‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ژێر فشاردا بێت بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار و وتی" له‌ژێر هیچ فشارێكی سیاسی نین، ئێمه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ داین په‌یڕه‌و وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت."

ده‌رباره‌ی ژماره‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر كراوه‌ و داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌لایه‌ن دادگاوه‌؟ قه‌هوه‌چی وتی" ئه‌وه‌ كاروباری په‌رله‌مان ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات له‌م دوو ڕۆژه‌دا بۆمان ئاشكرا ده‌كات كه‌ ژماره‌یان چه‌نده‌."

" په‌رله‌مانی كوردستان هه‌میشه‌ پارێزه‌ری خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌تایبه‌تی موچه‌ خۆران "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی كه‌ده‌ڵێن په‌رله‌مانی كوردستان له‌م كاته‌دا له‌بری سه‌رقاڵبوون به‌ گرفته‌كانی خه‌ڵك و نه‌بوونی مووچه‌، مونا قه‌هوه‌چی وتی" سه‌باره‌ت به‌نه‌بوونی موچه‌ له‌هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م فراكسۆنه‌ جیاجیاكانی په‌رله‌مانی كوردستان، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتنه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی داتاو به‌ڵگه‌كانیان ڕوون كرده‌وه‌ بۆ فراكسۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ پرسیاریان ئاراسته‌ كرد و ڕێگه‌چاره‌شیان بۆ دۆزینه‌وه‌، وه‌ ئێستا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین چونكه‌ بارودۆخی عێراق له‌دۆخێكی ناهه‌مواردایه‌ له‌سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌وه‌ی شاندی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا بۆئه‌وه‌ی ده‌ست به‌گفتوگۆ بكات. بێگومان په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و كاته‌ هه‌ڵوێستی خۆی ده‌بێت و هه‌میشه‌ پارێزه‌ری خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌تایبه‌تی موچه‌ خۆران، بۆیه‌ به‌پێویستمان زانی كه‌ هه‌میشه‌ پێویسته‌ موچه‌ له‌كاتی خۆی بدرێت به‌ڵام هاتنی په‌تای ڤایڕه‌سی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كه‌م بوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ بێگومان زیانی ده‌بێت و كاریگه‌ریشی ده‌بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:23 0:00


XS
SM
MD
LG