Accessibility links

وته‌بێژی داواكاری گشتی هه‌رێم:داواكاری گشتی به‌رپرسیاره‌ له ‌مافی گشتی جا مافه‌كه‌ لای حكومه‌ت بێت یان ڕێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان یاهه‌ركه‌س


دادوه‌ر پشتیوان سمكۆ-وته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان

دادوه‌ر پشتیوان سمكۆ وته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان له‌ وتووێژێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی هه‌ندێكجار ڕۆژنامه‌وان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ له‌كاتی كاردا ده‌ستگیرده‌كرێت و یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی پێێشێل ده‌كرێت ده‌ڵێت" داواكاری گشتی له‌كوردستان به‌رپرسیاره‌ له‌مافی گشتی جا مافه‌كه‌ لای حكومه‌ت بێت یان ڕێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان بێت یان خه‌ڵكێكی مه‌ده‌نی بێت له‌زاخۆوه‌ تا خانه‌قین به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌ جیاوازه‌كان و ڕێكخراو و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان واته‌ داواكاری گشتی به‌رگری له‌مافی هه‌موویان ده‌كات بێ جیاوازی، بۆیه‌ دادگا ده‌رگای كراوه‌یه‌، وه‌ داواكاری گشتیش ده‌رگای كراوه‌یه‌ هه‌ركه‌س وه‌ك پیشه‌كه‌ی ده‌توانێت بێت و سكاڵای یاسایی خۆی تۆماربكات وه‌ ئێمه‌ به‌دواداچونی ته‌واوی بۆ ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ پێشێلی مافیان كرابێت"

"هیچ داوایه‌ك نه‌جوڵێنراوه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ كه‌سێكه‌وه‌"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان وتی" ئه‌و سكاڵایانه‌ی په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ داموده‌زگاكان و ڕێكخراوه‌كان و حكومه‌ته‌وه‌ به‌پێی یاسای داواكاری گشتی مادده‌ 7 كه‌ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر داوایه‌ك په‌یوه‌ندی هه‌بوو به‌مافی گشتیه‌وه‌، له‌سه‌ر داواكاری گشتی واجبه‌ كه‌ یه‌كسه‌ر به‌رزی بكاته‌وه‌ بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی(دادگای لێكۆڵینه‌وه‌)یه‌ وه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ ئێمه‌ سكاڵا ده‌جوڵێنین ئه‌گه‌رنا هیچ داوایه‌ك نه‌جوڵێنراوه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ كه‌سێكه‌وه‌ جا كه‌سه‌كه‌ حكومی بێت یا حیزبی یاخود هه‌ركه‌سی تر ئه‌وه‌ ده‌بێت خۆی له‌ڕێگای خۆی یا پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ سكاڵا تۆماربكات."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌ماوه‌كانی ڕابردوو كه‌ ڕۆژنامه‌نوس له‌هه‌ولێر ده‌ستگیركرا و ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ له‌سه‌ر سكاڵای پارێزگاری هه‌ولێر بووه‌ له‌ڕێگای داواكاری گشتیه‌وه‌ تۆماری كردووه، ئایا ئه‌و سكاڵایه‌ وه‌ك كه‌سی نه‌بوو كه‌ ئێوه‌ جوڵاندتان؟

دادوه‌ر پشتیوان سمكۆ له‌وه‌ڵامدا وتی" خۆی دوو-سێ سكاڵا تۆماركرابوون یه‌كێكیان هی ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا بوو، ئه‌وی تر هی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس وه‌ پارێزگار به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌ بوو كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی دااموده‌زگای گشتی و "مه‌عنه‌وین" .

" ناكرێت ئازادی ڕۆژنامه‌نوسی به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ بێێت كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كاری ڕۆژنامه‌وانی یاسا پێشێل بكات و دوایش بڵێت ده‌بێت ئه‌و یاسایه‌م به‌سه‌ردا جێ به‌جێ بكرێت. "

ده‌رباره‌ی ده‌ستگیركردن و مانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوس له‌زیندان؟ له‌كاتێكدا ده‌وترێت به‌پێی یاسای ژماره‌ (35) یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی له‌هه‌رێم ڕۆژنامه‌نوس ده‌ستگیر ناكرێت و به‌كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێت؟

وته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان وتی" ڕاسته‌ ڕۆژنامه‌نوسان یاسای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ به‌ڵام كاری ڕۆژنامه‌نوسی له‌ یاساكه‌ له‌مادده‌ی (6-9) دیاریكردووه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌وان ئه‌گه‌ر هه‌واڵێكی ناڕاستی بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌وا به‌پێی یاساكه‌ ماوه‌ی 90 دانراوه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌رنا ڕۆژنامه‌وانه‌كه‌ غه‌رامه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام جاری واهه‌یه‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كاری ڕۆژنامه‌وانی وه‌ك هه‌ر كه‌سێك پێشێلكاری ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ ئه‌وكات یاساكه‌ ژماره‌ 111ی ساڵی 1969 یاسای سزادانی عیراقی به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ وه‌ك هه‌ركه‌سێكی تر ده‌ستگیرده‌كرێت، بۆ نمونه‌ ڕۆژنامه‌نوس تاوانی وه‌ك (دزی- ته‌شبیه نه‌بێت وه‌ ڕێزم بۆ ڕۆژنامه‌نوسان هه‌یه‌ یا فێڵ و خیانه‌ت بكات یاخود بێت له‌ ته‌له‌فزێۆن یا فه‌یس بووكی خۆیانه‌وه‌ ناوی خه‌ڵك بزڕێنێێت ئه‌وكات یاسای سزادانی عیراقی له‌سه‌ر جێ به‌جێ ده‌كرێت واته‌ ناكرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كه‌ی خۆی كه‌ له‌كاتی كاردا بێت بۆ ڕۆژنامه‌ و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی بێت قسه‌ بكات له‌ناو خه‌ڵك و فه‌یس بووك و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر یا وێب سایتی خۆی دواتر بڵێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ڕۆژنامه‌وسم."

دادوه‌ر سمكۆ پشتیوان ده‌شڵێت" ناكرێت ئازادی ڕۆژنامه‌نوسی به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ بێێت كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كاری ڕۆژنامه‌وانی یاسا پێشێل بكات و دوایش بڵێت ده‌بێت ئه‌و یاسایه‌م به‌سه‌ردا جێ به‌جێ بكرێت، بۆ نمونه‌ له‌ تاوانی بینراو (جریمه‌ی مشهوده‌) هه‌ندێكجار په‌رله‌مانتاره‌ یا دادوه‌ره‌ بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی مه‌رجه‌عی وه‌ربگیرێت وه‌ حه‌سانه‌كه‌ی لێ وه‌رگیرابێێته‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بۆ ڕۆژنامه‌نوسیش هه‌روایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر مادده‌یه‌ك له‌كاری ڕۆژنامه‌وانی باس نه‌كرابوو ئه‌وكات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر یاسا گشتیه‌كه‌ كه‌ یاسای سزادانی عیراقیه‌."

"ڕۆژنامه‌نوس: هه‌ركه‌سێك له‌بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریدا له‌هه‌ر كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندندا له‌هه‌ر كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندندا كارده‌كات( به‌پێی مادده‌ی یه‌كه‌م\پێنجه‌م) له‌یاسای كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌پێی پێناسه‌ی یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژنامه‌وان هه‌ركه‌سێكه‌ كه‌كاری ڕۆژنامه‌وانی ده‌كات و ئه‌ندامی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانه‌؟

له‌وه‌ڵامدا دادوه‌ر پشتیوان ده‌ڵێت" باشتره‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ڕۆژنامه‌نوسان خۆیان بكه‌ن من ته‌نها له‌سه‌ر یاساكه‌ی كاری ڕۆژنامه‌وانان قسه‌ ده‌كه‌م."

"دادگا ده‌رگای كراوه‌یه‌، وه‌ داواكاری گشتیش ده‌رگای كراوه‌یه‌ "

دوێنێ ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ڕاپۆرتێكدا له‌ ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی باسی له‌ده‌ستگیركردن و مانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوس ده‌كرد له‌ناو زیندانه‌كان و لێپرسینه‌وه‌ی ئاسایش له‌ڕۆژنامه‌نوسان له‌زاری زریان محه‌مه‌د یه‌كێك له‌ڕۆژنامه‌نوسه‌كانی سلێمانی بڵاویكردبوه‌وه‌ ئاسایش ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ی ده‌ستگیركرده‌وه‌ و پاش لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكردبوه‌وه‌،ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ندێكجار ڕۆژنامه‌وانان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌ه‌كرێن له‌كاتێكدا به‌پێی یاسای ژماره‌ (04) ی ساڵی 2011 ئیختساساتی ده‌زگاكانی ئاسایش دیاركراوه‌ ئایا ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا نیه‌؟

له‌وه‌ڵامدا دادوه‌ر پشتیوان سمكۆ ده‌ڵێت" هه‌روه‌ك هه‌موو ده‌زگاكانی تر به‌پێی ڕێنماییه‌كان "ئیختساسی نه‌وعی" بۆ ده‌زگاكانی ئاسایش دیاریكراوه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌كاری تیرۆر و ڕفاندن و مادده‌ی هۆشبه‌ر و به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌یاساكه‌دا هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌وترێت ڕۆژنامه‌نوسێك له‌سلێمانی ده‌ستگیركراوه‌ له‌كاتی كاره‌كه‌یدا له‌سلێمانی جگه‌ له‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌ به‌ڵێننامه‌ی پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌ من ئاگاداری ئه‌وه‌ نیم و زانیاریم نیه‌ لێدوان ناده‌م به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌گه‌ر پێشێلی مافی وه‌ك شه‌خس كرابێت ئه‌وا دادگا ده‌رگای كراوه‌یه‌، وه‌ داواكاری گشتیش ده‌رگای كراوه‌یه‌ ده‌توانێت بێت و سكاڵای یاسایی خۆی تۆماربكات وه‌ ئێمه‌ به‌دواداچونی ته‌واوی بۆ ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ پێشێلی مافیان كرابێت چونكه‌ داواكاری گشتی له‌كوردستان به‌رپرسیاره‌ له‌مافی گشتی جا مافه‌كه‌ لای حكومه‌ت بێت ین ڕێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان بێت یان خه‌ڵكێكی مه‌ده‌نی بێت له‌زاخۆوه‌ تا خانه‌قین به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌ جیاوزه‌كان و ڕێكخراو و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان واته‌ داواكاری گشتی به‌رگری له‌مافی هه‌مووین ده‌كات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:05 0:00


XS
SM
MD
LG