Accessibility links

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی: وای نابینم هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كان و شه‌پۆله‌كانی كۆرۆنادا بێت


د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی پزیشكی ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا له‌كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا هه‌روه‌ها مامۆستا له‌كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی له‌م وتووێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌سه‌ر پرسی كۆرۆنا ڤایره‌س و ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی نوێ ڤایره‌سه‌كه‌ له‌كوردستان و مه‌ترسیه‌كانی هه‌روه‌ها وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌دات له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ بۆچوونی چیه‌ له‌سه‌ر داواكاری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری توندكردنه‌وه‌ی ڕێ و شوێنه‌كان و درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ وای نابینم هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی و شه‌پۆله‌كانی كۆرۆنادا بێت ئه‌گه‌ر هاوڵاتی متمانه‌ی پێبدرێت و بژێوی بۆ دابینبكرێت، تۆماركردنی ئه‌و كه‌یسه‌ نوێیانه‌ یا به‌رزبونه‌وه‌ی ژماره‌ی كه‌یسه‌كان له‌ئێستادا مانای مه‌ترسی و شه‌پۆلی نیه‌ به‌ڵكو مانای به‌رده‌وامی كه‌یسه‌كانی پێشووه‌" د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی وای وت"


"شه‌پۆله‌كانی كۆرۆنا ڤایره‌س "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی وتی" كۆرۆنا ڤایڕه‌س بۆخۆی كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته‌ ناوه‌وه‌، یه‌كێك له‌و زاراوانه‌ پێی ده‌وترێت شه‌پۆله‌كانی كۆرۆنا ڤایڕه‌س كه‌ له‌چه‌ند مه‌جالێكدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، لێره‌ هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ ئه‌م شه‌پۆله‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێك ده‌داته‌وه‌و ده‌یانه‌وێت وه‌كو دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدا بۆ هاوڵاتی باس بكه‌ن، هه‌ر بۆنمونه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌ڵێك شه‌پۆل دروست بوو له‌سه‌ره‌تادا به‌ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌ستی پێكرد وای لێهات تا ده‌هات شه‌پۆله‌كان ورده‌ ورده‌ بچكۆله‌ ده‌بونه‌وه‌، وه‌ له‌گه‌ڵیشیدا شه‌پۆلێكی تر دروست ده‌بوو كه‌ پێی ده‌وترا شه‌پۆلی مردن، له‌ كوردستاندا له‌سه‌ره‌تای مانگی سێ وه‌ كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تمان ده‌ستنیشان كرد، وه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی سێ وه‌ چوار حاڵه‌تی مردن هه‌بوو ئیتر ورده‌ ورده‌ شه‌پۆله‌كه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ پێی ده‌وترێ شه‌پۆلی حاڵات له‌كوردستاندا."

د.قه‌ره‌داغی ئه‌وه‌شی وت" له‌ كوردستان دیارده‌یه‌ك دروست بوو پێی ده‌وترا شه‌پۆلی شاره‌كان، له‌سه‌ره‌تا له‌ سلێمانی شه‌پۆلی گه‌وره‌ی تێدا بوو به‌ڵام له‌ هه‌ولێر شه‌پۆله‌كه‌ی بچوك بوو، شه‌پۆله‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و دهۆك هیچی تیا نه‌بوو. له‌پڕ ڕووداوێك دروست بوو ،پرسه‌یه‌ك دروست بوو شه‌پۆله‌كه‌ی شاری هه‌ولێر به‌رز بوویه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش پێی ده‌وترێت شه‌پۆلی دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كان، ئه‌وه‌ی كه‌ده‌وترێت شه‌پۆلێكی تر به‌ڕێوه‌یه‌، بۆچونێكی هه‌ڵه‌یه‌ چونكه‌ هێشتا له‌ كوردستان ئه‌و شه‌پۆله‌ی نزم بۆته‌وه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌، له‌ كوردستان ڕامان نه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ كه‌یس نه‌ماوه‌، هه‌ركاتێك له‌ كوردستان ڕامانگه‌یاند كه‌ له‌كوردستان هیچ كه‌یسێك نه‌ماوه‌ و له‌دوای دوو هه‌فته‌ شه‌پۆلی تازه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ پێی ده‌وترێ شه‌پۆلی دووه‌م، له‌م 72 كاتژمێره‌ی كۆتایی نزیكه‌ی 8 تا 12 كه‌یسمان هه‌یه‌."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا تۆماركردنی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ شه‌پۆلی نوێیه‌؟ ئه‌و پسپۆڕه‌ی نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا وتی" نه‌خێر شه‌پۆلی نوێ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ هه‌ربه‌رده‌وامی یه‌ و زیاد بوونی ژماره‌یه‌، ئه‌م كه‌یسانه‌ی كه‌ تۆمار كراون لێكه‌وته‌ی كه‌یسه‌كانی پێشوون، ئێمه‌ تاكو ئێستا ڕامان نه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ هیچ جۆره‌ كه‌یسێكمان نه‌ماوه‌، كه‌ره‌نتینمان هه‌یه‌ تا ئێستاش، جاری وایه‌ كه‌ 14 ڕۆژ كه‌ره‌نتینه‌ كراوه‌، هه‌فته‌یه‌كیش له‌ماڵه‌وه‌ ده‌بێت له‌پڕ نیشانه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ر به‌رده‌وامی شه‌پۆلی یه‌كه‌مه‌ له‌ ئاسێكی زۆر نزمدا."

" وای نابینم كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی شه‌پۆله‌كانی كۆرۆنادا بێت "

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی به‌دوری ده‌زانێت هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م شه‌پۆله‌كانی تری كۆرۆنا ڤایره‌س بێت و ده‌ڵێت" من وای نابینم كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی شه‌پۆله‌كانی كۆرۆنادا بێت. شه‌پۆله‌كانی كوردستان له‌ سێ بواردا خۆی ده‌نوێنێت یه‌كه‌م شه‌پۆله‌كه‌ ناوخۆیی یه‌ ئێمه‌ پێی ده‌ڵێین قه‌ره‌باڵغی دروست مه‌كه‌ پێی ده‌وترێت سۆشیاڵ دیستانس " "Social distance له‌ناو كوردا شتێكی تر هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت " mental resistanceواته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ڕووی فه‌رهه‌نگی یه‌وه‌ و له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه‌ ڕه‌فزی سۆشیاڵ دیستانس/ دووری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ین، واته‌ پێیان خۆش نیه‌ حاڵی كۆمه‌ڵایه‌تیان تێك بچێت كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات حاڵه‌تی پۆزه‌تیڤ زیاد بكات. حاڵه‌تی پۆزه‌تیڤ هه‌یه‌ تا ئێستا ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌ به‌ڵام نیشانه‌یان نیه‌، ئه‌م شه‌پۆله‌ پێی ده‌وترێت زیاد بوونی كه‌یس كه‌ په‌وه‌ندی به‌ ناوخۆی خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌كوردستاندا به‌شی یه‌كه‌می لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌. حاڵه‌تی دووه‌م كه‌ ده‌بێت لێی بترسین ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ جارێكی تر دروست ببێته‌وه‌ له‌دوای كۆنتڕۆڵ كردنی ڤایڕه‌سه‌كه‌ دوای دوو هه‌فته‌ ئه‌گه‌ر سنوره‌كان بكرێته‌وه‌ ئه‌وكات حاڵه‌تمان له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ دێته‌وه‌، ئه‌مه‌ پێی ده‌وترێت شه‌پۆلی دووه‌م و كه‌یسی تازه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دێته‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتی" ئێستا ڕێ و شوێنی زۆر باش ده‌كرێت ، پشكنینی به‌رده‌وام هه‌یه‌، حاڵه‌تێكیش ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێته‌وه، خێرا كۆنتڕۆڵی ده‌كه‌ن، شه‌پۆلی دووه‌م ئه‌گه‌ر دروست بێته‌وه‌ یان له‌ ئێرانه‌وه‌ یاخود له‌ عێراقه‌وه‌ دێت، شه‌پۆلی سێ یه‌م سه‌رله‌نوێ دروستبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایڕه‌س له‌كوردستاندا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌وه‌ دێنه‌وه‌ من له‌وه‌ ده‌ترسم چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ دێنه‌وه‌ بۆچونیان جیاوازه‌ له‌خه‌ڵكی خۆمان واته‌ به‌ سوك سه‌یركردنی بارودۆخه‌كه‌یان هه‌یه‌."

"حكومه‌تی هه‌رێم ئیجرائاتی كردووه‌ وه‌كو هه‌موو وڵاته‌كانی تر، شتێكی زیاده‌ی نه‌كردووه‌ له‌ خه‌ڵكی تر ئه‌وه‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی یه‌ ئه‌گه‌ر كادیرێكی حیزب بڵێت پیاوه‌تیه‌كه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌."

ده‌رباره‌ی شلكردنه‌وه‌ی ڕێ و شوێنه‌كان و كردنه‌وه‌ی بازاڕ ؟ د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌، ناكرێت خه‌ڵك له‌ماڵه‌وه‌ بێت و پاره‌ی نه‌درێتێ،خه‌ڵك بێتاقه‌ت بووه‌ وای لێهاتوو كه‌ ناتوانین له‌گه‌ڵ خه‌ڵك قسه‌ بكه‌ین ئه‌وه‌تا نزیكه‌ی 50 ڕۆژه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، خه‌ڵك ده‌ڵێت با به‌ كۆرۆنا بمرم باشتره‌."

د.كامه‌ران ڕاشیگه‌یاند" ئه‌م حكومه‌ته‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ حكومه‌تی قه‌یرانه‌كانه‌.ئه‌و حكومه‌ته‌یه‌ كه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك كۆمه‌ڵێك كێشه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ به‌سه‌رخۆیاندا و هه‌میشه‌ له‌ڕووی ته‌كتیكیه‌وه‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ جاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. مه‌عقول نیه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك 5 ملیۆن كه‌سه‌ ، 5 ساڵه‌ سه‌رقاڵیان كردووه‌ به‌ موچه‌وه‌ كه‌ مووچه‌ له‌ جیهاندا كه‌س نابێت ده‌ستكاری بكات. 5 ساڵه‌ هه‌ست و كه‌رامه‌تی ئینسان له‌ مه‌عاشدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، به‌ناوی نیشتیمان په‌روه‌ریه‌وه‌ ده‌ستیان خستۆته‌ بینه‌قاقای خه‌ڵكه‌وه‌. خه‌ڵك وای لێهاتووه‌ كه‌ هیچ متمانه‌یه‌كی به‌م حكومه‌ته‌ نه‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌."

د.كامه‌اران قه‌ره‌داغی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌وترێت ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێ و شوێنانه‌ی حكومه‌ت نه‌بونایه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ مه‌ترسیدار ده‌بوو؟ وتی" حكومه‌تی هه‌رێم ئیجرائاتی كردووه‌ وه‌كو هه‌موو وڵاته‌كانی تر، شتێكی زیاده‌ی نه‌كردووه‌ له‌ خه‌ڵكی تر، یه‌كێك له‌ ئیشه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ له‌نێوان خه‌ڵك و حكومه‌تدا دروست بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی یه‌ ئه‌گه‌ر كادیرێكی حیزب بڵێت پیاوه‌تیه‌كه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌."

ڕونیكرده‌وه‌" ئه‌و حاڵه‌تانه‌نه‌ی له‌كوردستاندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێویستی به‌ داخڵ بوون نه‌بووه‌. ئێمه‌ فێر بووین چۆن مامه‌ڵه‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ كۆرۆنا ڤایڕه‌س له‌ كوردستاندا بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زیاتر له‌ 75% له‌ ده‌ساڵ بۆ په‌نجا ساڵ توشی بووه‌، له‌ 15% له‌سه‌رو په‌نجا ساڵه‌وه‌ تا هه‌شتا ساڵ بووه‌.له‌ 10% تری له‌ژێر ده‌ ساڵیه‌وه‌ بووه‌.له‌ 355حاڵه‌ت ، 4 حاڵه‌تی مردوومان هه‌یه‌ كه‌ كۆرۆنا ڤایڕه‌س تیایدا پۆزه‌تیڤ بووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئیتاڵیاو ئیسپانیا و فه‌ِره‌نسا كرا ئه‌وان ژیانی پیره‌كانیان جۆرێكی ترن، ژیانیان له‌ خه‌ڵوه‌تگه‌ی پیری یه‌، ئێمه‌ خه‌ڵوه‌تگه‌ی پیریمان نیه‌.ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی تر زیاتره‌.خه‌ڵك ڕه‌چاوی زۆر شتی ده‌كرد."

"كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی كۆرۆنادا نیه‌ "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ده‌وترێت كوردستان مه‌ترسی كۆرۆنای له‌سه‌ر ماوه‌ و له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌؟ د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت" كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی كۆرۆنادا نیه‌. مه‌ترسی كه‌یسی زیاتر ده‌بینم كه‌ ئه‌وه‌ش به‌مه‌ترسی گه‌وره‌ی نابینم."

وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ قسه‌كانی پێشووی له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، كه‌ڕایگه‌یاندبوو "به‌بۆچونی من هه‌تاوه‌كو 25 و26 مانگی 4 به‌شێوه‌یه‌ك كواره‌نتینه‌ به‌رده‌وام بێت و یارمه‌تی خه‌ڵك بدرێ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان واته‌ وا له‌ خه‌ڵك نه‌كه‌یت كه‌ بێزار بێت"

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی جه‌ختیكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت" من پێم وایه‌ كۆتایی مانگی 8 به‌گشتی كۆرۆنا ڤایڕه‌س نامێنێت له‌ جیهاندا،مه‌گه‌ر حاڵه‌تی تۆپه‌ڵ تۆپه‌ڵ له‌شوێنێكدا بمێنه‌ت، بۆ كوردستانیش سه‌ره‌تای مانگی 5. ئێستا له‌ناو مه‌ركه‌زی سلێمانی 3 حاڵه‌تمان هه‌یه‌."

"ده‌توانرێت به‌م مه‌رجانه‌ بڕیاری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان بدرێت "

سه‌باره‌ت به‌ داواكاری بۆ كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان به‌ڕووی نوێژخوێناندا، د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت" ئێستا خه‌ڵك ماسك ناكات، خه‌ڵك هه‌یه‌ خۆپیشاندان ده‌كات ، جیاوازی مزگه‌وت له‌و شوێنانه‌ی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مزگه‌وت زیاتر خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌نی تێ ده‌چێت. ئه‌گه‌ر نوێژكردن به‌شێوه‌یه‌ك بوایه‌ كه‌ له‌دووری سێ مه‌تره‌وه‌ بوایه‌وه‌ من هیچ مه‌ترسیه‌كی ترم نه‌ده‌بینی وه‌كو ئه‌و مه‌ترسیه‌ی كه‌ له‌شاردا ده‌یبینم . ئه‌گه‌ر له‌مزگه‌وته‌كاندا سابون و مادده‌ی پاككه‌ه‌ره‌وه‌ به‌كاربهێنن و ده‌بێت هه‌مووی ماسكی پێ بێت، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام هه‌ر شوێنێكی قه‌ڕه‌باڵغی به‌ مزگه‌وتیشه‌وه‌ بكرێته‌وه‌ به‌ڵام ده‌بێت سیسته‌مێكی بۆ دابنرێت كه‌ دوور له‌یه‌كتری بن له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ شوێنی داخراودا چڕی ڤایڕه‌س زۆر ده‌بێت، هیوادارم كه‌ كرایه‌وه‌ هه‌موو نوێژخوێنان ماسكیان پێبێت وه‌ ماوه‌ی نێوانیان دوو مه‌تر له‌یه‌كه‌وه‌ دوور بن و ده‌ستیان به‌ سابون بشۆن زۆر گرنگه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌ی تیا بوو به‌بۆچونی من مزگه‌وته‌كان بكرێنه‌وه‌، ئێستا خه‌ڵك بێزاریه‌كی زۆری هه‌یه‌ من بڕوام وایه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نه‌یتوانی له‌ دوو هه‌فته‌دا موچه‌ دابه‌ش بكات، دۆخی كوردستان زۆر خراپ ده‌بێت، كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا ده‌بێت."

هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ڕه‌نگه‌ نوێژخوێنان بڵێن خۆ له‌بازاڕدا قه‌ره‌باڵغی زۆر هه‌یه‌ ماوه‌ی نێوانیان دوو مه‌تر نیه‌ بۆچی بۆ بازاڕه‌كان ئه‌و مه‌رجه‌ نیه‌؟

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی وتی" ئه‌و قسه‌یه‌ش ڕاسته‌ به‌ڵام مزگه‌وته‌كان خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌ن زیاتر ده‌چێت كه‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش بۆ كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن مه‌ترسیدارن، ئه‌گه‌ر كرا مزگه‌وت بۆ كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن به‌ته‌نها جیابكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ باشتر ده‌بێت."

" وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌نده‌ی گوێ له‌ كادێرێكی حیزبی خۆی ده‌گرێت ، ئه‌وه‌نده‌ گوێ له‌ ئێمه‌ ناگرێت، ئێستا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نابینم تا درێژبكرێته‌وه‌ "

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا له‌كۆتا به‌شه‌كانی وتووێژه‌كه‌ودا وتی" من پێم وایه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌ندی گوێ له‌ كادێرێكی حیزبی خۆی ده‌گرێت ، ئه‌وه‌نده‌ گوێ له‌ ئێمه‌ ناگرێت.بۆ نمونه‌ زۆرجار ئێمه‌ پێمان باش بوو كه‌ شتێك به‌شێوه‌یه‌كی تر بكرێ له‌پرۆسه‌ی كۆرۆنا ڤایڕه‌سدا ، كه‌ ئیجرائات كراوه‌ زۆرجا ئیجرائاتی سه‌ربه‌خۆ كراوه‌.

ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كه‌ به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم تا 05/02 ده‌خایه‌نێت؟ د.كامه‌ران وتی" من ئێستا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نابینم تا درێژبكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌پشكنینی خه‌ڵكدا حاڵه‌ت بدۆزرێته‌وه‌ پێویست ناكات قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژبكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر 100 حاڵه‌تی تر بدۆزینه‌وه‌ ده‌بێت دیسانه‌وه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵك ئێستا هه‌موو شتێك به‌ گه‌مه‌ی سیاسی سه‌یر ده‌كات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:24 0:00


XS
SM
MD
LG