Accessibility links

د.ده‌رباز محه‌مه‌د: گرژییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌شێكی زۆری دروستكراون، به‌تایبه‌ت باسكردن له‌جیاوازی كردن له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی


د.ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رنی عیراقی

د.ده‌رباز محه‌مه‌د ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م وتووێژه‌دا باس له‌ داواكاری و ده‌سپێشخه‌رییان ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی دوو قۆڵی بێ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوكات وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌داته‌وه‌ دوای ئه‌و واده‌یه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ داینابوو بۆ حكومه‌ت( شه‌ش مانگ) له‌ئێستادا گۆڕان هه‌ڵوێستی چیه‌ له‌سه‌ر به‌شداریكردنیان له‌حكومه‌تی هه‌رێم؟

"به‌شی زۆری ئه‌و بابه‌ته‌ دروستكراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی باسی جیاوازی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كرێت به‌ڵێ له‌هه‌موو دنیادا پایته‌خت به‌حوكمی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی لێیه‌ زیاتر موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی ده‌كات "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ئه‌ندامه‌كه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رباره‌ی به‌یاننامه‌كه‌یان بۆ ده‌سپێشخه‌ری كردن بۆ كۆبونه‌وی سێ قۆڵی ده‌ڵێت" ئێمه‌ له‌ سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتیمان وه‌كو هێزێكی سیاسیبه‌ تایبه‌ت كه‌ به‌شدارین له‌ حكومه‌ت، به‌رپرسیارێتی بارودۆخی خه‌ڵك ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆمان، سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ی (زینی وه‌رتێ) بوو به‌ بابه‌تی میدیایی و بابه‌تی سیاسی نێوان ئه‌و دوو پارته‌(پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) یه‌كه‌م ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌یكه‌ن هیچ پێویست نیه‌ وه‌ هیچ پاساوێك نیه‌ به‌به‌یاننامه‌ و به‌یاننامه‌كاری بكرێت، پێم وایه‌ به‌شی زۆری ئه‌و بابه‌ته‌ دروستكراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی باسی جیاوازی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كرێت به‌ڵێ له‌هه‌موو دنیادا پایته‌خت به‌حوكمی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی لێیه‌ زیاتر موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی ده‌كات به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌نیه‌ پارێزگاكانی تر بێ به‌ش بن له‌ده‌سه‌ڵاته‌كان، دووه‌م ئێمه‌ ئێستا حكومه‌تێكی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، سه‌رۆكایه‌تیه‌كی هه‌رێمی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، په‌رله‌مان نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تێدایه‌ له‌ ئێستادا هیچ جۆره‌ پاساوێك نیه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ به‌یاننامه‌ یان به‌ هێزی چه‌كدار گفتوگۆ بكه‌ین بڕوامان وایه‌ به‌شی زۆری ئه‌و بابه‌ته‌ دروستكراوه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ قه‌وانێكی كۆنه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرجار گه‌رم ده‌كرێته‌وه‌، پێمان وایه‌ ئامانجی به‌رته‌سكی حیزبی تێدایه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شێك نیه‌ له‌ داكۆكی به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌."

"پارێزگاری سلێمانی نه‌یوت حكومه‌تی هه‌رێم بودجه‌ی سلێمانی نانێرێت و جیاوازی ده‌كات، وتی هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ ئێمه‌ خۆشمان قسه‌مان له‌گه‌ڵ كرد "

به‌ڵام بابه‌تی جیاوازی كردنی نێوان شاره‌كان و گوێ نه‌دانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌زاری كاندیدی ئێوه‌ له‌پۆستی پارێزگاری سلێمانیه‌وه‌ بڵاوبوه‌وه‌ یه‌كه‌مجار، وه‌ كاندیده‌كه‌ی ئێوه‌ گله‌یی ده‌كرد كه‌حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی سلێمانی ناداته‌وه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی هاتووه‌ بۆ هه‌رێم نه‌دراوه‌ به‌سلێمانی؟

له‌وه‌ڵامدا د.ده‌رباز محه‌مه‌د ده‌ڵێت" نه‌خێر به‌ڕێز پارێزگار وتی، هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌ نیه‌، كه‌ پارێزگار وتی هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ واته‌ هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌ولێر و نه‌گه‌یشتۆته‌ دهۆكیش، مانای ئه‌وه‌ نیه‌ سته‌مكرابێت له‌سلێمانی ئه‌وه‌تا به‌ڕێز پارێزگاری هه‌ولێریش ده‌ڵێت ئێمه‌ش مه‌غدروین، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ نابێت به‌و نه‌فه‌سه‌ كاربكه‌ین مادام گفتوگۆ وه‌ یه‌ك حكومه‌ت و یه‌ك په‌رله‌مان و یه‌ك دۆسیه‌ی هاوبه‌شی ئه‌م میلله‌ته‌، وه‌ من ئه‌وه‌ ڕاست بكه‌مه‌وه‌ ، پارێزگاری سلێمانی وتی نه‌گه‌یشتووه‌ وه‌ خۆشمان قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه‌ هه‌ر وایوت ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ هه‌رنایه‌ت ناگات، ئه‌گه‌رنا هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌ولێر و دهۆك و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ش مه‌به‌ستی پارێزگار ئه‌وه‌بوو كه‌ خه‌ڵك داوای لێده‌كات ئه‌ویش ده‌ڵێت"كاكه‌" هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ستی من تا بیده‌م به‌ ئێوه‌."

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگا و ئه‌نجومه‌نی پارێزگامان هه‌یه‌، كاتێك واده‌زانرێت غه‌در له‌سلێمانی ده‌كرێت، ده‌توانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌و غه‌دره‌ی كردووه‌، بانگی ده‌كه‌یت له‌ په‌رله‌مان لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.مه‌به‌ستم له‌ دروستكراو ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌ڵێن مه‌به‌ستیان به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك نیه‌."

"یه‌كێتی و پارتی كه‌ داده‌نیشن هیچ پێویستیان به‌ نێوه‌ندگیری نیه‌. "

د.ده‌رباز محه‌مه‌د وتیشی" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی و پارتی قسه‌مان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خاڵێك دابنێن و بڵێن ئیتر به‌سه‌ ئه‌م جۆره‌ گرژیه‌ له‌ڕێگای به‌یاننامه‌وه‌ هیوامان وایه‌ به‌زوویی ئه‌م بارگرژیه‌ نه‌مێنێ و قه‌ناعه‌تیشمان وایه‌ كه‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بانگهێشتی كۆبونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی نه‌كراوه‌ كه‌ واباس ده‌كرێت ڕه‌نگه‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ كۆبونه‌وه‌ی دوو قۆڵی ئه‌نجام بده‌ن؟

د.ده‌رباز محه‌مه‌د ده‌ڵێت" بۆ ئێمه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بارگرژییه‌ نه‌مێنێت ئێمه‌ هه‌م له‌گه‌ڵ پارتی هیچ كێشه‌مان نیه‌ له‌گفتوگۆ و دانیشتنداین، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی-ش به‌تیلفۆن په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ دانیشتنی فه‌رمی لای ئێمه‌ گرنگ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ نه‌مێنێت ئه‌وه‌ گرنگ نیه‌ به‌سێ قۆڵی داده‌نیشین یا به‌دووقۆڵی، خۆیان یه‌كێتی و پارتی بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتر ببینین پێویستیان به‌كه‌س نیه‌، یه‌كێتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌یه‌ یه‌كێتی و پارتی له‌یه‌ك دانه‌بڕاون، گرژییه‌ك هه‌یه‌ پێمان وایه‌ دروستكراوه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت."

" دوو ئیداره‌یی ته‌نها دروشمێكه‌ و به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك ئه‌گینا كه‌س له‌گه‌ڵ دوو ئیداره‌یی نیه‌ "

ده‌رباره‌ی بانگه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی و هه‌ڵوێستی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، د.ده‌رباز محه‌مه‌د ده‌ڵێت"به‌داخه‌وه‌ ئه‌زموونی دوو ئیداره‌یی په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شه‌ به‌ ناوچه‌وانی ئه‌زموونی سیاسی و مێژووی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیین باس له‌مه‌سه‌له‌ی دوو ئیداره‌یی بكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تا سه‌ر ئێسقان شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو قه‌زاو ناحیه‌و پارێزگایه‌ك كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی لامه‌ركه‌زی خۆی هه‌بێت كه‌ هه‌ركارێك له‌ قه‌زایه‌ك له‌ڕێگه‌ی قایمقامیه‌ته‌وه‌ ته‌واو بێت پێویست نه‌كات بێته‌ سلێمانی، ئێمه‌ پێمان وایه‌ هیچ ئه‌زمونێكی حكومڕانی سه‌ركه‌وتوو به‌بێ لامه‌ركه‌زیه‌تێكی ئیداریی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دیموكراتی ڕێكوپێك دروست نابێت و سه‌رناكه‌وێت و خزمه‌تی خه‌ڵك ناكات، ئێمه‌ پێمان وایه‌ دوو ئیداره‌یی ته‌نها دروشمێكه‌ و به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك ئه‌گینا كه‌س له‌گه‌ڵ دوو ئیداره‌یی نیه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌زۆر باسی ده‌كه‌ن ڕاست ناكه‌ن، دوو ئیداره‌یی مه‌به‌ستم به‌ ده‌سته‌واژه‌ی 1998 كه‌ دابڕان بوو."

وتیشی" دوو ئیداره‌یی ناچێته‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ كه‌سه‌وه‌، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی واپیشان بدرێت كه‌داكۆكی له‌خه‌ڵكێك ده‌كه‌ن داكۆكی له‌سلێمانی ده‌كه‌ن هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن."

د.ده‌رباز محه‌مه‌د جه‌ختیكرده‌وه‌ گرژییه‌كانی ئێستای نێوان پارتی و یه‌كێتی" به‌دڵنیایه‌وه‌ خه‌ڵكی سیاسی دروستی ده‌كات، به‌سته‌ڵه‌كی نێوان یه‌كێتی و پارتی تواوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام نه‌بووه‌ به‌ ئاو واته‌ ئه‌وان هێشتا له‌كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سێ ، چوار ساڵی ڕابردوودا ده‌ژین."

"ئێمه‌ هه‌رچی ڕه‌خنه‌ و تێبینی خۆمان هه‌بوو به‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی داومانه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان "

ده‌رباره‌ی ئه‌و واده‌یه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داینابوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌شداریكردنی له‌حكومه‌تدا ؟ د.ده‌رباز محه‌مه‌د ده‌ڵێت" ئێمه‌ هه‌رچی ڕه‌خنه‌ و تێبینی خۆمان هه‌بوو به‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی داومانه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان،كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو ئه‌و تێبینیانه‌ له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی سیاسی ئێمه‌ و پارتیه‌وه‌، جێ بكرێته‌وه‌ و چاك بكرێت."

ڕاشیگه‌یاند" هێشتا له‌قۆناغی ئه‌وه‌ین كه‌ بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر كه‌ به‌شێكیان ئاڵۆزن به‌تایبه‌تی بۆ مه‌سه‌له‌ی چاكسازی و ئه‌نجومه‌نی چاكسازی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ یاسایه‌ك ده‌ربكرێت، چه‌ند دانشتنێك كراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ هه‌ولێر پێش په‌تای كۆرۆنا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی پرۆژه‌ یاساكه‌ ته‌واو ببێت بۆئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت و ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ئه‌ركی چاكسازی بگرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:56 0:00


XS
SM
MD
LG