Accessibility links

بترۆس: كه‌یسی مسته‌فای سه‌لیمی گومانی له‌سه‌ره‌، به‌دڵنیایی هه‌ركات به‌ڵگه‌مان ده‌ست كه‌وت په‌نا ده‌به‌ین بۆ داواكاری گشتی


زیا بترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

زیا بترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" گومان هه‌یه‌ له‌كه‌یسی (مسته‌فای سه‌لیمی) بۆیه‌ ئه‌ركی داواكاری گشتی-یه‌ بێته‌ سه‌رخه‌ت پێش هه‌موو لایه‌ك چونكه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سومعه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌شڵێت" قسه‌م له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی كردووه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ داواكاری گشتی پێی وتم"ئێمه‌ به‌دواداچونی خۆمان ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌مان ده‌ست بكه‌وێت ، هه‌روه‌ها وتی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕوویدابێت ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌." بترۆس ده‌شڵێت" وابڕیاره‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ له‌جنێف باسی كه‌یسه‌كه‌ی مسته‌فای سه‌لیمی بكرێت،ئه‌گه‌ر بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ بدرێت، كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ به‌چاوێكی خراپ سه‌یری ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌كه‌داركردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ،له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤی تێیدا تۆكمه‌ و به‌هێزه‌."

" له‌ده‌ستوری عیراقیش ئه‌و كاره‌ موحه‌ره‌مه‌ "


له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان-عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ، ئه‌ركی ئێمه‌ چاودێریكردنی هه‌ر پێشێلكارییه‌كه‌، ئێمه‌ به‌پێی یاسا ڕێكخراوین، وه‌ئه‌ركی سه‌ره‌كیمان چاودێریكردنه‌، مه‌رج نیه‌ ئێمه‌ ڕووداو و بابه‌ته‌كان خۆمان بیبینین، زۆر سه‌رچاوه‌مان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی زانیاری یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ش ڕاگه‌یاندنه‌، میدیاكارانه‌، رۆژنامه‌نوسانه‌، سۆشیال میدیایه‌ و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، پاش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگاربووین كه‌ كه‌یسێكی وا هه‌یه‌، به‌ گرنگیه‌وه‌ وه‌رم گرت چونكه‌ ئه‌مه‌ لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرێت، وه‌ ئه‌مڕۆ فۆكس هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌و هه‌نگاوه‌ جوانانه‌ی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا ئه‌نجامی داوه‌، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، چونكه‌ له‌ ڕێكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقی ماده‌ بیست و یه‌ك بڕگه‌ی سێیه‌م، "موحه‌ره‌مه‌" ڕێگه‌ پێ نه‌دراوه‌ كه‌ په‌نابه‌ری سیاسی بێته‌ هه‌ر وڵاتێك ، نابێت ڕاده‌ست بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕویدابێت پێشێلكاری مافی مرۆڤ و ده‌ستوری عیراقیه‌."

زیا بوترس وتیشی" به‌داخه‌وه‌ كاتێك زانیم ئه‌و كه‌سه‌ له‌سێداره‌ دراوه‌، ئێمه‌ به‌دواداچونمان كرد، وه‌ داوام له‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئاسایشی سلێمانی و پێنجوێن كرد به‌خێرایی ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌ن تا بزانن "حه‌قیقه‌ت" چۆنه‌، وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كسه‌ر لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕاسپارد بۆ به‌دواداچوونی ئه‌نجامی ئه‌م دۆخه‌."

"لێره‌دا گومان هه‌یه‌، ئه‌ركی داواكاری گشتی-یه‌ بێته‌ سه‌رخه‌ت"


سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت" كاتێك ئێمه‌ هه‌ندێك زانیاریمان ده‌ستكه‌وت، په‌نا ده‌به‌ین بۆ داواكاری گشتی چونكه‌ ئه‌ركی داواكاری گشتی یه‌ كه‌ ئه‌و بێته‌ سه‌ر خه‌ت، وه‌ ئێمه‌ ئاگاداری لایه‌نی جێ به‌جێكردن كه‌ حكومه‌ته‌ ده‌كه‌ین كه‌ حاڵه‌تێكی وه‌ها هه‌یه‌، مه‌رج نیه‌ ده‌زگایه‌كی فه‌رمی حكومی ئاگادار بێت له‌هه‌رحاڵه‌تێك پاش ڕوونكردنه‌وه‌ی ئاسایشی سلێمانی و وه‌رگرتنی شاهێد حاڵ، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ تا ئێستا چه‌ند په‌یج و ئه‌كاونت و به‌یاننامه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ سورن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، كه‌واته‌ لێره‌ گومان هه‌یه‌، ده‌بێت به‌زووترین كات ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌سنیشانكراوه‌، ئه‌ركه‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات چونكه‌ هه‌ندێك زانیاریم هه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ خراپه‌ بۆ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."


ئایا له‌ڕێگای خۆتانه‌وه‌ داواتان له‌داواكاری گشتی كردووه‌ سكاڵا بجوڵێنن؟ زیا بترۆس ده‌ڵێت" ئێمه‌ نابێت سكاڵا تۆمار بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك كه‌ سكاڵا بنوسێ ، ده‌بێت به‌ڵگه‌ی هه‌بێت، ئێمه‌ تا ئێستا ئه‌و به‌ڵگانه‌مان به‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ چۆنه‌. ئه‌مه‌ دۆسێیه‌كی گشتیه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، پێویسته‌ داواكاری گشتی بێته‌ سه‌ر خه‌ت."


سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" داواكاری گشتی هه‌رێم پێی وتین ئێمه‌ به‌دواداچونی خۆمان ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌مان به‌ده‌ست بكه‌وێت، وه‌ وتی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕوویدابێت ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌."

"وابڕیاره‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ له‌جنێف باسی كه‌یسه‌كه‌ی مسته‌فای سه‌لیمی بكرێت،ئه‌گه‌ر بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ بدرێت، كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ به‌چاوێكی خراپ سه‌یری ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌."

زیا بترۆس سه‌باره‌ت به‌و زانیارییانه‌ی كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت" باش نیه‌ بۆ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان" ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم كۆمه‌ڵێكی مافی مرۆڤ هه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا داوایان كردووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی جنێف كه‌ به‌شێكه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كاتیان وه‌رگرتووه‌ بۆ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو له‌دانیشتی ژماره‌ 44 ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ باسی ئه‌م كه‌یسه‌ (كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی) بكرێت، كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان ئاراسته‌ی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ كردووه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ندێك شتیان هه‌یه‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ی خۆیان، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌م كه‌یسه‌(كه‌یسی مسته‌فای سه‌لیمی) ئه‌وانیش تیمێك بنێرن بۆ ئه‌م دانیشتنه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ بدرێت، ئه‌مه‌ له‌ڕووی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و" ئیلتزاماتی" ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌شێكه‌ له‌ عێراق، كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت."

بترۆس زیاتر وتی" واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و شته‌ ڕوویدابێت جا له‌لایه‌ن كارمه‌ندێكه‌وه‌ بێت یان مه‌فره‌زه‌یه‌كه‌وه‌ بووبێ وه‌ سه‌لمێنرا كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌ستكراوه‌، ئه‌مه‌ كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ به‌چاوێكی خراپ سه‌یری ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌."

" كاردانه‌وه‌ی له‌كه‌دار كردنی هه‌رێم ده‌بێت"


سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت" له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ كه‌یسێكی هه‌ستیاره‌ وه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ "سومعه‌ی" حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چونكه‌ ده‌زگایه‌كی حكومی تۆمه‌تبار كراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ من باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ زۆر هه‌ستیارانه‌ كاری خۆیان ئه‌كه‌ن وه‌ به‌دڵنیایشه‌وه‌ چاودێری ئیشه‌كانی ئه‌م لیژنه‌یه‌ ده‌كه‌ین، وه‌ له‌هه‌ر حاڵه‌تێكی پێشێلكاری كاره‌كانیدا، ڕاپۆرتی خۆمان ده‌بێت، زۆر له‌ ڕێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی و چالاكوانی مافی مرۆڤ و سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی حزب و سیاسی هه‌یه‌ له‌ كوردستان ئه‌وانیش ئاگادارن و له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بن، ئه‌گه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانی خۆی ئه‌نجامێكی باشی ده‌بێت."
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" بابه‌ته‌كه‌ تاكه‌ كه‌س نیه‌،بابه‌ته‌كه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ ئه‌مه‌ دۆسێیه‌كی گه‌وره‌یه‌و گرنگی پێده‌ده‌ین له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ڕاسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌ت نیه‌ به‌ڵام به‌شێكه‌ له‌ عێراق، وه‌ هه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ك كه‌ عێراق واژووی له‌سه‌ر كردووه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانیش پابه‌نده‌ پێی."

زیا بترۆس ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر ئه‌م شته‌ ڕاست ده‌رچوو، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قسه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن ئینجا ده‌بێته‌ نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ ئه‌مڕۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی تۆكمه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی و وڵاتانی تر نوێنه‌رمان هه‌یه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌كه‌دار كردنی هه‌رێم ده‌بێت،له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤی تێیدا تۆكمه‌ و به‌هێزه‌."

" به‌بۆچونی من باسكردنی ڕاستیه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش بێت، زۆر زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی ڕاستیه‌كان بشاردرێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌ت دانه‌ بۆ خه‌ڵكانێكی تر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌یسه‌ بۆ ئه‌جیندای خۆیان بقۆزنه‌وه‌ و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن." زیا بترۆس وای وت"

جه‌ختیكرده‌وه‌"ئێمه‌ خاڵی گه‌یاندنین كه‌ گوێبیستی هه‌ر پێشێلكاریه‌ك بین ده‌بێت به‌دواداچوونی خۆمان بكه‌ین و چاودێری بكه‌ین، ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین ڕاستیه‌كان به‌به‌ڵگه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:17:46 0:00


XS
SM
MD
LG